بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی خەزەڵوەر، پەرهام پەروەری، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شاری سەقز و لە دەستبەسەر کراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دوای ئەوەی لە ماوەی چەند حەفتەی ڕابردوودا لە زیندانی ئێرانشار لە لایەن ژمارەیەک لە بەندکراوانی دیکەوە لێی درابوو، بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەریی پزیشکی بۆ زیندانی ناوەندیی زاهیدان گواستراوەتەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە، دوای لێدان و ئازاردانی پەرهام پەروەری لە لایەن ژمارەیەک لە بەندکراوانی تاوانە ئاساییەکان و دواتر گواستنەوەی بۆ ژووری تاکەکەسی و چارەسەرکردنی ناوبراو بەشێوەیەکی ناپسپۆڕانە، ئاستی بینایی پەرهام بە سەختی تووشی لێڵی هاتووە. بەرپرسانی زیندانی ئێرانشار تا ئێستا هیچ ڕاپۆرتێکی فەرمی و ڕوونیان بە بنەماڵەی پەرهام پەروەری نەداوە و هۆکاری ئەو گواستنەوەیان بە پێڕاگەیشتنی پزیشکی لە زاهیدان ناو بردووە.