فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

تاوانی شەڕی دەوڵەتی تورکیە بەرانبەر خەڵکی کوردستان لە سووریە
یەکشەممە ۰۴-۰۹-۱۴۰۳   |  24-11-2024

هێرشی ئاسمانی و بۆمبارانی بەردەوامی شار و گوندەکانی کوردستان لە سووریە لەلایەن دەوڵەتی فاشیستی ئەردۆغان لەماوەی یەک مانگی ڕابردوو، زەرەر و زیانی بێشوماری لێکەوتووەتەوە و بووەتە هۆی وێرانیی زیاتری ژێرخانەکانی نەوت و گاز، وزەخانەکان، ناوەندەکانی پۆمباژی ئاو لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوا. تەنیا لە پارێزگای “حەسەکە” زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە خەڵک لەم هەوا ساردەدا، بە بێ ئاو و بەرق و بە بێ سوومەتەمەنی ماونەتەوە و مەجبوورن لە فاسلەی ٢٠ کلیۆمترییەوە بە تانکەر و بە هەزینەی زۆر ئاو بۆخۆیان دابین بکەن. بەڕێوەبەری گەیاندنی ئاوی حەسەکە ڕایگەیاندووە کە “باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریە بەرەوڕووی کارەساتێکی ئینسانی بووەتەوە. بڕینی دەستڕاگەیشتنی خەڵکی سڤیل بە ئاو لەلایەن دەوڵەتی تورکیەوە تاوانی شەڕە”. لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا بەهۆی بۆمبارانی دەوڵەتی تورکیە، ناوەندەکانی گەیاندنی بەرق لە قامیشلی، عامودە، دەرباسیە و وزەخانەی سەرەکی لە سویدیە لەناوچوون و بووەتە هۆی بێ بەرقی و بێ ئاویی گشت ناوچەکە. ڕەهەند و ئاکامەکانی هێرشی جەنایەتکارانەی ئەرتەشی تورکیە بۆسەر خەڵک هێندە بەرین بووە کە کۆمیسیۆنی سەربەخۆی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی فێوریەی ئەمساڵدا لە ڕاپۆرتێکدا جەختی کردەوە کە: “هێرشی تورکیە بۆسەر دامەزراوەکانی بەرق لە کوردستانی سووریە دەکرێ وەک تاوانی جەنگ پێناسە بکرێت. چونکە خەڵکی ئاسایی لە دەستڕاگەیشتن بە ئاو بێبەری کردووە”.

هاکان فیدان، سەرۆکی پێشووی ڕێکخراوی سیخوڕیی “میت” و وەزیری دەرەوەی ئێستای دەوڵەتی ئەردۆغان، لەوپەڕی بێشەرمیدا ڕایگەیاند کە: “هەموو ژێرخان و دامەزراوەکانی وزەی کوردستان هی پارتی یەکیەتیی دیموکراتیک (پەیەدە) و یەکینەکانی پاراستنی گەل “یەپەگە” و “پەکەکە” لە سووریە و عێراقە و ئەم شوێنانە بە ئامانجی نیزامی و ئەمنی و زانیاریی تورکیە دێنە ئەژمار”.

ئوپراسیۆنی بەرینی نیزامیی یەک مانگی ڕابردووی تورکیە لە سووریە بە بیانووی هێرشی نیزامیی دوو کەسی چەکداری پەکەکە بۆسەر ناوەندی سەنعەتی هەوا فەزای تورکیە “توساش” لە ئانکارا لە ڕۆژی یەکی خەزەڵوەر ئەنجام دەدرێت. ئەو دوو کەسە چەکدارە لە کوردەکانی تورکیە بوون و پەیوەندییەکیان بە ڕۆژئاواوە نەبوو. بەپێی ئامارەکان ئەرتەشی داگیرکەری تورکیە، بەدوای داگیرکردنی پارێزگای عەفرین هەتا ئێستا زیاتر لە سەد هەزار جار مەیدانەکانی نەوت و گاز و ناوەندەکانی بەرق و ئاو و خزمەتگوزاریی پزیشکیی لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی ڕێکخراوی خۆسەری ڕۆژئاوا بۆمباران کردووە. بەپێی ڕاپۆرتی هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوا “ئاسایش”، تەنیا لە ڕۆژی پێنجی مانگی خەزەڵوەردا ئەرتەشی داگیرکەری تورکیە ٩ جار بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان وە زیاتر لە ١٣٠ جار بە تۆپ و خۆمپارە ناوچەکانی کوردستانی سووریەی بوردومان کردووە. بەرینایی هێرشە نیزامییەکانی ئەرتەشی تورکیە تا ڕادەیەک بووە کە دە ڕۆژ لەمەوبەر نوێنەری پووتین بۆ کاروباری سووریە لەئاست ئەم هێرشانە ناڕەزایەتی دەربڕی و بە بابەتێکی قەبووڵنەکراو وەسفی کرد.

ئەم تاوانەی حکوومەتی تورکیە لەبەرچاوی هێزەکانی ئەمریکا و لە بێدەنگیی ئەواندا ئەنجام دەدرێت. ئەو هێزانەی کە گۆیا هاوپەیمانی هێزەکانی سووریەی دیموکراتیک “قەسەدە”ن. ئەم هێرشانە لە کاتکێدا بەڕێوەدەچن کە بەرپرسانی ڕێکخراوی خۆبەڕێوەبەر لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا گەلێک جار ڕایانگەیاندووە کە: “ئێمە بۆ ئەمنیەتی تورکیە مەترسی نین و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان ئامادەین لەگەڵ تورکیە گفتوگۆ بکەین”. بەڵام ئەردۆغان لە ساڵی ٢٠١٦ەوە بە ئامانجی زێدەخوازانە و بەهۆی ئاراستەی فاشیستیییەوە بەبیانووی پووچ و بێبنەمای نەبوونی ئەمنیەت لە سنوورەکانی سووریە، هەتا ئێستا لە سێ قۆناغی عەمەلیاتی بەرینی نیزامیدا، بەشێکی زۆر لە کوردستانی سووریەی داگیر کردووە.

پێویتسە بوترێ کە خەڵکی کوردستانی سووریە لە کاتکێدا ڕۆژانە بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە، بە درۆن و فڕۆکە و تۆپخانە و مین هێرشیان دەکرێتە سەر کە ئەردۆعان و باقیی هاوپەیمانانی لەناو دەوڵەتدا، فریوکارانە باس لە کردنەوەی دەرگای دیالۆگ لەگەڵ پەکەکە دەکەن. ئەنجامدانی وەها هێرشێکی نیزامیی وەحشیانە دژبە خەڵکی کوردستان لە سووریە، نیشانەی ئامانجی فریوکارانەی دەوڵەتی تورکیەیە لە ئەنجامدانی وتووێژ بۆ چارەسەرکردنی مەسەلەی کوردستان لە تورکیە لە ڕێگەی دیالۆگەوە. هەروەها نیشانی دەدات کە ئەردۆغان بەهۆی ئاراستەی شوڤنیستییەوە، دژی بوونی ڕێکخراوی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوایە. بە وەها ڕق و کینەیەکەوە ئەردۆغان ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی مانگی خەزەڵوەر ڕایگەیاند کە لە هێرشە نیزامییەکانی بۆسەر ڕۆئاوا بەردەوام دەبێت. ئەمە هەر ئەو ئاراستە فاشیستییەیە کە نەتانیاهۆ هەتا ئێستا لەدژی خەڵکی فەلەستین لە غەززە بەکاری هێناوە. ئەردۆغان داوای لە حکوومەتی بەشار ئەسەدیش کرد کە بەشێوازی ئەو لەگەڵ خەڵکی کوردستانی سووریە هەڵسووکەوت بکات. ئەم داوا بێشەرمانەیە لە کاتکێدایە کە بەشار ئەسەد هەتا ئێستا چەندین جار بەشێوەی تەحقیرئامێز شەرتی ئەنجامدانی هەر دیدارێکی لەگەڵ ئەردۆغان کۆتایی هێنان بە داگیرکاری لە سووریە وەسف کردووە و ڕایگەیاندووە کە حازر نییە چاوی پێی بکەوێت. ئەردۆغان بۆمبارانی ڕۆژانەی باکووری سووریە و داگیرکردنی بەشێک لە خاکی سووریە لەلایەن ئەرتەش و گرووپە چەکدارە بەکرێگیراوەکانی خۆی بە هەڕەشە بۆسەر دەسەڵاتی سووریە نازانێت و دەڵێ: “ئێمە بۆ یەکپارچەیی خاکی سووریە هەڕەشە نین. ئەوەیکە هەڕەشەیە تیرۆریستەکانی پەکەکە و پەیەدەن”.

واقعیەت ئەوەیە کە دەوڵەتی ئاک پارتی لەگەڵ قەیرانی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، پەنابەری و هیتر لە ناوەوە بەرەوڕوویە. بەهای لیری تورکیە بەردەوام دێتە خوارێ. تەوەروم و گرانی ڕێژەیەکی بەرینیان هەیە و توانای کڕینی کرێکاران و دەیان ملیۆن خەڵکی زەحمەتکێش یەکجار دابەزیوە و بێکاری پەرەیسەندووە. لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەدا ئاک پارتی لە بەرامبەر ڕەقیبەکانیدا شکستێکی سەختی خواردووە. هەوەرها بەهۆی سیاسەتی نەزانانەی ئەردۆغان، تورکیە لەسەر ئاستی جیهانی و لە دیاریکردنی سیاسەتی ناوچەییشدا ڕۆڵ و پێگەی خۆی لەدەست داوە. لە وەها بارودۆخێکدا هێنانە گۆڕی باسی دیالۆگ لەگەڵ پەکەکە لەلایەکەوە و پەرەپێدانی هێرشی نیزامی و دژەئینسانی بۆسەر خەڵکی کوردستانی سووریە لە لایەکی دیکەوە، نیشانەی ئەوپەڕی داماویی ئەردۆغان و دەوڵەتەکەیەتی.