لەو ڕۆژانەدا کە دەنگی دادخوازی و ناڕەزایەتیی خەڵک و چالاکان دژبە ئێعدام لە هەموو کاتێک بەرزتر بووەتەوە، نەتەنیا ئێعدام و سەرکوت کەم نەبووەتەوە، بەڵکوو حکوومەتی دیکتاتۆر بەشێوەیەکی بەرچاو پەرەی پێداوە. بەجۆرێک کە دەزگای قەزایی لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سڕکردنی ئەندامانی جەستە (دەست و پێ)ی بۆ تۆمەتبارانی دزی و موحاربە موجاز ڕاگەیاندووە تا جەنایاتی وەحشیانەی خۆی ئاسایی بکاتەوە و بە وەها شێوازگەلێکی سەرکوتگەرانە، ترس و خۆف و زەبروزەنگ لە کۆمەڵگادا پەرەپێبدات. زۆرێک لەم تۆمەتبارانەی دزی، قوربانیی گەندەڵیی پێکهاتەیی، هەڵاواردنی چینایەتی، دزی و گەندەڵیی نجوومیی حاکمان و دەست و پەیوەندەکانی حکوومەتن.
حکوومەتی دژەژنی دەسەڵاتدار لە ئێران، لە درێژەی سەرکوتگەرییەکانیدا، ژمارەیەک لە زیندانییانی ژنی لە زیندانی قرچەک بەتۆمەتی پەیوەندی نامەشرووع بە سزای کۆنەپەرستانەی سەنگسار مەحکووم کردووە کە لە خۆشبینانەترین حاڵەتدا، لەوانەیە حوکمەکەیان بۆ ئێعدام بگۆڕدرێت. ئێمە لەو باوەڕەداین کە بێدەنگبوون لە بەرامبەر ئەم کارەساتانە یارمەتیدان بە پەرەپێدانیانە و دەبێ لەدژی ئەم وەحشیگەری و بەربەرییەتە بوەستینەوە.
حکوومەت لە دە ڕۆژی سەرەتای مانگی بەفرانباردا ٤١ کەس و تەنیا لە سێ ڕۆژدا ٢٣ کەسی ئێعدام کردووە. وە ژمارەیەکی زۆر لە مەحکوومان بە ئێعدام لە زیندانە جۆراوجۆرەکاندا بەمەبەستی جێبەجێ کردنی حوکمەکەیان بۆ ژووری تاکەکەسی ڕاگوێزراون.
بەندکراوی سیاسی، موجاهد کورکور، کە زیاتر لە دوو ساڵە لە زینداندا ڕاگیراوە، بۆ جاری دووهەم حوکمی ئێعدامەکەی کە پێشتر لەلایەن دیوانی باڵاوە هەڵوەشابووەوە، لە دادگای ئینقلابی ئەهوازدا تەئید کراوە و گیانی لە مەترسیدایە.
لەم دواییەشدا ئەو پارێزەرە ئازادیخواز و شەریفانەی کە هەوڵ دەدەن پەروەندەی بەندکراوانی سیاسی و مەحکوومان بە ئێعدام وەعۆهدە بگرن لەلایەن حکوومەتی دیکتاتۆری وەلی فەقیهەوە دەخرێنە ژێر فشارەوە و هەڕەشەی دەستبەسەرکردنیان لێ دەکرێت. لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا گەلێک جار شایەدی زیندانی کرانی پارێزەران تەنیا بەخاتری دیفاع لە بەندکراوان بووین. پێویستە لەم پارێزەرە شەریف و ئازادیخوازانە دیفاع بکەین.
لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا شایەدی پشتیوانیی بەرین لەم کەمپەینە لەلایەن چالاکانی ناوەوە و دەرەوەی وڵات بووین. ئێمە سەمیمانە سپاسی هەموو لایەک دەکەین و لەو باوەڕەداین کە دژایەتی لەگەڵ ئێعدام دەبێ بە مانای دژایەتی لەگەڵ هەرجۆرە کوشتنێک و پشتیوانی لە هەر تاکێکی مەحکووم بە ئێعدام بێت.
کەمپەینی “سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام” وێڕای مەحکووم کردنی کردەوەی سەرکوتگەرانە و دژەئینسانیی حکوومەت کە پێشێلکردنی ئاشکرای مافی ئینسانە، داوا لە هەموو چالاکانی ئەم بوارە دەکات کە بۆ بەرنگاربوونەوە لەگەڵ سەرکوت و ئێعدام لە ئێران هەنگاوی کردەوەیی هەڵگرن.
هەروەها لە خەڵکی ئێران و بەندکراوان داواکارین کە بۆ ڕاگرتنی حوکمی ئێعدام لە ئێران، لەم کەمپەینە پشتیوانی بکەن و پەیوەستی بن. بە هاوپشتی و یەکگرتن دەتوانین ئێعدام ڕیشەکێش بکەین و کۆمەڵگایەکی بەدوور لە توندوتیژی و ئێعدام بونیات بنێین. نابێ لەبیرمان بچێتەوە کە بڕیاردەران و ئەنجامدەرانی ئەم ئێعدام و کوشتار و سەرکوتانە گەورەترین تاوانکارانن دژبە مرۆڤایەتی کە دەبێ لە دادگای خەڵکدا سزای شیاوی خۆیان وەرگرن. بێگومان زۆرێک لەو تاوانانە بەهۆی حاکمە ستەمکارەکانەوەن کە لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان دەستیان بەسەر دەسەڵات و حکوومەتدا گرتووە و دژی هەر جۆرە ئازادی و یەکسانییەکن.
ئەندامانی کەمپەینی “سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام”، ڕۆژی سێشەممە ١١ی مانگی بەفرانباری ١٤٠٣، بۆ چل و نۆهەمین هەفتە، لە ٢٨ زیندانی خوارەوە مانگرتن لە خواردن بەڕێوە دەبەن.
زیندانی ئێڤین (بەندی ژنان، بەندی ٤ و ٨)
زیندانی قزلحەسار (واحیدی ٢ و ٤)
زیندانی ناوەندی کەرەج
زیندانی فەشافویە
زیندانی خورینی وەرامین
زیندانی ئەراک
زیندانی خورەم ئاباد
زیندانی ئەسەدئابادی ئیسفەهان
زیندانی دەستگردی ئیسفەهان
زیندانی شیبانی ئەهواز
زیندانی نیزام، شیراز
زیندانی بەم
زیندانی کەهنوج
زیندانی تەبەس
زیندانی مەشهەد
زیندانی قائمشار
زیندانی ڕەشت (زیندانی پیاوان و ژنان)
زیندانی ڕودسەر
زیندانی ئەردەبیل
زیندانی تەورێز
زیندانی ورمێ
زیندانی سەڵماس،
زیندانی خۆی
زیندانی نەغەدە
زیندانی سەقز
زیندانی بانە
زیندانی مەریوان
زیندانی کامیاران
سێشەممە ١١ی بەفرانباری ١٤٠٣
کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام