لەئێستادا لە نەبوونی هێزی ڕێکخراو و شۆڕشگێڕ و ئازادیخواز کە لە ئاکامی چەند دەیە سەرکوت و کوشتار و دوورخستنەوەدا ڕیزەکانیان لاواز و پڕژوبڵاو بووە، هاوپەیمانییەک لە هێزە کۆنەپەرستە ئیسلامییەکان بە میحوەرییەتی هەیئەتی تەحریری شام بە پشتیوانیی دەوڵەتی تورکیە و ئەمریکا و دەسەڵاتە کۆنەپەرستەکانی دیکەی ناوچەکە ئامرازەکانی دەسەڵاتی سیاسییان لە سووریە گرتووەتە دەست. بێگومان ڕەوتی هەیئەتی تەحریری شام هەر ڕادەیەکیش بۆ پاراستنی ئامرازی دەسەڵات و ڕەزامەندیی دەسەڵاتەکانی ڕۆژئاوا هەڵوێستی پارێزکارانە بگرێتە بەر، بەڵام لەگەڵ سەقامگیربوونی پایەکانی حکوومەتەکەی، یاسا کۆنەپەرستە ئیسلامییەکان بەڕێوەدەبات. لەم ڕووەوە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و ئازادیخواز و بەرابەریتەڵەبی سووریە کە لەناو ترس و هیوادا جێژنی ڕووخانی ڕژیمی بەشار ئەسەدیان گرتووە، ڕێگایەکیان لەپێش نییە جگە لەوەیکە لەم قۆناغەی بۆشایی دەسەڵاتدا، بە هەر ئەندازەیەک کە دەتوانن ڕیزەکانیان ڕێک بخەن و لە هەر شوێنێک توانییان ناوەندەکانی دەسەڵاتی خۆیان دامەزرێنن.
دەوڵەتی تورکیە وەک یەکێک لە براوە سەرەکییەکانی قەیرانی سووریە لەلایەکەوە بە کاریگەری خستنە سەر ڕەوتی هەیئەتی تەحریری شام و لەلایەکی دیکەوە لەڕێگەی ئەو هێزە میلیشیا بەکرێگیراوانەی لەژێرناوی “ئەرتەشی میللیی سووریە”دا ڕێکیخستوون، دەیهەوێ لە پێکهاتەی دەسەڵاتدا دەورونەخشی هەبێت و ئامانجە چەند لایەنەکانی خۆی لە سووریە بەرەوپێش ببات. جگە لە ئامانجە ئابوورییەکان، بەدەستهێنانی زۆرترین پشک لە وەبەرهێنان بۆ ئاوەدانکردنەوەی سووریە و چارەسەرکردنی قەیرانی سێ ملیۆن پەنابەری شەڕ کە پەنایان بۆ تورکیە بردووە، یەکێک لە ئامانجە سیاسییە سەرەکییەکانی لەناوبردنی ئەزموونی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری کوردستانی سووریەیە.
هاوکات لەگەڵ هەوڵی بەپەلەی هەیئەتی تەحریری شام بۆ دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات لە سووریە، لەئێستادا زیاتر لە سێ هەفتەیە هێزەکانی “ئەرتەشی میللیی سووریە” و هاوپەیمانییەک لە هێزە کۆنەپەرستەکانی وەک “ئەحرارولشەرقیە”، “جەیشولشەرقیە”، “فرقەی سوڵتان موراد” کە هەر هەموویان بەکرێگیراوی دەوڵەتی فاشیستی تورکیەن، هێرشێکی بەرینیان لەژێرناوی “فەجری ئازادی” لە چەند بەرەوە دژبە هێزەکانی سووریەی دیموکرات دەستپێکردووە. لە جەریانی ئەم هێرشانەدا، درۆن و فڕۆکە جەنگییەکانی ئەرتەشی تورکیە، بنکەی نیزامیی هێزەکانی سووریەی دیموکرات بۆمباران دەکەن. تۆپخانەی ئەرتەشی تورکیە شاروچکە و گوندەکان و ژێرخانە ئابوورییەکانی ئەم ناوچەیە بوردومان دەکات و هەتا ئێستا سەدان کەس کوژراون و برینداربوون و هەزاران کەسیش لە خەڵکی ناوچەکە ئاوارە بوون. دوای داگیرکردنی تەل ڕەفعەت و منبج لەلایەن هێزەکانی سەربە تورکیە، هێزەکانی هەیئەتی تەحریری شامیش لە هاوئاهەنگی لەگەڵ تورکیە، هێرشێکیان بۆ داگیرکردنی “تەل تەمر” و “ئەبوڕاسین” لە دەوروبەری حەسەکە و شاری حەسەکە دەستپێکرد و لەگەڵ هێزەکانی سووریەی دیموکرات تێکهەڵچوون. هەموو بەڵگەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دەوڵەتی تورکیەی هاوپەیمانی ئەمریکا لە ناتۆ، ئەم هێرشە بەرینەی کە زیاتر لە سێ هەفتەیە بەردەوامە لە ڕێککەوتن لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکای نیشتەجێ لەم ناوچەیە ئەنجام داوە. ئامانجی سەرەکیی تورکیە داگیرکردنی ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی سووریەی دیموکرات و لاوازکردنی پێگەی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری خەڵکی کوردستانی سووریە لە بەرامبەر دەسەڵاتی کۆنەپەرستی هەیئەتی تەحریری شامدایە.
ئەم هێرشە بەرین و هاوئاهەنگە لەدژی خەڵکی کوردستانی سووریە لە کاتێکدایە کە ئەحمەد شەرع ڕێبەری هەیئەتی تەحریری شام هەتا ئێستا گەلێک جار بۆ نموونە لە کۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی تورکیە لە دیمەشق، لەسەر چەککردن و هەڵوەشاندنەوەی هێزە چەکدارەکان، لەوانە هێزە چەکدارەکانی کوردستان و تێکەڵ کردنیان لەگەڵ ئەرتەشی سووریە تەئکیدی کردووە. ئەوەش لە کاتێکدایە کە هێزەکانی سووریەی دیموکرات کە بڕبڕەی پشتی “یەکینەکانی پاراستنی گەل” و “یەکینەکانی پاراستنی ژن” پێکیدەهێنن، ڕیشەی لە ژیان و خەباتی خەڵکی کوردستاندایە. ئەم هێزە چەکدارە بەشێک لە دەستکەوتی بزووتنەوەی مافخوازیی خەڵکی کوردستانی سووریەیە. ئەگەر بەکرێگیراوانی سەربە دەوڵەتی تورکیە لەناو لات و لۆمپەنە ئیسلامییەکان و کۆنەپەرستانی ناوچەیی بۆ هێرش کردنە سەر گیان و ماڵی خەڵک دەستچن کراون، ئەگەر هەیئەتی تەحریری شام بەرهەمی تێکشکاندنی ئاخێزی ساڵی ٢٠١١ و پەراوێزخستنی خەڵکی سووریە و دەستتێوەردانی دەسەڵاتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکەیە، بەڵام هێزەکانی سووریەی دیموکرات لەناو خەڵکی کوردستاندا سەریانهەڵداوە و خەڵکی ئەم ناوچەیە لەڕێگەی هەر ئەم هێزە چەکدارە جەماوەرییەوە لە دەستکەوتەکانی خۆیان لەبواری خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵگا، بەرابەریی ژن و پیاو، بەرابەریی کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان لەبەردەم یاسا، جیایی دین لە دەوڵەت و هیتر لە بەرامبەر هێرشی داعش، بەرەی نوسرە، هێرشی بەردەوامی هێزە کۆنەپەرستەکانی سەربە تورکیە و جەنایاتی جەنگی و داگیرکاریی دەوڵەتی فاشیستی ئەردۆغان لە مەوجوودییەت و دەستکەوتەکانی خۆیان پارێزگارییان کردووە. لەم ڕووەوە، یەکێک لە پێداویستییەکانی تێپەڕینی سەرکەوتووانەی بزووتنەوەی مافخوازیی خەڵکی کوردستانی سووریە لەم قۆناغە چارەنووسسازە، پاراستن و جەماوەری کردنەوەی هەرچی زیاتری ئەم هێزە چەکدارەیە.
لە بارودۆخێکدا کە حزوور و مانەوەی هێز و پایەگا نیزامییەکانی ئەمریکا بووەتە بەشێک لە واقعیەت و ئارایشی نیزامیی ئەم ناوچەیە، ئاستێک لە پەیوەندی و هاوئاهەنگیی کردەوەیی لە نێوان هێزەکانی سووریەی دیموکرات لەگەڵ ئەم پایەگا نیزامییانە بە مەبەستی ڕێگری لە تێکهەڵچوونی نەخوازراو پێویستە. بەڵام ئەم بابەتە ناتوانێ هاوپەیمانی لەگەڵ ئەمریکا پاساو بکات. هێزەکانی سەربە تورکیە کە لەماوەی زیاتر لە دە ساڵی ڕابردوودا هێرشیان کردووەتە سەر شار و شاروچکە و گوندەکانی کوردستان و جەنایاتی جەنگییان ئەنجام داوە، هیچ کامیان لە داعش کەمتر کۆنەپەرست و تیرۆریست نین. ئەمریکا لە کاتکێدا کە باسی هاوپەیمانی لەگەڵ کوردەکان لە شەڕ بەرامبەر داعش دەکا، هاوکات دەستی بەکرێگیراوانی داعشی دەوڵەتی تورکیەی لە هێرش کردنە سەر گیان و ماڵی خەڵکی ئەم ناوچەیە ئاواڵە هێشتووەتەوە. ئەمریکا کە بە ئامانجی بانتر لە شەڕ بەرامبەر بە داعش هێزەکانی لەم ناوچەیە جێگیر کردووە، هێزەکانی کوردستانی سووریە وەک ئامرازێک لە شەڕی داعشدا بەکار دێنێ، چونکە نایهەوێ بە هیچ شێوەیەک خوێنی سەربازی ئەمریکایی بڕێژرێ. ئەگەرچی هێزەکانی سووریەی دیموکرات بۆ ئەمریکا ڕۆڵی ئامراز دەبینن، بەڵام لەبەرامبەردا، بەرژەوەند و هاوکاریی ستراتێژیکی ئەمریکا و دەوڵەتی تورکیە لە چەندین بواردا پێکەوە گرێدراوە. ئەمریکا پێویستی بە هاوکاریی تورکیەیە کە خاڵی پێکگەیشتنی ئورووپا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەندە و هاوشێوەی پردێکە لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا. پایەگای هەوایی ئینجرلیک لە باشووری تورکیە ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لە جێگیرکردنی هێزەکانی ئەمریکا و هێرشە ئاسمانییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم پایەگایە یەکێک لە شوێنە ستراتێژیکەکان بۆ ئەنبارکردنی چەکی ئەتۆمیی ناتۆ بەحیساب دێت. تورکیە یەکێک لە سەرەکیترین ڕێگاکانی تێپەڕینی کۆچبەران و پەنابەران بەرەو ئورووپایە. ئەمریکا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانی پەنابەری پێویستی بە تورکیەیە. ئەمریکا حساب بۆ هاوکاری تورکیە دەکات بۆ سنووردارکردنی نفووزی ڕووسیە لە ناوچەکانی دەوروبەری دەریای ڕەش. تورکیە تێپەڕگەیەکی گرنگی گواستنەوەی وزەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەڕاستەوە بۆ ئورووپا. ئەمریکا گرنگی بە پاراستنی ئەم هێڵانە و کەمکردنەوەی پێویستیی ئورووپا بە وزەی ڕووسیە دەدات. تورکیە خاوەنی دووهەمین ئەرتەشی ناتۆیە و هاوکاری لەگەڵ تورکیە بۆ پاراستن و بەهێزکردنی هاوپەیمانی نیزامیی ڕۆژئاوا زەروورییە. هەر ئەم چەند نموونەیە لە بەرژوەندی هاوبەشی ئەم دوو ئەندامەی ناتۆ، نەتەنیا هۆکاری ڕەزامەندیی ئەمریکا لەگەڵ هێرشی هێزەکانی سەربە دەوڵەتی تورکیە بۆسەر ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی سووریەی دیموکرات دەردەخات، بەڵکوو لەئاست ئەنجامدانی سات و سەودای گەورەتر لەسەر چارەنووسی بزووتنەوەی مافخوازیی خەڵکی کوردستانیش هۆشدار دەدات. وتنی هەر ئەم حەقیقەتە سادانە بە خەڵکی کوردستان و ڕوونکردنەوەی سرووشتی سیاسەتەکانی ئەمریکا وێڕای ئەو ئەزموونانەی کە جەماوەری خەڵک لە جەرگەی خەباتی خۆیاندا بەدەستیان هێناوە، بزووتنەوەی مافخوازیی خەڵکی کوردستانی سووریە بەهێز دەکات. لەلایەکی دیکەوە ئەمریکا کارنامەیەکی پڕ لە کوودتا، لەشکرکێشی و داگیرکاری، تاوانی شەڕ و سەرکوتی بزووتنەوە ئازادیخوازەکانی لە گۆشە و کەناری جیهان هەیە. حکوومەتی ئەمریکا پایەکی سەرەکیی جینۆساید و کۆمەڵکوژیی دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل لەدژی خەڵکی فەلەستین لە غەززەیە. لەم ڕووەوە هەرجۆرە هاوپەیمانییەک لەگەڵ ئەمریکا، پێکهێنانی ستادی فەرماندەیی هاوبەش لەگەڵی و یان دڵخۆشکردن بە لێدوانی سەرانی دەوڵەتی فاشیستی ئیسرائیل کە لەوپەڕی دووڕوویی و فریوکاریدا باس لە پشتیوانی لە خەڵکی کوردستان دەکەن، زیانی قورس بە بزووتنەوەی خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان لەبەرچاوی بیروڕای گشتیی پێشڕەو و ئنیسانە ئازادیخواز و بەرابەریتەڵەبەکان دەگەیەنێ.
