
کرێکارانی پەیمانی شاغڵ لە پاڵاوگەکانی دامەزراوەی نەوت و گازی پارسی جنووبی، ئەمڕۆ سێشەممە ٤ی بەفرانبار، لە ناڕەزایەتیی بە جێبەجێ نەکرانی خواستەکانیان، دەستیاندایە کۆبوونەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، کرێکارانی پەیمانی شاغڵ لە دامەزراوەی نەوت و گازی پارسی جنووبی، بە وتنەوەی درووشمی “لە درووشمەوە تا کردەوە، تەنیا بەڵێنی بێ بنەما”، “داخوازی ئێمە یەک شتە، دانی حەقدەستی تەواو” و “حەقدەستی دادپەروەرانە، مافی سەرەکی ئێمەیە”، دەستیان لەکار کێشایەوە و لە بەرامبەر بەڕێوەبەرایەتی ستادی ئەم ناوەندە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد. کرێکارانی ناڕازی هەروەها خوازیاری وەدیهاتنی خواستەکانیان لەوانە: “بەکردەوە دەرهاتنی گەڵاڵەی ڕیزبەندی کارە سەخت و زیانبارەکان، یەکسان سازی حەقدەستەکانیان لەگەڵ کرێکارانی دائێمی، پێڕاگەیشتن به بارودۆخی شۆفیران، سازماندانی هاتوچۆی کرێکارانی ئیداری و پشتیوانی، هەروەها پێبەندبوون بە ڕێککەوتنی پێشوو سەبارەت بە دانی مەرخسی ئێستحقاقی و دانی حەقی کەمپ”، بوون.