فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

شەڕ لە سووریە بە ئامانجی کورتکردنەوەی دەستی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
شەممە ۱۷-۰۹-۱۴۰۳   |  07-12-2024

ڕۆژی چوارشەممە ٧ی مانگی سەرماوەز گرووپی ئیسلامیی “هەیئەتی تەحریری شام”، لە هێرشێکی خێرا و لەناکاودا ژمارەیەکی زۆر لە شار و گوندەکانی باکووری ئیدلب بەرەو حەلەبیان داگیر کرد کە بە ڕەواڵەت لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی دەوڵەتی بەشار ئەسەددا بوون. هەر لە ڕۆژی یەکەمدا لە هێرشێک بۆسەر کۆبوونەوەی هێزەکانی سپای پاسدران و حیزبوڵڵا و حەشدی شەعبی و زەینەبیوون کە لەو ناوچەیەدا جێگیر بوون زیاتر لە ٢٧٠ کەسیان کوشت کە سەرتیپی پاسدار کەیوومرس پوورهاشمی ناسراو بە (حاج هاشم) یەکێک لە کوژراوەکان بوو. ئەم گرووپە دوای سێ ڕۆژ هەموو شاری حەلەب، دووهەم شاری گەورەی سووریە و پایتەختی ئابووریی ئەم وڵاتە و هەموو شار و گوندەکانی ئەم پارێزگایەیان بە بێ هیچ بەرەنگارییەک خستە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیانەوە. وێنەی گرتنەوەی کۆنسوولخانەی کۆماری ئیسلامی لە حەلەب و هێنانەخوار و ئاگر تێبەردانی ئاڵای کۆماری ئیسلامی و وێنەی خومەینی، خامنەیی، قاسم سولەیمانی و نەسروڵڵا دەستبەجێ لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەوە و لەئاستی جیهاندا ڕەنگدانەوەی بوو. ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی مانگی سەرماوەز ئەم تاقمە گەیشتنە دەروازەی “حەما” کە چوارەمین شاری گەورەی سووریەیە. لەئێستاشدا دوای گرتنەوەی بەشێک لە پارێزگای “حەما” لە باشووری ئیدلب شەڕ هەروا درێژەی هەیە.

هەیئەتی تەحریری شام لە ساڵی ٢٠١١دا لەژێرناوی بەرەی نوسەرەدا چالاکیی دەکرد. بەڵام ساڵی ٢٠١٦ ئەبوو محەممەد جەولانی، ڕێبەری ئەم گرووپە پەیوەندی خۆی بەئاشکرا لەگەڵ ئەلقاعیدە پچڕاند و بەرەی نوسرەی هەڵوەشاندەوە و بە تێکەڵکردنی چەند گرووپی ئیسلامیی هاوشێوە، ڕێکخراوێکی نوێی پێکهێنا کە لە ساڵی ٢٠١٧ەوە لەژێرناوی هەیئەتی تەحریری شامدا چالاکی دەکەن. ئەم ڕەوتە کاتێک لەژێرناوی بەرەی نوسرەدا چالاکیی دەکرد، بەدوای بۆمبارانی چڕ و بەردەوامی ڕووسیە بۆ بەرگری لە حکوومەتی بەشار ئەسەد، لە ساڵی ٢٠١٥دا لە هێنێدک بنکەکانی پاشەکشەی کرد و لە ئیدلب جێگیربوو. لەو سەردەمدا گرووپە تیرۆریستە ئیسلامییەکانی سووریە بەپێی نەخشە، لەلایەن دەوڵەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە بۆ شەڕ دژبە ڕژیمی ئەسەد پڕچەک کران و پشتیوانییان لێکرا. بەم شەڕە کۆنەپەرستانەیە، ناڕەزایەتیی ڕەوای کرێکاران و جەماوەری وەگیانهاتووی سووریە لە بێکاری و هەژاری و برسیەتی و لە دیکتاتۆری و زەبروزەنگ و کوشتاری ڕژیمی ئەسەد خرایە پەراوێزەوە و شکستیان پێ هێنا. لەماوەی سێ ساڵ شەڕی جەنایەتکارانەی ئەم گرووپانە لەگەڵ ڕژیمی ئەسەد، زیاتر لە نیو ملیۆن کەس لە خەڵکی سووریە کوژران، پتر لە یەک ملیۆن کەس بریندار و کەم ئەندام بوون، زیاتر لە شەش ملیۆن کەس ئاوارە بوون و وڵاتی سووریە بوو بە وێرانە.

شەڕی “هەیئەتی تەحریری شام” دروست یەک ڕۆژ دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە لۆبنان دەستیپێکرد. لەم ڕوانگەوە گرتنەوەی حەلەب لەلایەن ئەم گرووپە پێویستە بە گۆڕانکاری هەم لە شەڕی ناوخۆیی ١٣ ساڵەی سووریە و هەم لە شەڕی جەنایەتکارانەی ئیسرائیل لە ناوچەکە دابنرێت. شەڕی ئێستا لە سووریە لە کاتێکدا دەستیپێکردووە کە دوو ئەکتەری دیکەی سیاسی و نیزامیی ناوچەکە، واتە هەم ڕووسیە بەهۆی بەردەوامبوونی شەڕی درێژخایەن و پڕهەزینەی ئۆکراین و هەم کۆماری ئیسلامی و هێزەکانی بەناو “میحوەری موقاومەت” بەهۆی ئەو زەربە سەختانەی کە لە لۆبنان لێیان دراوە، لەگەڵ ئاستەنگی ستراتێژیک بەرەوڕوون و بۆ هاوپەیمانی دێرینەیان بەشار ئەسەد کارێکیان لەدەست نایە.

ئەردۆغان وەکوو یەکێک لە ئەکتەرە سەرەکییەکانی ئەم شەڕە ڕۆژی سێشەممە ١٣ی سەرماوەز لە وتارێکدا وای نیشان دا کە گۆیا خوازیاری کۆتایی شەڕ و پاراستنی سەقامگیری و ئارامی و “یەکپارچەیی خاکی سووریە”یە. ئەوەش لە کاتکێدایە کە تاقمی “تەحریری شام” بە هاوکاری و هاوئاهەنگیی تەواو لەگەڵ دەوڵەتی تورکیە ئەم هێرشەی دەستپێکردووە. تورکیە نەتەنیا لەم گرووپە بەڵکوو لە چەندین ساڵ لەمەوبەرەوە زیاتر لە ٤٠ هەزار بەکرێگیراوی تیرۆریستی ئیسلامی و غەیری ئیسلامی لەناو زیاتر لە ٣٠ گرووپدا ڕێکخستووە و چەکداری کردوون. ئەگەر لەماوەی ٩ ساڵی ڕابردوودا بۆ داگیرکردنی شار و گوندەکانی کوردستانی سووریە بەکاری دێنان، ئەمجارە وەک پیادەنیزامی پێشخستنی ئامانج و پیلانەکانی خۆی و ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکە بەکاریان دێنێ. ئەردۆغان ڕۆژی ٢٤ی ئۆکتۆبریش ڕایگەیاند کە ئەرتەشی تورکیە هێرشەکانی بەدژی کوردستانی سووریە درێژە دەدات و وتی دەوڵەتی بەشار ئەسەدیش پێویستە دژبە “پەکەکە” و “یەپەگە” و “پەیەدە” بچێتە ناو شەڕەوە. هێرشی داگیرکەرانەی هەتا ئێستای تورکیە لە ڕۆژئاوا لە حاڵیکدا ئەنجام دراوە کە هێزە ئەمریکاییەکانی بەناو هاوپەیمانی هێزەکانی سووریەی دیموکراتیک “هەسەدە” لە ناوچەکەدا حزووریان بووە و تورکیە لە ڕێککەوتن و سات و سەودا لەگەڵ ئەمریکا ئەم هێرش و داگیرکارییەی دەستپێکردووە. لەگەڵ دەستپێکی شەڕی “تەحریری شام” و پاشەکشەی هێزەکانی “هەسەدە” لە شارەکانی “تەل ڕەفعەت” و “شەهبا” ژیان و ئەمنیەتی زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کەس لەو کوردانەی کە بەدوای داگیرکردنی عەفرین لە کەمپەکانی دەوروبەری ئەم شارانەدا پەنایان گرتبوو کەوتووەتە مەترسییەوە و دووبارە ئاوارە بوونەتەوە.

ئەوەیکە لە سووریە لەئارادایە، بەشێک لە پیلانێکی گەورەترە کە بە داهێنانی ئەمریکا و ئیسرائیل و بە هاوکاریی تورکیە بە ئامانجی کورتکردنەوەی دەستی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە بەڕێوەدەچێت. دوو شاری گەورە و ستراتێژیکی وەک حەلەب و حەما لە سووریە کە ئێستا کەوتوونەتە بەر هێرشی ئەم گرووپە تیرۆریستە ئیسلامییەوە، پێشتر لەلایەن هێزەکانی سپای پاسداران و حیزبوڵڵا و بە پشتیوانیی ئاسمانیی سووریە پارێزگارییان لێدەکرا. بەڵام ئێستا حزوورێکی دیار و بەرچاویان لەو ناوچەیەدا نەماوە. بلینکێن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ناڕاستەوخۆ لەئارادابوونی وەها پیلانێکی پشتڕاست کردەوە و وتی:”بەشداری نەکردنی بەرچاوی بەشار ئەسەد لە ڕەوتی سیاسیی ناوچەکە، زەمینەی بۆ هێرشی گرووپە چەکدارەکانی دژبەری حکوومەت ئامادە کردووە”.

لەگەڵ بەڕێوەچوونی ئەم پڕۆژەیە دەستڕاگەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە لۆبنان یەکجار دژوار دەبێتەوە. بەتایبەت ئەوەیکە دەوڵەتی عێراقش لەژێر فشاری ئەمریکادا بە دروستکردنی دیواری بێتۆنی و لێدانی خەندەکی ٦٠٠ میتری، دانانی دوربینی حەرارەتی و دەزگای ئەلەکترۆنیکی دیکە، جێگیر کردنی ژمارەیەکی زۆر واحیدی ڕەزمی لە سنووری سووریە و بە هۆشدار دان بە گرووپە عێراقییەکانی سەربە کۆماری ئیسلامی بۆ خۆبەدوور گرتن لە هاتوچۆ بۆ سووریە، بەکردەوە لەم پڕۆژەیەدا هاوکاری دەکات.

بێگومان ئەم شەڕە تاوانکارییەش کوشتار و وێرانی و ئاوارەیی و هەژاری و برسیەتیی زیاتری بۆ خەڵکی ستەمدیدەی سووریە بەدواوە دەبێت. لە هەمان کاتیشدا دەبێتە هۆی لاوازبوونی زیاتری حکوومەتی ئەسەد بەڵام ئەم دەسەڵاتە ناڕووخێنێت. ئەمریکا لەئێستادا سیاسەتی ڕووخاندنی حکوومەتی بەشار ئەسەد نییە. بەڵکوو بە فشاری کۆنتڕۆڵکراوی وەک پشتیوانی لە هەیئەتی تەحریری شام، درێژەی سزای ئابووری و فشاری دیپلۆماتیک دەیهەوێ بەشار ئەسەد لە بازنەی هاوپەیمانانی ستراتێژیکی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە بخاتە دەر. چونکە بۆ ئیسرائیل بوونی حکوومەتی لاوازکراوی ئەسەد لە دەسەڵاتی ڕەوتە ئیسلامییەکانی سووریە باشترە. دەرکردنی کۆماری ئیسلامی لە سووریە و پچڕاندنی ئیمکانی دەستڕاگەیشتنی بە حیزبوڵڵای لۆبنان و بەهێزکردنی ئەم گرووپانە، شکستی “ستراتێژی شەڕی پێشگرانە”ی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە زیاتر لە چوار دەیەیە لەڕێگەی ڕێکخستن و بەهێزکردنی ئەم گرووپانە و دەستتێوەردانی نیزامی بەڕێوەی بردووە، بەرچاوتر نیشان دەدات.