لەم بارودۆخەدا تەنیا ئەو هێزە دەتوانێ خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان لەم دەربازگەیە تێپەڕێنێ و بەرژوەندیان نوێنەرایەتی بکات کە باوەڕی بە دەورونەخشی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش لە بەڕێوەبردن و دیاریکردنی چارەنووسی کۆمەڵگا بە پراتیک سەلماندبێ و هەموو ڕاستییەکان سەبارەت بە سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئەمریکا و بەرژەوەندە ستراتێژیکەکانی لە هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتی تورکیە بۆ خەڵک باس بکات.
لەم بارودۆخە ئاڵۆزەدا، لە جەرگەی ئەو مەترسییانەی کە لەلایەن دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی تورکیە، هەیئەتی تەحریری شام و ئەمریکا هەڕەشە لە بزووتنەوەی مافخوازیی خەڵکی کوردستانی سووریە دەکات، تەنیا بەشداریی چالاکی کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنان و پیاوانی ستەملێکراوی کوردسانی سووریە لە گۆڕەپانی سیاسیی کۆمەڵگا و جێخستنی دەستکەوتە دیموکراتیکەکانی هەتا ئێستا، چەکدارکردنی گشتی بۆ بەرگری لەم دەستکەوتانە و هەوڵدان بۆ پێکهێنان و قامکردنی پەیوەندی لەگەڵ خەڵکی ئازادیخواز و یەکسانیخواز لە سەرتاسەری سووریە دەتوانێ ئاسۆیەکی ڕوون بۆ تێپەڕین لەم قۆناغە بەڕووی کۆمەڵگادا بکاتەوە. وە لە درێژماوەدا تەنیا ئاراستەی دژەسەرمایەدارییە کە ئەم دەستکەوتانە ماندگار دەکات. لەم بارودۆخەدا بەرجەستەکردنەوەی ئەو دەستکەوتانەی کە لەسەر بەرابەری ژن و پیاو لە بواری ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و هەروەها لەسەر مافی ژن لە چوارچێوەی بنەماڵەدا تەئکید دەکەن، جەخت کردنەوە لەسەر بەرابەریی کەمینە نەتەوەیی ئایینی و جنسیەتییەکان لە بەرامبەر یاسا، بەشداریی ڕاستەوخۆی خەڵک لە ئیدارە و بەڕێوەبردنی شار و گوندەکان و تەئکید لەسەر ئازادییە سیاسییەکان و هیتر دەتوانێ یارمەتیدەر بێت لە پەرەپێدانی پشیتوانیی خەڵکی ئازادیخواز و بەرابەریتەڵەبی سەرتاسەری سووریە لە بزووتنەوەی مافخوازیی خەڵکی کوردستان.
جەماوەری ستەملێکراوی کوردستانی سووریە پێویستە خەڵکی ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەبی سووریە و ناوچەکە و سەرتاسەری جیهان بە هاوپەیمانانی ڕاستەقینەی خۆیان بزانن. لە بارودۆخی ئاڵۆزی ئێستادا خەڵکی کوردستانی سووریە زیاتر لە هەموو کاتێک پێویستیان بە پشتیوانیی خەڵکی ئازادیخوازی وڵاتانی ناوچەکە و سەرتاسەری جیهانە. پێویستە لێبڕاوانە لە بزووتنەوەی مافخوازیی خەڵکی کوردستانی سووریە لە بەرامبەر ئەو مەترسییانەی هەڕەشەی لێدەکەن، پشیتوانی بکەین.