مانگرتنی کرێکارانی حەوت ناوەندی شیرکەتی ئامازۆن لە ئەمریکا
هەینی ۳۰-۰۹-۱۴۰۳   |  20-12-2024

کرێکارانی حەوت ناوەندی شیرکەتی ئامازۆن لە ئەمریکا، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی سەرماوەز، لە تەعتیلاتی کریسمەس و ساڵی نوێی زاینیی و قەرباڵغی بازاڕەکان، دەستیان لەکار کێشایەوە و مانیان گرت.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێریی ڕوویتێرز، ئەم مانگرتنە کە لە شارەکانی نیۆیۆرک، ئاتلانتا و سانفڕانسیسکۆ بەڕێوەچووە، لە ڕاستای ناچار کردنی بەرپرسانی ئامازۆن بە مەبەستی دەستپێکی وتووێژ لەسەر حەقدەستەکان لەگەڵ یەکێتیی کرێکاران ئەنجام دراوە. کرێکارانی مانگرتوو خوازیاری بردنەسەرێی ئاستی حەقدەستەکان، باشتربوونی بارودۆخی کاریان و بەڕەسمیەتی ناسینی یەکێتییەکەیانن. یەکێتیی “تیمێستێرز” کە نوێنەرایەتی زیاتر لە ١٠ هەزار کرێکار لە ١٠ ناوەندی ئامازۆن دەکات، ئەم مانگرتنەی بە گەورەترین هەنگاو لەدژی ئەم شیرکەتە ناو بردووە.