فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

“میحوەری موقاومەت” و قووڵایی ستراتێژیکی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لێکهەڵوەشا
شەممە ۲۴-۰۹-۱۴۰۳   |  14-12-2024

ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی مانگی سەرماوەز چوار ڕۆژ دوای ڕووخانی ڕژیمی بەشار ئەسەد هاوپەیمانی نزیک و دێرینەی کۆماری ئیسلامی، عەلی خامنەیی بە حاڵەتێکی تووڕە و سەرلێشێواو لە “حسێنییەی خومەینی” دەرکەوت تا لە بەرامبەر ژمارەیەکی دەستچندا، شکستی ستراتێژی پاراستنی دەسەڵاتەکەی پاساو بکات. شکستی یەکێک لە سەرەکیترین پایەکانی “شەڕی پێشگرانە و قووڵایی ستراتێژێک” واتە لەدەستدانی سووریە لەدوای لۆبنان. تووڕەیی و هەڵچوون و ناتەبایی ئاشکرا لە لێدوانەکانی ئەم ڕۆژەی خامنەیی نیشانەی بێهیوایی و نائومێدیی ئەو بوو.

خامنەیی لە کاردانەوە بە ڕووخانی ڕژیمی بەشار ئەسەد لە سووریە وتی: “نابێ گومان لەوەدا هەبێ کە ئەوەی لە سووریە ڕووی دا، بەرهەمی نەخشەی هاوبەشی ئەمریکا و ڕژیمی سەهیۆنیستی بوو. بەڵێ دەوڵەتێکی دراوسێی سووریە (کە مەبەستی تورکیە بوو) ڕۆڵێکی ئاشکرای لەم بوارەدا هەبوو و ئێستاش ڕۆڵ دەبینێت.  بەڵام شکتان نەبێ کە ناوچە داگیرکراوەکانی سووریە لەلایەن لاوانی ئازای سووریەیی (نەک هێزەکانی میحوەری موقاومەت) ئازاد دەکرێن”. ئەو بە لەفزێکی تێکەڵ بە سووکایەتییەوە زۆرێک لە ڕووناکبیران و شیکارانی سیاسی کە لێکۆڵینەوەیان لەسەر ئاکامەکانی ڕووخانی ڕژیمی جەنایەتکاری بەشار ئەسەد کردووە، ئەوانی بە نەزان و بێ خەبەر وەسف کرد کە مانای موقاومەتیان دەرک نەکردووە و دەڵێن کۆماری ئیسلامی بە ڕووخانی بەشار ئەسەد لاواز دەبێت.  ئەو ئاواتی ئەوەی خواست کە “بە حەول و ئیزنی ئیلاهی ئێرانی ئیسلامی بەهێزە و بەهێزتریش دەبێت. خامنەیی لە کاتکێدا خۆی لە گێلی دەدات و ئیقتداری ڕژیمەکەی بە ئیشەڵڵا و ماشەڵڵا حەواڵە دەکا کە هێزەکانی بەناو “میحوەری موقاومەتەکەی” کە لەماوەی ٤٥ ساڵی ڕابردوودا هەوڵی ڕێکخستنی داوە، یەک لەدوای یەک تووشی شکست دەبن و لێکهەڵدەوەشێن. لە حەماس و حیزبوڵڵای لۆبنانەوە بگرە هەتا زەینەببوون و فاتمیوون و ناوەند و پایەگا سەرەکییەکەیان کە ڕژیمی تاوانکاری ئەسەد بوو.

ئامانجی سەرەکیی خامنەیی لەم هەڵیت و پڵیتانە تەقویەتی ڕووحیەی ڕیزەکانی حکوومەتە کە لەدوای ئاڵوگۆڕە ناوچەییەکان لە غەززە و لۆبنان و بەتایبەت لەدوای ڕووخانی خێرا و چاوەڕوان نەکراوی ڕژیمی ئەسەد یەکجار لاواز بووە و تووشی دوودڵی و گومان بوون. ئەو ڕوو بەوان وتی: “دڵنیا بن ئەم بارودۆخە دەگۆڕدرێ. موقاومەت لاواز نەبووە و بەهێزتر دەبێت”. بەڵام شکستی کۆماری ئیسلامی لە ستراتێژی “شەڕی پێشگرانە” و سیاسەتی زێدەخوازیی ناوچەیی، هێندە ئاشکرا و کەمەرشکێن بووە کە زۆرێک لە بەرپرسان و کاربەدەستانی سیاسی و نیزامیی خودی ڕژیم دانی پێدادەنێن. خامنەیی کە دەیزانی کەس بایەخ بە مەوعیزە و درۆودەلەسەکانی نادات، بێشەرمانە هەڕەشەی بێدەنگ بوونی لە نەیاران کرد و وتی: “ئەگەر کەسێک بەتایبەت لە ناوخۆ لە لێکدانەوەکانیدا بەجۆرێک قسە بکات کە ماناکەی ترساندنی خەڵک بێت، ئەوە تاوانە و بەرپرسان دەبێ بەری پێبگرن و سزای بدەن. دوای خامنەیی دادستانی گشتیش بە دەرکردنی ڕاگەیاندنێک داوای لە چالاکانی میدیایی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کرد کە خۆ لەو پرسانە بەدوور بگرن کە “بۆ ئەمنیەتی دەروونیی کۆمەڵگا زیانبەخشن”. “قالیبافی” دز و “سەلامی” فەرماندەی گەوجی سپای پاسدارانیش هەڕەشەیان لە خەڵک کرد کە لەئاست شکستی سەرشۆڕانەی کۆماری ئیسلامی بێدەنگی بگرنە بەر. هەڵبەت ئەم هەڕەشانە خۆی نیشانەی شکست و لاوازی و زەبوونیی ڕژیمی ئیسلامییە و کەس ناترسێنێت.

بەڵام پێدەچێت کە ڕەوتی لاواز و سنووردار کردنی کۆماری ئیسلامی لەلایەن ئەمریکا، ئیسرائیل و دەسەڵاتەکانی دیکەی سەرمایەداری بەم هەنگاوانەی هەتا ئێستایان سنووردار نەبێتەوە.  وادیارە بەرنامەش بۆ چەک داماڵین و سنووردارکردنی حەشدی شەعبی وەک بەشێکی تر لە هێزەکانی بەناو “میحوەری موقاومەت”ی کۆماری ئیسلامی لە عێراق لەئارادایە. ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی مانگی سەرماوەز “محەممەد ئەلحەسان” نوێنەری تایبەتی گوترێش بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، لەگەڵ ئایەتوڵڵا سیستانی مەرجەعی تەقلیدی شیعەکان لە نەجەف دیدار و گفتوگۆی کرد. ئەلحەسان کە پەیامێکی بە سیستانی گەیاندبوو وتی: “ئەمڕۆ لەگەڵ ئایەتوڵڵا سیستانی دیدارێکم بوو. دوایین ئاڵوڕەکانی ناوچەکە بەتایبەت سووریەی دوای ڕووخانی ڕژیمی ئەسەد لەلایەن گرووپە چەکدارە نەیارەکانمان تاوتوێ کرد. ئایەتوڵڵا سیستانی دەیەوێت عێراق لە بەرامبەر هەرجۆرە گرژییەک لە ناوچەکە بپارێزرێت”. ئەلحەسان لە ڕوونکردنەوەی ئامانجی ئەم دیدارە کە دووهەمین دیداری ناوبراو لەگەڵ ئایەتوڵڵا سیستانی لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا بوو وتی: “ئەمڕۆ سەبارەت بەو کۆبوونەوانەی کە لە ئەمریکا لە پەیوەند لەگەڵ عێراق ئەنجام دراون، لە چەند بابەتێک ئاگادارم کردەوە. ڕێگاکانی دووری گرتن لە هەرجۆرە گرژییەک کە زیان بە عێراق یگەنەنێت تاوتوێ کران و هەردووکمان یەک بۆچوونمان بوو کە عێراق نابێ ببێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی حیسابەکان”.

