کوژران و برینداربوونی بە دەیان بەندکراو لە زیندانێکی مۆزامبیک
شەممە ۰۸-۱۰-۱۴۰۳   |  28-12-2024

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی گاردیەنی بریتانیا، فەرماندەی گشتیی پۆلیسی مۆزامبیک ڕایگەیاندووە، بەهۆی شەڕ و ئاژاوە لە نێوان بەندکراوانی زیندانی “مابوتو” لە پایتەختی ئەم وڵاتە، ٣٣ بەندکراو گیانیان لەدەست داوە و ١٥ بەندکراوی دیکەش برینداربوون.
ناوبراو هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە نزیکەی هەزار و ٥٣٠ بەندکراو لەکاتی بشێوییەکەدا هەڵاتوون، بەڵام تا ئێستا ١٥٠ کەسیان دووبارە دەستگیر کراونەتەوە. جێگای ئاماژەیە، لە پاش هەڵبژاردنی پەرلەمانی مۆزامبیک کە تێیدا حزبی “فریلیمو”ی فەرمانڕەوا بۆ جارێکی دیکە دەسەڵاتی گرتەوە دەست، ئاژاوە و بشێوی وڵاتەکەی گرتووەتەوە و بەرهەڵستکاران پێیان وایە، هەڵبژاردنەکە ساختەیی تێدا کراوە و ئەنجامەکەیان قبووڵ نییە.