فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

کاریگەرییەکانی ڕووخانی ڕژیمی ئەسەد لەسەر کۆماری ئیسلامی
پێنجشەممە ۲۹-۰۹-۱۴۰۳   |  19-12-2024

بەدوای ڕووخانی ڕژیمی بەشار ئەسد، کۆماری ئیسلامی لە ناوەوە و دەرەوە بەرەوڕووی مەترسی و گرژیی زیاتر بووەتەوە. دەرئەنجامەکانی ڕووخانی دیکتاتۆرییەتی بەشار ئەسەد بووەتە هۆی سەرلێشێواوی و گومان لە ئاستە بەرزەکانی دامودەزگا نیزامی و ئەمنییەکان و سپای پاسداراندا. بە ئاگاداربوون لەم بابەتە خامنەیی لە وتارەکەی ئەم دواییەیدا ڕایگەیاند “موقاومەت لاواز نەبووە. دڵنیا بن ئەم بارودۆخە لە سووریە دەگۆڕدرێ. گومانتان لەوەدا نەبێ کە ناوچە داگیرکراوەکانی سووریە بەدەستی لاوانی ئازای سووریە بۆ جارێکی تر ئازاد دەکرێنەوە”. بەدوای خامنەییدا ڕێبەران و بەرپرسانی حکوومەتی ئیسلامیش بۆ تەقویەتی ڕووحیەی هێزەکانی ڕژیم، وێڕای دان پێدانان بە شکست لە سووریە، دەستیان کرد بە هەڵیت و پڵیت سەبارەت بەوەیکە بارودۆخی کۆماری ئیسلامی بۆ قۆناغی بەر لە ڕووخانی حکوومەتی ئەسەد دەگەڕێننەوە. سەلامی فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران بە دووپات کردنەوەی وتەکانی خامنەیی ناڕاستەوخۆ شکستی قەبووڵ کرد و وتی: “ئاڵوگۆڕەکانی سووریە دەرسێکی تاڵ و پەندێکی گەورەیە کە کۆماری ئیسلامی لە ئاڵوگۆڕەکانی سووریە وەریگرتووە. بەڵام نابێ نائومێد بین چونکە لاوانی موقاومەت سووریە ئازاد و ئیسرائیل نابوود دەکەن. هەروەک بینیمان لە لوبنان موقاومەت بەجۆرێک هەنگاوی هەڵگرت کە سەهیۆنیستەکانی ناچار کرد ئاگربەست قەبووڵ بکەن”. لەم پێوەندییەدا جێگری ڕێکخەری ئەرتەش بە ئاماژەدان بە پێشهاتە خێراکانی سووریە کە بووە هۆی ڕووخانی حکوومەتی بەشار ئەسەد و بۆ پاساوکردنی شکستی کۆماری ئیسلامی، ڕایگەیاند: باروودۆخەکە وای لێهاتووە کە ئەمڕۆ ناتوانین بە تەواوی پێشبینی بکەین ساڵی داهاتوو چی ڕوودەدات”.

ئەوەش لە کاتکێدایە کە ڕووخانی ڕژیمی تاوانکاری بەشار ئەسەد و شکستی یەک لەدوای یەکی کۆماری ئیسلامی و تاقمەکانی “میحوەری موقاومەت”، خۆشی و شادیی خەڵکی ئێرانی لێکەوتووەتەوە. زۆر کەس لە ناوەوە لە ڕوانگەی جۆراوجۆرەوە بەفیڕۆدانی سەدان ملیارد دۆلار لەلایەن کۆماری ئیسلامی لەپێناو پێشخستنی سیاسەتی فراوانخوازی و ستراتێژی شکستخواردووی “شەڕی پێشگرانە و قووڵایی ستراتێژیک” و پێکهێنانی گرووپە تیرۆریستەکانی میحوەری موقاومەتیان داوەتەوە بەر باس و لێکۆڵینەوە. زۆرێک لە چاوەدێران و شیکارانی سیاسی لە ناوەوەی ئێران لەسەر ئەو باوەڕەن کە ڕووخانی ڕژیمی ئەسەد، بووەتە هۆی بێ ئیعتبار بوونی کۆماری ئیسلامی تەنانەت لەبەرچاوی کەسانی سەر بە ڕژیم و ئەوانی تووشی گومان و سەرلێشێواوی کردووە و ڕژیم لەمە بەدوا لە هاوکێشە سیاسییەکان و دانوستانەکاندا شتێکی بۆ ئیمتیاز وەرگرتن نابێت. لە وەها هەلومەرجێکدا عەلی خامنەیی لە سەرهەڵدانی ئاخێزی ناڕەزایەتیی سەرتاسەری لەدژی حکوومەتی ئیسلامی نیگەرانە و بۆ ڕاگرتنی ڕەوتی لەقاودانی ئەم ڕاستییانە، باس کردن و لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی لەم پەیوەندییەدا بە تاوان ڕاگەیاند و هەڕەشەی لە خەڵک کرد کە لەلایەن دەزگای قەزاییەوە سزا دەدرێن.

