فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

مانگرتن و ناڕەزایەتیی بازاڕییان لە تاران؛ ئەو قەیرانانەی کە کۆماری ئیسلامی تێکەوەدەپێچن
سێشەممە ۱۱-۱۰-۱۴۰۳   |  31-12-2024

لەگەڵ پەرەسەندنی قەیرانی ئابووریی کۆماری ئیسلامی و ڕەوتی خێرای چوونەسەری بەهای دۆلار لەلایەکەوە و مەحدوودییەتی سەعاتی کار و داخرانی بەردەوامی کارگا و ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و دووکانەکان بەهۆکاری قەیرانی سووتەمەنی و کەمبوونی بەرق و ئاو لەلایەکی دیکەوە، بازاڕی شارەکانی لە ئێران بەتایبەت لە شارە گەورەکان، لەگەڵ ڕکوودی زیاتر و هاتنەخواری بەرچاوی ئاستی موعاملات و کڕین و فرۆشتن بەرەوڕوو کردووەتەوە. هەڵبەت ئاکامی شکستی یەک لە دوای یەکی سیاسەتی دەستتێوەردان و شەڕخوازیی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە و کۆنتڕۆڵکردنی زیاتری بواری هەناردەکردن و فرۆشتنی نەوت و گاز لەلایەن ئەمریکا لەماوەی چەند مانگی ڕابردووش لەسەر بەرینایی قەیرانی ئابووری و بارودۆخی دارایی حکوومەتی ئیسلامی کاریگەریی داناوە.

هەروەها، فەزای ڕەوانیی ئەگەری پەرەسەندنی شەڕی دەوڵەتی ئیسرائیل و ڕژیمی ئیسلامی بەرەو ئێران وەک ناوەندی بەناو “میحوەری موقاومەت”ی ڕەوتە تیرۆریستە ئیسلامییەکان، بەتایبەت لە سەروبەندی هاتنە سەر کاری دووبارەی ترامپ و ئەگەری داسەپاندنی سیاسەتی ئەوپەڕی فشار، بووەتە هۆکارێکی دیکە بۆ ناسەقامگیری و چوونەسەری نرخی دۆلار لە ئێران. تا جێیەک کە ڕۆژی شەممە ٨ی مانگی بەفرانبار نرخی هەر دۆلارێک لە ئێران سنووری ٨٢ هەزار تمەنی تێپەڕاند. هێندێک لە کارناسانی بواری بازاڕ پێشبینیی ئەوە دەکەن کە لە درێژەی ئەم ڕەوتەدا نرخی دۆلار لە داهاتوویەکی نزیکدا دەگاتە ١٠٠ هەزار تمەن. لەگەڵ چوونەسەری بەهای دۆلار، نرخی خۆراک و باقیی کاڵا پێویستەکانی خەڵک دەچێتە سەرێ و توانای کڕینی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش کە حەقدەستیان بە تمەن دەدرێ، زیاتر دێتە خوارێ و ژیان و گوزەرانیان دەکەوێتە مەترسیی جیددییەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، ناسەقامگیریی نرخی دۆلار بووەتە هۆی دابەزینی خێرای کڕین و فرۆشتن و هاتنەخواری ئاستی موعاملات لە بازاڕدا. لە ناڕەزایەتی دژبەم بارودۆخە ڕۆژی یەکشەممە ٩ی مانگی بەفرانبار بەشێک لە بازاڕی تاران لەوانە بازاڕی کەفاشان و پارچەفرۆشان، بازاڕی عەباس ئاباد، چەهارسووی کووچەک و دووکاندارانی کیف و کەوشی باغی سێپەهسالار، دووکانەکانیان داخست و دەستیان دایە مانگرتن و ئیعتڕاز. ئەوان بە وتنەوەی درووشمی وەک “مەترسن دایبخەن”، “بازاڕیی بەغیرەت حمایەت حمایەت” باقیی دووکاندارانیان بۆ پەیوەست بوون بەم مانگرتنە بانگەشە دەکرد. دووکاندارەکان لەئاست کێشە و بەربەستی یەکجار زۆر لە بواری کەسب و کاریاندا ناڕازین. بۆ نموونە گرانیی مەوادی ئەوەڵییە بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار، ڕکوودی بەرینی بازاڕ بەهۆکاری گرانی، نەبوونی نەختینە لە بازاڕ کە بووەتە هۆی لەناوچوونی سەرمایە و ناڕوون بوونی قیمەتی بەرهەمهێنان و مەوادی ئەوەڵییە بەهۆکاری چوونەسەری بەردەوامی بەهای دۆلار.

لەگەڵ درێژەی ئەم بارودۆخە مانگرتن لە بازاڕدا کە پێشتر پایەگای سوننەتیی حکوومەت بوو، زیاتر پەرە دەستێنێت و ڕژیم زیاتر دەخاتە فشارەوە. لەم پەیوەندییەدا سەرۆکی ژووری ئەسنافی تاران دانی بەوە دانا کە: “کڕینی کاڵایەک کە مەوادی ئەوەڵییەکەی بە دۆلاری ٨١ هەزار تمەن بەرهەم دێت، لە توانای کڕینی خەڵکدا نییە. ئەمە کێشەی زۆرێک لە کاڵا پێویستەکانی خەڵکە و جێی نیگەرانییە”. ئیبڕاهیم عەزیزی سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەمنیەتی میللی و سیاسەتی دەرەوەی مەجلیسی ڕژیمیش نیگەران لە سەرهەڵدانی ئاخێزی جەماوەری بەهۆی قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری وتی: “ئەگەر کێشەکانی توێژی کرێکار بڕیاری دروستیان لەسەر نەدرێت، نیگەرانیی جیددی دروست دەکات”.

نیگەرانیی بەرپرسانی حکوومەتی ئیسلامی لەئاست پەرەسەندنی ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاران و توێژە هەژارەکانی کۆمەڵگا، بێهۆ نییە. بەتایبەت لە بارودۆخی قەیرانی چارەهەڵنەگری ڕژیم و لەکاتکێدا کە سیاسەتی ناوچەیی حکوومەتی ئیسلامی بەرەوڕووی شکست بووەتەوە و لەئاستی جیهانیشدا ئەگەری ئەوە هەیە کە بەخاتری سیاسەتی ئەتۆمی لەلایەن ئەمریکا و دەوڵەتەکانی دیکەی ڕۆژئاوا زیاتر بخرێتە ژێر فشارەوە. لە وەها هەلومەرجێکدا کۆماری ئیسلامی بەرگەی مانگرتن و ناڕەزایەتیی گشتیی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش ناگرێت و دەڕووخێت. ڕووخانی چاوەڕوان‌نەکراو و خێرای ڕژیمی بەشار ئەسەد لە سێناریۆیەکی ئەمریکا و تورکیە و ئیسرائیلدا، خامنەیی و باقیی ڕێبەرانی باڵای سپای پاسدارانی یەکجار نیگەرانی چارەنووس و داهاتووی دەسەڵاتەکەیان کردووە.

هاتنەخواری بەردەوامی بەهای تمەن و قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری و پەرەسەندنی مانگرتن و ناڕەزایەتیی بازاڕییان لە کاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامی ڕۆژانە بەرەوڕووی ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاران و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگایە. ڕۆژی یەکشەممە ٩ی مانگی بەفرانبار مانگرتن و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کرێکاران و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی یەکشەممەکانی خانەنشینان لە زۆرێک لە شارەکانی ئێران بەردەوام بوو. بۆ نموونە ناڕەزایەتیی چەندین ناوەندی پێترۆشیمیی ماهشەهر، کۆبوونەوەی کرێکارانی شیرکەتی بەرهەمهێنانی ڕۆنی فریکۆ لە سیرجان، وە ناڕەزایەتیی کرێکاران لە حەوت تەپە بە دروشمی “کرێکاری حەوت تەپە، یەکگرتن یەکگرتن” بەڕێوەچوو. هەروەها کۆمەڵێک لە خانەنشینانی سەنعەتی فوولاد لە ئیسفەهان، ئەلبۆرزی مەرکەزی و مازەندەران خوازیاری ئیسلاحی هەمسانسازی و دابینکردنی سەرچاوەی ماڵی و پێدانی حقووقی دواخراو و دەرمانی بەخۆڕایی بوون. هەر لەم ڕۆژەدا ژمارەیەکی دیکە لە کرێکارانی خانەنشینی تەئمینی ئیجتماعیی ئەهواز، شووش، حەوت تەپە و کەرخە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەرپا کرد. شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە سینفییەکانی موعەلیمانیش لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە لە درێژەی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی یەکشەممەکاندا، خانەنیشنان لە سەرتاسەری ئێران بە وتنەوەی دروشمەکانی وەک “تەنیا لەسەر شەقام وەدی دێ مافمان”، “ڕووسەری ڕەها کە، تەوەرۆم مەهار کە”، “شەڕخوازی بەسە سفرەمان بەتاڵە”، “بەسە بێعەداڵەتی” هاتنە سەر شەقامەکان.

مانگرتنی ڕۆژانە و ڕوو لە گەشەی کرێکاران هاوکات لەگەڵ مانگرتنی لێبڕاوانەی خانەنشینان، پەرستاران، خوێندکاران، ژنانی خەباتکار، موعەلیمان و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا ئەو ڕەوتە هیوابەخشەیە کە ڕژیمی گەندەڵ و بێکەفایەت و دزی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ چارەنووسی حەتمیی ڕووخانی شۆڕشگێڕانە بەرەوڕوو دەکاتەوە. ڕژیمێک کە توانای وڵامدانەوەی بە داخوازییە سەرەتاییەکانی خەڵک نییە و مانەوەی خۆی تەنیا لە سەرکوتدا دەبینێت. ئەزموونی هەتا ئێستای حکوومەتی ئیسلامی نیشانی داوە کە سەرکوت ناتوانێ لە بەرامبەر مانگرتن و ناڕەزایەتیی یەکگرتووانە و سەرتاسەریی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشدا، مانەوەی دەسەڵات زەمانەت بکات.

لەکاتێکدا کە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لە چارەسەرکردنی قەیرانەکانی وەک پیسبوونی هەوا، کەمبوونی بەرق و کۆنتڕۆڵی نرخی دراوە بیانییەکان بێتوانا و داماون، وە هەموو ئەم قەیران و گرفتانە بە “عەمەلیاتی ڕەوانیی دوژمن” ناو دەبەن، یەکێک لە کارناسانی نیزامیی ڕژیم وێڕای ئاماژەدان بە هەواڵی چوونەسەری نرخی سووتەمەنی لە ئێران وتی: “چوونەسەری نرخی بێنزین و بەشوێنیدا چوونەسەری نرخی هەموو کاڵاکانی دیکە بۆ نموونە دەرمان، هاتوچۆ، کرێی ماڵ و یاسای حیجاب و عیفاف و هەزاران کێشە و گرفتی دیکە کە بەرۆکی خەڵکیان گرتووە، دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی تێکەوەدەپێچن.