سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٨ی سەرماوەز، حوکمی ئێعدامی شەش بەندکراو بە ناوەکانی “مەجید جەمشیدی”، خەڵکی دلفانی سەر بە پارێزگای لوڕستان، “سۆهراب ئەحمەدیپوور” تەمەن ٧٣ ساڵ و خەڵکی کۆهدەشتی سەر بە هەمان پارێزگا، “عەبدولباری پەکووهی” خەڵکی ئەفغانستان و سێ بەندکراوی دیکە بە ناوەکانی “حەسەن عەلی یووسفی”، “فەرزاد نەورۆزی” و “ڕاستگوویی کۆندەلیج” لە زیندانی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە دەزگای دادوەریی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، ڕاستگوویی کۆندەلیج شەش ساڵ لەمەوبەر لە دوای سکاڵای چەند ژن لە تاران لەسەر “ئازارگەیاندن و بریندارکردنیان بە درێشە” دەستبەسەر کرابوو و بە تۆمەتی “افساد فی الارض لە ڕێگای ترساندن و ئازاردانی ژنان و بریندارکردنیان” حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپێندرابوو. هەروەها حەسەن عەلی یووسفی، مەجید جەمشیدی، سۆهراب ئەحمەدیپوور و عەبدولباری پەکووهی، پێشتر بە تۆمەتی “پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان” دەستبەسەر و حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپێندرابوو. “فەرزاد نەورۆزی”ش پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر کرابوو و حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپێندرابوو.