بەپێی ڕاپۆرتەکان، لەم دواییانەدا “ئەیووب دەماوەندی”، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “دێلزێ”ی سەر بە شاری پیرانشار کە چوار مانگی ڕابردووی بە بەندکراوی تێپەڕ کردووە، لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی مەهاباد، بە تۆمەتی “سیخوڕی بۆ ئیسرائیل” بە ٥ ساڵ و ١٥ ڕۆژ زیندان مەحکووم کراوە.
ئەیووب دەماوەندی پێشتر لە ڕێکەوتی ١١ی گەلاوێژی ئەمساڵ، لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی بۆ سەر ماڵەکەی دەستبەسەر کرابوو. ئەو هاووڵاتییە لە ئاکامدا دوای یەک مانگ دەستبەسەرکران و لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای ورمێ، لە ڕێکەوتی ١١ی خەرمانان، بۆ زیندانی ناوەندیی نەغەدە گواسترایەوە. شایانی باسە، ئەیووب دەماوەندی لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە و لە کاتی دەستبەسەرکرانییەوە هەتا ئێستا مافی مەرەخەسیی پێنەدراوە.