بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان، لە ماوەی مانگی نۆامبری ٢٠٢٤ بەرابەر لەگەڵ مانگی خەزەڵوەری ١٤٠٣، لانیکەم حوکمی ئێعدامی ١٢٦ بەندکراو لە زیندانەکانی ڕژیم جێبەجێ کراوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لانیکەم حوکمی ئێعدامی ٢٥ بەندکراوی کورد، ١٧ بەندکراوی تورک، ١٥ بەندکراوی بەلووچ، ٨ بەندکراوی گیلەک و ٦ بەندکراوی لوڕ لە زیندانەکانی ڕژیم جێبەجێ کراوە. هەروەها لانی کەم ١٠ بەندکراوی خەڵکی ئەفغانستان لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لەسێدارە دراون. هەروەها لە ماوەی مانگی ڕابردوودا، حوکمی ئێعدامی دوو منداڵی تاوانبار بە ناوەکانی “ئاروین قارەمانی” تەمەن ٢٠ ساڵ، لە هاووڵاتییانی جووی خەڵکی شاری بۆکان و دانیشتووی کرماشان و هەروەها “ئیسماعیل بارکزائی” تەمەن ١٨ ساڵ و خەڵکی ئەفغانستان جێبەجێ کراوە. ئەو دوو کەسە لە کاتی دەستبەسەرکرانیاندا تەمەنیا ١٨ و ١٧ ساڵ بووە و بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپێندرابوو. هەر لەم پێوەندەدا، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا، لانیکەم حوکمی ئێعدامی ٣ ژن لە زیندانەکانی ڕەشت، خوڕەمئاوا و قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کراوە کە هەر سێ بەندکراو بە تۆمەتی “کوشتنی بە ئەنقەست” حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپێندرابوو. هەروەها حوکمی ئێعدامی ٥ بەندکراو بەشێوەی نهێنی و بێئاگاداریی بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیان جێبەجێ کراوە.