
بە پێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی چوارشەممە ٥ی بەفرانبار، “ئیبراهیم گوڵعەنبەر” خەڵکی جوانڕۆ، لە ڕێگای گەڕانەوەی لە تاران بۆ جوانڕۆ، لە نزیکی بێستوون لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
بە گوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە لەگەڵ هاوژینەکەی لە کاتی گەڕانەوەیان لە تاران بۆ جوانڕۆ لە ناوچەی بێستوون، دەستبەسەر کراوە، بەڵام هاوژینەکەی دەستبەسەر نەکراوە. شایانی باسە، ئیبراهیم گوڵعەنبەر برای ئیسماعیل گوڵعەنبەر، لە گیانبەختکردوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە جوانڕۆیە. ئیسماعیل گوڵعەنبەر ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی خەزەڵوەری ١٤٠١ دوای ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی دوو گیانبەختکردووی بەرخۆدانی جەماوەریی جوانڕۆ، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای نەبی ئەکرەمی کرماشان لە شەقامی بێهداری جوانڕۆ کوژرا. تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لە هۆکاری دەستبەسەرکردن، تۆمەتە سەپێندراوەکان و هەروەها شوێنی ڕاگرتنی ئەم هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.