
بەپێی زانیارییەکان، حاجی بەرزه، وانەبێژی زمانی کوردی لە ناوەندی فەرهەنگی و فێرکاریی “بەیان” و برای باپیر بەرزە، بەندکراوی سیاسی، لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی ٢ی پیرانشار، بە ٥ مانگ زیندان و پێبژاردنی ١٥ میلیۆن تمەن سزای نەختی مەحکووم کراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەپێی حوکمی دەرکراو، ئەم چالاکە مەدەنییە بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی نیزام” بە ٥ مانگ بەندکران و بە تۆمەتی “بڵاوکردنەوەی شتی ناڕاست” بە پێبژاردنی ١٥ میلیۆن تمەن سزای نەختی مەحکووم کراوە. ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی گوڵانی ئەمساڵ، حاجی بەرزە لە شوێنی کارەکەی خۆی و لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و ڕۆژی دووشەممە ٧ی جۆزەردان بە دانانی بارمتەی دوو میلیارد و ٥٠٠ میلیون تمەنی و بە شێوەی کاتی لە زیندانی نەغەدە ئازاد کرابوو. شایانی باسە، ناوبراو بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگوێزرابوو و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە، ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرابوو.