پەرەسەندنی هەژاری و نەهامەتی لە کۆمەڵگا بناغەکانی ژیانی ماددی و مەعنەویی کرێکاران و زەحمەتکێشانی بەرەو تەباهی و لەناوچوون بردووە. جیاکاری و نایەکسانیی ئابووری و کۆمەڵایەتی، مەودای بەرینی نێوان چین و وتوێژە زەحمەتکێشەکانی کۆمەڵگا لەگەڵ خاوەنانی سەرمایە و دەسەڵات بەئاشکرا نیشان دەدات و زیاتر پەرەی پێدەدات. ئەم ناتەبایی و جیاوازییە چینایەتییانە پەرەسەندنی ناڕەزایەتیی خەڵکی لێکەوتووەتەوە و بووەتە هۆی ئەوەیکە جەماوەری ژێر ستەمی کۆمەڵگا بەشێوەی جۆراوجۆر ناڕەزایەتی و ئیعتڕازی خۆیان لەئاستی کۆمەڵگادا دەربڕن و داخوازییەکانیان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا بەیان بکەن.
خانەنشینانیش کە توێژێکی بەرین لە زەحمەتکێشانی کۆمەڵگا پێکدەهێنن، بەخاتری ئەم ستەمە چینایەتییە کە لەلایەن چینی دارا و نیزامی سیاسیی دەسەڵاتدارەوە بەسەریاندا دەسەپێت وەگیان هاتوون و لەم موناسباتە ڕەنج دەبەن. بێتوانایی لە دابینکردنی هەزینەکانی ژیان و لەخوارێ بوونی ئاستی حەقدەست و مووچە و هەڵاواردنی جۆراجۆر و بەتایبەت نەبوونی ئازادیی ڕادەربڕین، ئازادیی ڕێکخراو و ئازادیی ڕەخنەگرتن و ناڕەزایەتی، خانەنشینانی هێناوەتە ڕیزی ناڕازییانی کۆمەڵگاوە و ڕەوانەی شەقامەکانی کردوون. ئەم ناڕەزایەتییە لەو کۆبوونەوە جۆراوجۆرانەدا خۆی نیشان دەدات کە خانەنشینان بۆ گەیاندنی دەنگیان لە بەرامبەر ناوەندە فەرمییەکاندا بەرپای دەکەن. لەڕاستیدا کۆبوونەوەکانی سەرشەقامی خانەنشینان کردارێکی کۆمەڵایەتییە کە لێبڕاوبوونیان بۆ بەدواداچوونی خواستەکانیان و تێکۆشانیان بۆ گۆڕینی بارودۆخی ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی نیشان دەدات.
پێویستە خانەنشینان بۆ کاریگەرتر کردنی ئەم کۆبوونەوانە هەوڵ بدەن ڕێکخراوی سەربەخۆ، گشتگیر و سەرتاسەریی خۆیان پێکبهێنن. وە بە گونجاندنی خواستەکانیان لە مەنشوورێکی هاوبەشدا، ئاستی ناسین و هۆشیاریی خۆیان سەبارەت بە زانست و خەبات و چۆنیەتیی گەیشتن بە خواستەکانیان زیاتر بەرنە سەرێ. خانەنشینان پێویستە بەرەو پێکهێنان و پەرەپێدانی ئەو ڕێکخراوانەی کە ئەساسەن ئامرازی خەبات بۆ خواستی ئابووری، کۆمەڵایەتی و ڕەفاهین هەنگاو هەڵگرن و بۆ وەدیهێنانیان خەبات بکەن تا بتوانن بناغەی ڕێکخراوە سەربەخۆ و گشتگیر و سەرتاسەرییەکانی خۆیان دابڕێژن و پەرەی پێبدەن.
بنەماکانی خەباتی خانەنشینان بریتین لە:
١ – گەڵاڵەکردنی ڕوون و وردی خواستی دەستبەجێ و کورتماوە و درێژماوەی ئابووری – کۆمەڵایەتی، سیاسی و فەرهەنگی کە بەدرێژایی ساڵانێکی زۆر شکڵیان گرتووە و سەرجەم خانەنشینان لەسەری ڕێککەوتوون.
٢ – پێویستیی بانگەشەکردنی هەموو خانەنشینان لەوانە کشوەری، لەشکری، تەئمینی ئیجتماعی، فوولاد، نەوت، موخابرات، ئاو و بەرق، ماشێن سازی، موعەلیمان، تەندروستی و دەرمان، شارەدارییەکان، و هیتر بۆ بەدواداچوونی خواست و داخوازییەکانیان و ئامادەکردنی بارودۆخێک کە وەدیهێنانی ئەم خواست و داخوازییانە لە ڕێگا جۆراوجۆرەکانی ناڕەزایەتی و خەباتەوە ئاسان بکاتەوە.
٣ – بانگەشەکردنی هێزی لەسەرکار بۆ پێکهێنانی بارودۆخێک کە یەکگرتوویی هەموو کرێکاران و زەحمەتکێشانی لەسەرکار و خانەنشین، بەمەبەستی درێژەی خەبات لەپێناوی دەستەبەرکردنی خواستە هاوبەشەکانیان و پەرەپێدانی ئەم یەکگرتوویی و هاوپشتییە فەراهەم بکات.
ئامانج و داخوازییە دەستبەجێکانی خانەنشینان
١ – بردنەسەری دەستبەجێی مووچەی خانەنشینان بەپێی ئاستی داهاتی مامناوەندی خۆشبژێویی کۆمەڵگا بۆ هاتنەدەر لە ژێر هێڵی هەژاری. حقووق و مووچەی خانەنشینان نابێ لە خەرجی ژیانی مامناوەندی بنەماڵەیەکی شاری کەمتر بێت. وەها حقووقێک دەبێ هەموو ساڵێ یەک جار (یان هەر شەش مانگ یەکجار لەسەر بڕیاری خانەنشینان) بەلەبەرچاوگرتنی ڕێژەی ڕاستەقینەی تەوەرۆم زیاد بکرێت.
٢ – دەرمانی بەخۆڕایی و بیمەی کارامە و گشتگیر لە جیاتی بیمەی تەکمیلی و پڕهەزینە، بۆ کەسانی خانەنشین و لەسەرکار.
٣ – شەفاف کردنی وەزعییەتی سندووقەکانی خانەنشینی و گەڕاندنەوەی سەرمایە تاڵانکراوەکان بۆ ناو سندووقەکان. هەروەها پێویستیی چاوەدێریی نوێنەرانی ڕاستەقینە و هەڵبژێردراو بەسەر ئەم سندووقانەدا.
٤ – بەڕێوەبردنی هاوسانسازیی حقووق و مووچەی خانەنشینان و کەسانی لەسەرکار بەپێی “بەندی ١”ی ئەم بەیاننامەیە.
٥ – درانەوەی سەرجەم قەرزەکانی دەوڵەت بە سندووقی تەئمینی ئیجتماعی و باقی سندووقەکانی خانەنشینان.
٦ – دژایەتی لەگەڵ زیادکردنی ساڵەکانی خزمەت و تەمەنی خانەنشینی.
٧ – مافی پێکهێنان و بەڕەسمی ناسینی هەرجۆرە ڕێکخراوێکی سەربەخۆ و هەروەها مافی بەرپاکردنی مانگرتن، کۆبوونەوە، ئازادیی ڕادەربڕین و بڵاوکردنەوە، بە بێ هەلسووکەوتی ئەمنیەتی و پۆلیسی.
٨ – ئازادیی بێ شەرت و مەرجی هەموو کرێکاران، موعەلیمان، خانەنشینان، ژنان، خوێندکاران و چالاکانی سیاسی لە زیندان، خەبات بۆ ئازادیی ڕادەربڕین و بیرکردنەوە و پێکهێنانی ڕێکخراو و خەبات دژبە هەرجۆرە زەبروزەنگ و سەرکوتی ئازادیی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش.
٩ – پشتیوانی لە خەباتی ڕەوای ژنان، بەتایبەت ژنانی کرێکار و خانەنشین.
١٠ – دابینکردنی شوێنی نیشتەجێ بوونی گونجاو بۆ هەموو خانەنشینان.
١١ – هەوڵ بۆ دروستکردنی ئامراز و ئیمکاناتی فەرهەنگی و وەرزشی و شوێنی گەشت و سەیران بۆ سەرجەم خانەنشینان لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران.
ئامانجە کورتماوە و درێژماوەکان:
ئامانجە کورتماوە و درێژماوەکانی خانەنشینان لەپێناوی داخوازییانەکانی سەرەوە و پەرەپێدان و پتەوکردنیان دەتوانێ لە جەریانی کردەوە و هاوفکری و هاوسۆزیی هەموو چالاکاندا شێوازێکی دیاریکراو و ڕوون بەخۆی بگرێت. بێگومان جێخستنی ڕێکخراوە سەربەخۆکانی خانەنشینان و هاوکاریی ئەوان لەگەڵ شێوازە جۆراوجۆرەکانی ڕێکخراوی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش لەپێناوی یەکگرتوویی و هاوپشتی لە نێوانیاندا دەتوانێ ئامانجی کورتماوە و درێژماوەی خانەنشینان بێت. ئەمجۆرە ناوەندانە نەتەنیا لە وەدیهێنانی مافەکانی خانەنشینان، ڕێگری لە پێشێلکردنی مافەکانیان و زەمانەتکردنی ژیانیان گرینگ و چارەنووسسازن بەڵکوو لە دابینکردنی خۆشبژێوی، گەشە و پێشخستنی فەرهەنگی کۆمەڵگا و هەروەها لە گواستنەوەی ئەزموون بۆ توێژی لاوتری کۆمەڵگا یەکجار کاریگەرن.
پێشنیاری کردەوەیی
دیاریکردنی سێ کۆمیتە بۆ جێبەجێ کردنی سیاسەت و بەرنامەی ڕێکخراوی سەربەخۆ و گشتگیر:
١ – کۆمیتەی بانگەشە، پەرەپێدان و پەروەردە
٢ – کۆمیتەی ڕێکخستن
٣ – کۆمیتەی ماڵی.
ئەرکی کۆمیتەی بانگەشە، پەرەپێدان و پەروەردە
ئەم کۆمیتەیە دیاریکردنی بنەما، خواست و دروشمەکانی تەبلیغ و بانگەشەی بۆ خەباتی ئابووری – کۆمەڵایەتی وەئەستۆیە. ئەم کۆمیتەیە گەڵاڵە و پێشنیاری خۆی لەم بوارانەدا پێشکەشی کۆبوونەوەی گشتی دەکات کە دەبێ لەوێدا پەسند بکرێت.
ئەم کۆمیتەیە لە بەڕێوەبردنی میدیای ڕێکخراو (کەناڵ یان ماڵپەڕ یان وێبڵاگ و هتد) بەرپرسیارە.
ئەرکی کۆمیتەی ڕێکخستن بریتییە لە:
١ – ڕێکخستنی ئاکسیۆن و کۆبوونەوەکان.
٢ – هەوڵدان بۆ پەرەپێدانی ڕێکخراوی هاوشێوە لە ناوچە و شارەکانی دیکەی وڵات
٣ – پەیوەندی لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کرێکاران، موعەلیمان، خانەنشینان، ژنان، خوێندکاران و هیتر بۆ هاوکاری و ئاکسیۆنی هاوبەش.
ئەرکی کۆمیتەی ماڵی:
کۆکردنەوەی حەقی ئەندامیەتی، یارمەتیدان بۆ پێکهێنانی سندووقە ماڵییەکان.
سەندیکای کرێکارانی نەیشەکەری حەوت تەپە
گرووپی یەکیەتیی خانەنشینان
کرێکارانی خانەنشینی خووزستان
کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ یارمەتیدان بە پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان
٩ی مانگی بەفرانباری ١٤٠٣ی هەتاوی