هەفتەی ڕابردوو عەلی خامنەیی بە بێ ئەوەیکە ناوی دەوڵەتی ئەردۆغان بێنێت ڕووخانی ڕژیمی بەشار ئەسەدی بە ئاکامی بەڕێوەچوونی پیلانی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل لەلایەن دەوڵەتێکی دراوسێ ناوبرد و وتی کە ئەم دەوڵەتە لەم بوارەدا ڕۆڵێکی بەرچاوی بووە و ئێستاش هەیەتی و هەمووان ئەوە دەبینن”. بەدوای ئەودا عەلی ئەکبەر ولایەتی ڕاوێژکاری باڵای خامنەییش لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵنێریی “تەسنیم” وتی: “بەداخەوە ماوەیەکە تورکیە دەست بە دامانی ئەمریکا و ڕژیمی سەهیۆنیستییە و بووەتە ئامرازی دەستی ئەوان و لە جەریانی ڕووخانی حکوومەتی بەشار ئەسەدیشدا ڕۆڵێکی ئاشکرای بووە”. ئەم بابەتە بووەتە هۆی دروست بوونی گرژیی سیاسی و ئابووری لە پەیوەندی نێوان ڕژیمی ئیسلامی و حکوومەتی تورکیەدا. ئاشکرایە کە تورکیە لە ڕێکخستن و پڕچەک کردنی هێزە ئیسلامییەکانی دژبەڕی ڕژیمی سووریە دەورونەخشی سەرەکیی بووە. بەڵام لە هەمان کاتدا لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا تورکیە یارمەتیدەری کۆماری ئیسلامی بووە لە دەور لێدانەوەی سزا ئابوورییەکان و دابینکردنی کاڵا پێویستەکانی ڕژیم. بەم مەبەستە دەوڵەتی ئەردۆغان بە ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسان و کاربەدەستانی ڕژیم ڕێگەی دا کە لە تورکیە شیرکەتی بارزگانی تۆمار بکەن و موعاملە دەستپێبکەن.

لە وڵام بە هێرشە لەفزییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر تورکیە “هاکان فیدان” وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە لە وتووێژ لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی “ئەلحەدەس” وتی: “کەسانێک هەوڵ دەدەن لەڕێگەی هێزە نیابەتییەکانی خۆیانەوە بەسەر وڵاتانی دیکەدا حکوومەت بکەن. تورکیە بەدوای داسەپاندنی هەژمۆنی بەسەر هیچ وڵاتێکدا نییە. بەڵام هەژمۆنی کۆماری ئیسلامی و هیچ وڵاتێکی تریشمان بەسەر ناوچەکەدا ناوێت. تاران دەبێ لە ئاڵوگۆڕەکانی سووریە دەرس وەربگرێت و ناوچەکە نەکاتە گۆڕەپانی هێزە نیابەتییەکانی خۆی. ئیسرائیلیش بەخاتری ئەو بارودۆخەی کە بەشار ئەسەد بۆ کۆماری ئیسلامیی فەراهەم کردبوو ناڕازی بوو”. ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئیبڕاهیم کالین سەرۆکی ڕێکخراوی “میت”ی تورکیە و سەرۆکی ڕێکخراوی ئەمنیی قەتەر چوار ڕۆژ دوای ڕووخانی ڕژیمی ئەسەد چوونە دیمەشق. کالین لەگەڵ ئەبوو محمەممە جەولانی لە شەقامەکانی دیمەشق دەرکەوت. هاکان فیدان ڕایگەیاند کە ئەم سەفەرە دوای ڕاوێژکردن لەگەڵ دەسەڵاتەکانی ناوچەکە و ڕۆژئاوا ئەنجام دراوە. بەڵام ناوبراو لەکاتکێدا باس لەوە دەکات کە تورکیە بەدوای سەپاندنی هەژمۆنی بەسەر هیچ وڵاتێکدا نییە کە لەم دواییەدا ئەردۆغان بە بیری زیندووکردنەوەی ئیمپراتوورییەتی عوسمانی ڕایگەیاند: “ئەگەری زۆرە شارەکانی دیمەشق، حەلەب و ئیدلەب لە داهاتوودا ببنە یەکێک لە پارێزگاکانی تورکیە”.

ئاشکرایە کە لەم ماجەرایەدا تورکیە بەدوای نفووز لە پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسی و جێبەجێ کردن و داسەپاندنی سیاسەتەکانی خۆی بەسەر ئەم وڵاتە و درێژەی داگیرکاری لە کوردستانی سووریەیە و هەڵبەت دەیهەوێ کێشەی پەنابەرانی سووریی دانیشتووی تورکیەش لەسەر ڕێی خۆی لابەرێت. بەڵام بەدەر لە سیاسەتی دژەئینسانی، فراوانخوازانە و فاشیستیی حکوومەتەکانی کۆماری ئیسلامی و تورکیە و دەوڵەتانی دیکەی ناوچەکە، ئەوەیکە لە سووریە ڕوویدا نە لە ڕاستای پێکهێنانی ئاڵوگۆڕی ئەرێنی لە ژیان و ئەمنیەتی کرێکاران و خەڵکی ستەملێکراوی سووریە، بەڵکوو گۆڕینی ڕوخساری حاکمانی دیکتاتۆر و جەنایەتکارە. حکوومەتێک کە دەسەڵاتەکانی ڕۆژئاوا و تورکیە دەیانهەوێ لە سووریە دایمەزرێننن حکوومەتێکی کۆنەپەرستی ئیسلامییە کە خۆی لەگەڵ پێداویستی ئەو دەوڵەتانەدا بگونجێنێ. لە وەها بارودۆخێکدا تەنیا بەشداریی هوشیارانە و ڕێکخراوی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی سووریە لەوانە عەرەب، کورد، دەروزی، مەسیحی و هیتر لە دیاریکردنی مەسیری ئاڵوگۆڕەکانی داهاتوو، ئەو ئاسۆیەیە کە دەتوانێ خەڵکی ستەمدیدەی سووریە لە چنگ حکوومەتەکانی هاوشێوەی ئەسەد لە ناوچەکە و کێبەرکێی زلهێزە ئیمپریالیستەکان ڕزگار بکات.