
لە درێژەی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان لە مەهاباد، “نازەنین ئەلیاسی” لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و ژمارەی دەستبەسەرکراوانی ئەم دواییانە لە مەهاباد گەیشتە ١٤ کەس.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی سەرماوەز، نازەنین ئەلیاسی هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد، دوای بانگکران و چوونی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە دەستبەسەر کراوە. تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران، تۆمەتە سەپێندراوەکان، چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی نازەنین ئەلیاسی لەبەر دەستدا نییە. هەروەها شەوی دووشەممە ٢٦ی سەرماوەز، “عەبدوڵڵا قوە” تەمەن ٤٠ ساڵە و خەڵکی گوندی “کۆڵیجە”ی مەهاباد لەلایەن هێزی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لەم شارە دەستبەسەر کراوە. بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمار کراوەکان، لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوو لانیکەم ١٤ هاووڵاتیی بە ناوەکانی: عەبدوڵڵا قوە، ڕەحمان دانا، سالار شەمسی بورهان، ڕێبوار ڕەسووڵی، ئەیووب ڕەسووڵی، عوسمان (شوانە) جەهانی فەر، یووسف قالە، ئارام مەبزولا، زانیار سەیدئەحمەدی، سیامەند سەیدئەحمەدی، قادر خەرامان فەر، کەماڵ مەسعوودی و جەلال سەدەفی” لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی لە مەهاباد دەستبەسەر کراون.