
بە پێی ڕاپۆرتەکان ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی سەرماوەز، هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد بە ناوی “چیا نەسروڵڵاهی” تەمەن ٣٨ ساڵ، لە شوێنی کارەکەی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە بێ هیچ هۆکارێک دەستبەسەر کراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، چەند ماشین لە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە گەمارۆ دانی دووکانی چیا نەسروڵڵاهی لە گەڕەکی “بەری شیلان”ی مەهاباد، بە بەکارهێنانی توندوتیژی هەوڵی دەستبەسەرکردنیان داوە و ناوبراویان بۆ شوێنێکی نادیار گواستووەتەوە. تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران، تۆمەتە سەپێندراوەکان، چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی چیا نەسروڵڵاهی لەبەر دەستدا نییە.
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان، لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا، لانیکەم ١٥ هاووڵاتیی لە شاری مەهاباد لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی دەستبەسەر کراون.