دەوترێ کە لە درێژەدا و لە ڕاستای ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەکە، ئەمریکا و دەسەڵاتە جیهانی و ناوچەییەکان دەیانهەوێ ئایەتوڵڵا سیستانی لە فتوایەکدا ڕایگەیەنێ کە چەک نابێ لە دەستی حیزب و گرووپە سیاسییەکانی عێراق “واتە حەشدی شەعبی”دا بێت. پێویستە بوترێ کە لە کاتی هێرشی داعش بۆسەر عێراق، گرووپە شیعەکان بە کەڵک وەرگرتن لە دەرفەت و بە پاساوی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ داعش، لە ئایەتوڵڵا سیستانی فتوایەکیان بۆ دامەزراندنی حەشدی شەعبی وەک تەشکیلاتێکی سیاسی نیزامی وەرگرت. بەڵام بەلەبەرچاوگرتنی وابەستەبوونی حیزبە شیعە دەسەڵاتدارەکان بە کۆماری ئیسلامی، گرووپەکانی حەشدی شەعبی هەر لە سەرەتاوە بە هەموو ئیمکاناتی دەوڵەتییەوە بوونە ئامرازی پێشخستنی سیاسەتەکانی ڕژیمی ئیسلامی و بوونە هێزی “میحوەری موقاومەت”ی ڕژیم. ئەوان لە جەریانی خۆپیشاندانەکانی خەڵک لە ساڵی ٢٠١٩ بە کوشتن و تیرۆر و ڕفاندنی زیاتر لە ٦٠٠ کەس لە چالاکانی سیاسیی ناڕازی، تاوانی بێ ئەژماریان ئەنجام دا. لەڕاستیدا حەشدی شەعبی بوو بە لقێکی سپای پاسداران و لەئێستاشدا بەرپرسان و فەرماندە باڵاکانی هاوشێوەی سپای پاسداران گەندەڵن و بوونەتە مافیای دەسەڵات و سەروەت لە عێراق.

هەروەها لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا هێزە توندڕەوەکانی حەشدی شەبی لەوانە “نۆجەبا – حیزبوڵڵای عێراق – کەتائبی ئەهلی حەق – کەتائبی سەیدوشۆهەدا” کە ڕاستەوخۆ لەلایەن سپای پاسداران و خامنەییەوە فەرمانیان پێدەدرێ، وەک باسکی سەرکوتی سپای پاسداران لە سووریە و عێراق چالاکییان کردووە. ئەوان گەلێک جار بەرەو ئیسرائیل و پایەگاکانی ئەمریکا لە ناوچەکە مووشەک و درۆنیان هاویشتووە کە بەهۆی کاردانەوەی ئەوان خەڵکی ستەملێکراوی عێراق تووشی زەرەر و زیانی گیانی و ماددی بوون. لێکهەڵوەشاندنی گرووپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق قۆناغێکی دیکەی پلانی ئەمریکا و ئیسرائیلە بۆ گۆڕینی هاوکێشەکان و داڕشتنی نەزمێکی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەوڵدان بۆ داماڵینی چەک لە حەشدی شەعبی لە لایەن ئەوانەوە، کۆماری ئیسلامی لە داهاتوو و مانەوەی خۆی یەکجار نیگەران کردووە و بە هەنگاوێکی دیکەی دەزانێت بەرەو ڕووخانی. بەتایبەت ئەوەیکە کۆماری ئیسلامی و شەخسی خامنەیی دەزانن کە پشتی جەبهەیەکی ئەمنیان نییە و لە ناوەوەی ئێرانیشدا بەرەوڕووی گەشە و پەرەسەندنی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاران، خانەنشیان، پەرستاران، خوێندکاران و بزووتنەوەکانی دیکە دەبنەوە و لەم بارودۆخە تازەیەدا شێوازێکی تەعەڕوزیتر دەگرنەبەر.