
بەپێی ڕاپۆرتەکان، لەم دواییانەدا “سینا محەممەدی”، چالاکی مەدەنی تەمەن ٢٧ ساڵ و کارناسی بەڕێوەبەرایەتی، لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی دێهگولان بە یەک مانگ زیندان مەحکووم کراوە.
هەروەها هەندێک سزای دیکە وەک، ٢٤٠ کاتژمێر چالاکی خۆڕایی لە ئیدارەی ڕێگاوبان و ڕاگواستن، لە ڕێگای نێوان دێهگولان بۆ بڵواناوا بەسەر ئەو چالاکە مەدەنییەدا سەپێندراوە. جێگای ئاماژەیە، ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی خەرمانانی ئەمساڵ، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری بڵواناوا هەڵیانکوتابووە سەر ماڵی بنەماڵەی سینا محەممەدی و ناوبراویان بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر کردبوو. ناوبراو دوای ٨ ڕۆژ دەستبەسەرکران بە دانانی بارمتەی یەک ملیار تمەنی و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە زیندانی قوروە ئازاد کرابوو.