
لە بارودۆخێکدا کە کەمبوونی نەوت و گاز و بەرق لە سەرمای زستاندا بووەتە هۆی داخرانی خوێندنگا، زانکۆ و ئیدارە دەوڵەتییەکان و زۆرێک لە کارگا و ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و کەسب و کار، خەڵکی هەژاری ئێران لە سەرمای زستاندا مەجبوورن بۆ کڕینی سووتەمەنی چەندین سەعات لە سەفی دورودرێژدا لە بەردەم شوێنەکانی دابەشکردنی سووتەمەنیدا ڕاوەستن. کێشە و گرفتی کەمبوونی سووتەمەنی لە هاوینانیشدا بە شێوەی خامۆشیی بەردەوامی بەرق فشار دەخاتە سەر ژیانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش. قەیرانی کەمبوونی گاز لە وڵاتی ئێران بە ١٧% سەرچاوەی گازەوە کە لەدوای ڕووسیە خاوەنی گەورەترین پاشکەوتی گازە لە جیهاندا، ڕیشەی لە قەیرانی قووڵی ئابووری و ئیفلاس و داماویی حکوومەتی ئیسلامیدایە. پزیشکیان سەرۆک کۆماری بێدەسەڵات و ملکەچی ڕژیم فریوکارانە و بێشەرمانە، داوا لە خەڵک دەکات کە دوو پلە لە گەرمیی ماڵەکانیان کەم بکەنەوە بۆ ئەوەی ڕێژەی بەکارهێنانی گاز کەم بێتەوە. ئەوەش لە کاتێکدایە کە خۆی چەند ڕۆژ لەمەوبەر ڕایگەیاند کە ڕۆژانەی ٢٠ ملیۆن لیتر سووتەمەنی لە ئێران بۆ وڵاتانی دیکە قاچاغ دەکرێت و دەوڵەت هیچ زانیارییەکی لەسەر ناوەندە قاچاغەکان و چۆنیەتیی چالاکیی ئەم تۆڕانە نییە.
هەواڵنێریی ڕوویتێرز ڕۆژی چواشەممە ٢٨ی مانگی سەرماوەز لە ڕاپۆرتێکدا لەسەر زاری سەرچاوە ناوخۆیی و بیانییەکان نووسی: لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا سپای پاسداران زیاتر بەسەر سەنعەتی نەوت و گازدا زاڵ بووە و هەموو بوارەکانی ئەم تەجاڕەتە و شیرکەتە ڕواڵەتییە هاوکارەکان کە زۆربەیان چینین، بۆ دەورلێدانەوەی سزاکان و فرۆشتنی نەوت و گاز لە ئیختیار سپای پاسداراندا بووە”. سەنعەتێک کە تەنیا سەرچاوەی داهاتی دراویی حکوومەتی ئیسلامییە. لەم ڕاپۆرتەدا نووسراوە کە لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا داهاتی قاچاغ و فرۆشی نەوت و گاز ١٤٤ ملیارد دۆلار بووە و سپای پاسداران ٥٠%ی ئەم داهاتەی بۆ خەرجییەکانی خۆی لەوانە یارمەتیدانی هێزەکانی “میحوەری موقاومەت” تەرخان کردووە و نیوەکەی دیکەشی داوە بە دەوڵەت و ناوەندەکانی دیکەی حکوومەت. لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا بەهۆی چاوپۆشیی دەوڵەتی بایدن بەمەستی سات و سەودا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، سپای پاسداران بە دەورلێدانەوەی سزا ئابوورییەکان توانیویەتی ڕۆژانە یەک ملیۆن و ٦٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بە نرخی خوارتر و بە داشکاندنی پێنج تا هەشت دۆلار بە چین بفرۆشێت. ڕاپۆرتەکەی ڕوویتێرز هەروەها دەنووسێت کە قاچاغی نەوت و گازی ئێران لە ئاوە نێونەتەوەییەکان بەتایبەت لە دەریای چیندا ئەنجام دەدرێت و بۆ ڕێگری لە شوێنگرتنیان لە نەوتکێشە غەیرە ڕەسمییەکانی سپای پاسدارانەوە بۆ نەوتکێشە چینییەکان دەگوازرێتەوە. لەگەڵ هاتنە سەر کاری ترامپ و داسەپاندنی سیاسەتی زۆرترین فشار، لە بارودۆخێکدا کە کۆماری ئیسلامی لەگەڵ گرژی و قەیرانی ناوچەیی و جیهانی بەرەوڕوویە، بارودۆخی ژیانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش دژوارتر دەبێتەوە.
بەمجۆرە دەبینین کە پاساوی کاربەدەستانی حکوومەتی ئیسلامی کە دەڵێن تەحریمەکانی ڕۆژئاوا و ئەمریکا تەنیا هۆکاری قەیرانی ئابووری و کەمبوونی نەوت و گاز و ماددە خۆراکییەکانە، نادروست و فریوکارانەیە. چونکە زۆر هۆکاری دیکەش لەسەر پەرەسەندنی قەیرانی ئابووری کاریگەری دادەنێن. بۆ نموونە سیاسەتی پڕهەزینەی ناوچەیی و هێزە نیابەتییەکانی ناوسراو بە میحوەری موقاومەت، هەزینەی بەرینی دەزگا بێشومارەکانی سەرکوت (پاسدار، بەسیج، هێزە نیزامی و و ئینتزامی و دەزگا ئەمنییەکان)، هەزینەی بەرینی ناوەندە جۆراوجۆرەکانی تەبلیغی جەهل و خورافەی مەزهەبی و ناوەند و دامودەزگای ئاخوندە مفتەخۆرەکان و گەندەڵی و دزیی دەیان و سەدان هەزار ملیارد تمەنی کاربەدەستانی و دەست و پەیوەندەکانیان، هەڵبەت لە پەنا قەیرانی پێکهاتەیی نیزامی سەرمایەداری، هەر هەموویان هۆکارن بۆ پەرەسەندنی قەیرانی ئابووری. ئەو قەیرانەی کە ژیان و گوزەرانی دەیان ملیۆن کەس لە خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگای بەروڕووی هەژاری و نەهامەتی کردووەتەوە.
لە بارودۆخی ئێستادا قەیرانی ئابووری و سیاسیی کۆماری ئیسلامی گشت ڕەوتی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیی لە کارخانە و ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری تووشی ڕکوود کردووە. پەرەسەندنی تەوەرۆم و گرانی، هەژاری و بێکاری ڕۆژ لە دوای ڕۆژ سفرەی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی بەتاڵتر و بێ ڕەونەقتر کردووە. لەدوای ڕووخانی بەشار ئەسەد بەهای تمەن بەشێوەیەکی بێ وێنە و کۆنتڕۆڵ نەکراو بەردەوام هاتووەتە خوارێ. ئەگەر لە ساڵی ٢٠١٥دا نرخی هەر دۆلارێک ٣ هەزار و ٢٠٠ تمەن بوو، لە کاتی دەست بەکار بوونی دەوڵەتی پزیشکیان گەیشتە ٥٨ هەزار و ٤٠٠ تمەن و لەئێستاشدا قیمەتی هەر دۆلارێک چووەتە سەرووی ٧٨ هەزار تمەن. “نەشتەرگەریی ئابووری” پزیشکیان و تیمە ئابوورییەکەی لە گۆڕین و لابردنی دراوی جۆراوجۆری تەرجیحی و ئیمایی و ڕەسمی بارودۆخی ئابووریی ئێرانی ئاڵۆزتر کردووە.
ئەوەش لە کاتکێدایە کە نرخی کاڵا پێویستەکانی خەڵک بە دۆلار حیساب دەکرێت. بەڵام حەقدەستی کرێکاران و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا بەتمەن دەدرێت. لە کاتێکدا کە هەزینەی سەبەدی مەعیشەتی بنەماڵەیەک گەیشتووەتە ٤٠ ملیۆن تمەن، لانیکەمی حەقدەستی ئەو کرێکارانەی کە شانسیان هێناوە و هێستا لەسەر کارن هەشت ملیۆن و ٢٠٨ هەزار تمەن دیاری کرداوە و هەتا کۆتایی ساڵیش ناگۆڕدرێت. سەبارەت بە خانەنشینان کە ڕۆژانە لە شارەکانی ئێران دەست دەدەنە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی، ڕێژەی حەقدەست و مەزایای هەر کەسێکی خانەنشین بە هاوسەر و منداڵەوە دە ملیۆن و ٩٠ هەزار تمەن دیاری کراوە کە چوار بەرابەر لەژێر هێڵی هەژاریدایە. وەها بارودۆخێک ژیانی خەڵکی یەکجار سەخت و تاقەت پڕووکێن کردووە و ئێرانی خستووەتە سەر لێواری تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتی.
گرژییە ناوچەییەکانی کۆماری ئیسلامی و شکستی ستراتێژی شەڕی پێشگرانەی ڕژیم و لێکهەڵوەشانی بەشێکی زۆر لە “میحوەری موقاومەت” ورەی هێزەکانی ڕژیمی تێکشکاندووە و تووشی شک و گومانی کردوون. ئەم بابەتە ڕژیمی خستووەتە پێگەیەکی یەکجار لاوازەوە. خامنەیی و ڕێبەریی سپای پاسدارانیش دەزانن کە لەسەر چ دەریایەک لە تووڕەیی و بێزاریی خەڵک حکوومەت دەکەن و توانای بەرەنگاربوونەوەیان لەگەڵ ڕاپەڕینی کرێکاران و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە نییە. “جەوادی ئامۆلی” لە مەراجعی تەقلیدی قۆم وێڕای دان پێدانان بەم واقعییەتانە وتی: “کاتێک دەتوانین ڕاوەستین کە موقاومەتی ناوخۆییمان بێت. ئەگەر ئێمە خۆمان گرفتاری ئیختلاس و بابەتی هاوشێوە بین، ئایا دەتوانین لە بەرامبەر دوژمناندا موقاومەت بکەین؟”.
لە بارودۆخێکدا کە هەموو نیشانەکان ئەوەمان پێ دەڵێن کە کۆماری ئیسلامی بەهۆکاری بێتوانایی لە وڵامدانەوە بە پێداویستی و خواستی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش دەسەڵاتەکەی کەوتووەتە ژێر پرسیارەوە و کۆمەڵگاش لە قۆناغێکی شۆڕشگێڕانەدایە. درێژەی مانگرتنی کرێکاری لە ناوەندە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی ناڕەزایەتیی جەماوەری و هێرش بۆسەر ناوەندەکانی حکوومەتی ئیسلامی، گونجاوترین ڕێگای پێشڕەویی خەبات بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و ڕزگارکردنی دەیان ملیۆن کەس لە خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگایە لە چنگ ئەم دەسەڵاتە دیکتاتۆرە ئیسلامی و سەرمایەدارییە.