
هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری سەرپێڵی زەهاو سەر بە پارێزگای کرماشان، بە ناوی “کاوە سوهرابی” تەمەن ٢٢ ساڵ، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپاوە دەستبەسەر و تاوەکوو ئێستا هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەست نییە. ناوبراو لەگەڵ ٧ هاووڵاتی دیکە بەهۆی بڵاوکردنەوەی پۆست لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام دوای ڕووخانی حکوومەتی بەشار ئەسەد دەستبەسەرکرابوو.
کاوە سوهرابی ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی سەرماوەز، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا بۆ سەر ماڵەکەی و بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر کرابوو. جێگای ئاماژەیە، پێشتریش ٧ هاووڵاتی دیکە بە ناوەکانی “ئومێد ساڵحی” تەمەن ١٧ ساڵ، “ئایمن سەفایی” تەمەن ٢١ ساڵ، “کۆمار ساڵحی” تەمەن ٢٣ ساڵ، “هێمن پاڵانی” تەمەن ٢٥ ساڵ، “عیرفان مورادی” تەمەن ٢٥ ساڵ، “خالید کەمەری” تەمەن ٢٧ ساڵ و “پەیام ڕەنجبەر” تەمەن ٢٧ ساڵ، لە هەمان ڕۆژدا لە سەرپێڵ زەهاو دەستبەسەر کرابوون.