بەپێی زانیارییەکان، دەیان چالاکی بوارە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتی و پیشەییەکان بە واژۆکردنی داواکارییەک جەختیان لەسەر پێویستیی هەڵوەشاندنەوەی حوکمی ئێعدامی پەخشان عەزیزی کردووە و نووسیویانە کە پەخشان “بە تاوانی چالاکییە خۆبەخش و مرۆڤدۆستانەکانی خۆی بۆ ئاوارەکانی شەڕی داعش، دەستبەسەر و بە بەغی تۆمەتبار کراوە و حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپێندراوە.
واژۆکارانی ئەو داواکارییە بە ئاماژەکردن بە لێدوانی پارێزەرانی پەخشان عەزیزی لەسەر “پێڕاگەیشتنی بەپەلە و سەرەڕۆیانە”ی دۆسیەی ناوبراو لە دیوانی باڵای وڵات، مەترسیی لەسێدارەدرانی پەخشانیان بە جددی زانیوە. هەروەها پێداگرییان کردووەتەوە کە “ئێمە واژۆکارانی ئەو داواکارییە، داخوازیی هەڵوەشاندنەوەی خێرای حوکمی ئێعدامی پەخشان عەزیزیمان هەیە و داوا لە هەمووان دەکەین کە بۆ ڕزگارکردنی گیانی پەخشان، لەگەڵمان هاودەنگ بن.” جێگای ئاماژەیە، پەخشان عەزیزی، زیاتر لە ١٥٥ ڕۆژی ڕابردووی بە بێبەشبوون لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و پارێزەرەکانی لە زیندانی ئێڤیندا تێپەڕ کردووە. ناوبراو تا کۆتایی مانگی ڕەزبەر لە مافی پەیوەندیی تەلەفۆنیش بێبەش کرابوو.