
ڕۆژی دووشەممە ٢١ی خەزەڵوەر، لانیکەم ١٩ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی جۆراوجۆر لە شارەکانی ئێران بەڕێوەچوو.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ڕۆژی دووشەممە خانەنشین کراوانی مۆخابەرات بەپێی ڕەواڵی هەموو حەفتەیەک لە ئاست وەدینەهاتنی خواستەکانیان لە شارەکانی، تاران، کرماشان، سنە، ئیسفەهان، ڕەشت، هەمەدان، زەنجان، ورمێ، مەریوان، برووجێرد و تەورێز، هاتنە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتییان دەربڕی. هاوکات ژمارەیەک لە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە تاران، چابەهار و یەزد، کۆمەڵێک لە خانەنشین کراوانی فەرهەنگی لە تاران و ژمارەیەک لە شۆفیر تاکسییەکانی خوێندنگاکان لە مەشهەد، لە ناڕەزایەتیی بە پێڕانەگەیشتن بە کێشە و گرفتەکانیان، دەستیاندایە کۆبوونەوە. لە لایەکی دیکەوە، ژمارەیەک لە کرێکارانی پێترۆشیمی ئابادان، کۆمەڵیک لە خوازیارانی یەکەی نیشتمانی لە ئیسلامشار و ژمارەیەک لە خاوەن پاسەکانی کرمان، لەئاست جێبەجێ نەکرانی خواستەکانیان و وەڵامنەدانەوەی بەرپرسانی پەیوەندیدار بە کێشەکانیان، بە شێوەی جیاجیا، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد.