کۆنفڕانسی ١٣ی ڕێکخراوی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە ٢٤ و ٢٥ی مانگی سەرماوەزی ١٤٠٣ بەرابەر لەگەڵ ١٤ و ١٥ی دێسامبری ٢٠٢٤ بە بەشداری ئەندامانی ڕێکخراوی دەرەوەی وڵاتی حیزب، هاوڕێیانی ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران (کۆمەڵە) و سەرجەم هاوڕێیانی بەرئەندام بەشێوەی ئانڵاین بەڕێوەچوو.
کۆنفڕانس بە سروودی ئەنترناسیۆناڵ و دەقیقەیەک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی هاوڕێیانی حیزب و هەموو گیانبەختکردووانی ڕێگای ئازادی و سۆسیالیزم دەست بە کار بوو. پاشان ئاییننامەی ناوخۆیی کۆنفڕانس پەسندکرا و هەیئەتی ڕەئیسەی دایم هەڵبژێردرا. لە درێژەدا هاوڕێ ئەڵماس فەڕزی (سەمەد) دەبیری کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزب وێڕای بەخێرهاتن کردنی ئامادەبووان، هەوڵ و تێکۆشانی ئەندامان بەتایبەتی کۆمیتەی تەشکیلاتی لە نۆژەنکردنەوە و پێشخستنی ئەرکە تەشکیلاتی و سیاسییەکانی حیزب بەرز نرخاند. ئەو وێڕای ئاماژەدان بە بارودۆخی هەستیار و وەرچەرخاوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و درێژەی قۆناغی شۆڕشگێڕانە لە ئێران، لەسەر گرینگیی ئامادەبوونی هەرچی زیاتری ڕێکخراوی دەرەوەی وڵات بۆ پشتیوانیی بەرین لە بزووتنەوەی کرێکاری و سۆسیالیستی ئێران تەئکیدی کرد.
دواتر هاوڕێ مەزریە نەزەری بەیاننامەی سیاسیی کۆنفڕانسی پێشکەش کرد؛ بەیاننامەیەک کە لە کۆبوونەوەکانی ئامادەکاری بۆ کۆنفڕانسدا گفتوگۆی لەسەر کرابوو. ئەم بەیاننامەیە لەلایەن ئەندامانەوە درایە بەر باس و لێکۆڵینەوە و دەقی کۆتایی بۆ بڵاوکردنەوەی گشتی ئامادە دەکرێت. لە بەشی دواتردا، ڕاپۆرتی ڕێکخراوی کۆمیتەی دەرەوەی وڵات لەلایەن هاوڕێ ئەڵماس فەرزییەوە پێشکەش کرا. لەم ڕاپۆرتەدا وێڕای ئاماژە بە نۆژنکردنەوەی سەرکەوتووانەی تەشکیلات لەدوای کۆنفڕاسی ١٢ی ڕێکخراوی دەروەی وڵات کە باڵی ئینشعابی سەرەڕای هەوڵەکانی ئێمە بۆ یەکڕیزیی بنەڕەتیی حیزب، ئینشعابێکی نەخوازراویان بەسەرماندا سەپاند و هەموو ئیمکانات و ئامرازەکانی تەشکیلاتیان داگیر کرد، تیشک خرایە سەر: هەوڵەکانی ڕێکخراوی دەرەوەی وڵات و سەرجەم ئەندامانی حیزب لەڕاستای زەروورەتی تەحکیمی حیزبییەت، گەشەپێدانی ڕێکخراوی دەرەوە لەڕووی چەندایەتی و چۆنایەتی، بەهێزکردنی بواری دارایی تەشکیلات، زیادکردنی ئەندامان و ڕاهێنان و گواستنەوەی ئەزموون و زانستی سیاسی و ڕێکخراوەیی بۆ کادرە لاوەکانی حیزب، پێویستیی کاری هاوبەش لەگەڵ هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان، یەکڕیزی و کاریگەرتر کردنی چالاکی و خەباتمان لە دەرەوەی وڵات بۆ پشتیوانی لە بزووتنەوەی کرێکاری و هەموو بزووتنەوە هاوچارەنووسەکان. ڕاپۆرتەکە دوای گفتوگۆ و پەسند کردن، بە مەبەستی پێداهاتنەوە و پاشان بڵاوکردنەوە ڕادەستی کۆمیتتەی هەڵبژێردراوی کۆنفڕانس کرا.
لە بەشی کۆتایی دەستووری کاری کۆنفڕانسدا، بەپێی ئەساسنامەی حیزب، هەڵبژاردنی کۆمیتەی ڕێکخراوی دەرەوەی وڵات بەڕێوەچوو. لەناو نوێنەرانی حەوزەکانی حیزب و کاندیدەکاندا، ١٢ کەس بۆ هیدایەت و ڕێبەریی ڕێکخراوی دەرەوە هەڵبژێردران. کۆنفڕاس دوای دوو ڕۆژ کاری چڕوپڕ، بە سروودی ئەنترناسیۆناڵ و تەئکید لەسەر هاوپشتیی جیهانیی چینی کرێکار، سەرکەوتووانە کۆتایی هات.
کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
سەرماوەزی ١٤٠٣ی هەتاوی
دێسامبری ٢٠٢٤ی زایینی