عەلی خامنەیی ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی مانگی بەفرانبار بۆ سێهەمین جار لە کاتی ڕووخانی حکوومەتی بەشار ئەسەدەوە بە بیانووی ساڵڕۆژی کوژرانی قاسم سولەیمانی، لە فەرماندە جەنایەتکار و خوێنڕێژەکانی سپای پاسداران، هەوڵی دا سیاسەتی پڕ هەزینە و شکستخواردووی “ستراتێژی شەڕی پێشگرانە” پاساو بکات. ئامانجی خامنەیی لە دەرکەوتنی بەردەوام و مەوعیزەکانی، ڕووحیەدان بە کەسانی ناو سپای پاسداران و بەسیج و هێزە ئەمنییەکانە کە هیوا و ڕووحیەیان لەدەستداوە. ئەو هێزانەی کە بەدوای شکستی یەک لە دوای یەکی کۆماری ئیسلامی و مەترسیی پەرەسەندنی شەڕی ناوچەیی بەرەو ئێران، نیگەرانی چارەنووس و داهاتووی خۆیانن. بەدوای ئەم شکستانە زۆرێک لە شرۆڤەکاران و دەست و پەیوەندەکانی ڕژیم تەنانەت لە ناو باڵی ئوسوولگەرادا، ئەمڕۆ کە ئاکامی چوار دەیە شەڕخوازی و ئاژاوەنانەوەی حاکمانی کۆماری ئیسلامی دەبینن، دان بەوە دادەنێن کە هەزینەی گیانی و ماڵیی بەرینی سیاسەتەکانی حکوومەتی ئیسلامی بەفیرۆ چووە و داهاتووشیان کەوتووتە بەردەم مەترسی و نابوودییەوە.
لە وەها بارودۆخێکدا خامنەیی دەیهەوێ بە خورافاتی مەزهەبی، ئاکامی ئەو سیاسەتانەی کە لەماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا لە وڵاتانی ناوچەکە بەڕێوەیبردووە بەپێچەوانە نیشان بدات. لەمبارەوە خامنەیی وتی: “سەرکەوتنی بەرەی حەق حەتمییە. دڵنیا بن ئەوانەی ئەوڕۆ لە سووریە بەمجۆرە ڕمبازێن دەکەن، لەلایەن ئیماندارانەوە پێشێل دەکرێن. پایەگاکانی ئەمریکا لەژێر پێی لاوانی سووریەدا پێشێل دەکرێن. لۆبنان و یەمەن کە هێمای خۆڕاگرین سەردەکەون. ئەگەر ئەم کەسە گیانفیدایانە نەچووبایەن و قاسم سولەیمانی کێو و بیابانەکانی ناوچەکەی نەبڕیبایە و ئەو کەسانەی کە کوژران وەشوێن خۆی نەخستبایە، ئەمڕۆ لەم مەزارە پیرۆزانە هیچ خەبەرێک نەبوو. نە تەنیا لە زەینەبییە بەڵکوو لە کەربەلا و نەجەفیش خەبەرێک نەبوو”. خامنەیی بە ڕێزکردنی وشەی دووپاتە و ناتەبا بەدووی یەکدا، کە نیشانەی نەبوونی تەرکیز و سەرلێشێواوی بوو، وتی “هێندێک بەهۆی لێکدانەوەی نادروست و تێنەگەیشتنەوە باسی ئەوە دەکەن، وە شایەد تەبلیغیشی بۆ بکەن، کە پاش ڕووداوەکانی ئەم دواییە لە ناوچەکە ئەو خوێنانەی لە ڕێگای حەرەمدا ڕژان بەفیڕۆچوون. بێگومان ئەم کەسانە هەڵەن”.
مەوعیزەکانی خامنەیی کە گۆیا بۆ بەرگری لە گۆڕی زەینەب ئەو هەمووە خوێن و سەروەتە بەفیڕۆدراوە، بە ئاشکرا لەگەڵ وتەکانی دواتری و ئامانجی ڕاستەقینەی ناتەبایە. خامنەیی قسەیەک لە عەلی ئیمامی شیعەکانی هێنایەوە کە گۆیا وتوویەتی: “ئەگەر لە ماڵی خۆتان لەگەڵ دوژمنەکەتان بەشەڕ بێن زەلیل دەبن”. هێنانەوەی ئەم قەسەیە بۆ پاساوکردنی هەمان سیاسەتی “ستراتێژی شەڕی پێشگرانە”ی حکوومەتی ئیسلامییە کە بۆخۆیان دەیانگوت: “ئەگەر ئەمڕۆ لە سووریە و لۆبنان بەشەڕ نەیەین دەبێ لە خۆڕەمشار و ئەهواز شەڕ بکەین”. لەم ڕووەوە ئامانجی حکوومەتی ئیسلامی لە گرتنەبەری وەها سیاسەتێکی زێدەخوازانە و شەڕخوازانە، کە ئێستا تێیدا تووشی شکستێکی سەرشۆڕانە بووە، هەر لە سەرەتاوە لە دروشمەکانی “شەڕ شەڕ هەتا سەرکەوتن، وە ڕێگای ئازادیی قۆدس لە کەربەلاوە تێدەپەڕێ” بە ڕوونی دەدیترا و بۆ پاراستنی دەسەڵاتی ئیسلامی بوو. ئەم پاساوەی خامنەیی و باقی سەرانی ڕژیمی ئیسلامی بۆ وەها شکستێکی سەرشۆڕانە، خۆی “عوزری خراپتر لە تاوان”ە. ئەوان ئەگەرچی دەزانن کە ئیتر میحوەری موقاومەتێک لە کاردا نییە، بەڵام باس لە “بەهێزبوون” و ساغکردنەوەی بەناو “میحوەری موقاومەت” و ئەستاندنەوەی سووریە دەکەن. کەوابوو ئامانج لەم درۆودەلەسە و هەڵیت و پڵیتانە شتێک نییە بێجگەلە هەوڵ بۆ ڕاگرتنی هێزە سەرکوتگەرەکانیان کە لەئێستادا تووشی دوودڵی و گومان و سەرلێشواوی بوون. ئەو هێزانەی کە لە دوای شکستی یەک لە دوای یەکی هێزە نیابەتییەکان، تەنیا ئامراز و هیوای خامنەیی بۆ ڕاگرتنی حکوومەتە داڕماو و داماوەکەیەتی.
بەڵام نیگەرانیی ڕاستەقینەی خامنەیی، کابووسێکی یەکجار گەورەتر لە “میحوەری موقاومەت”ە. ئەو دەبینێ دوای شکستی حیزبوڵڵای لۆبنان، دوای ڕووخانی تەنیا حکوومەتی هاوپەیمانی ٤٥ ساڵەی لە سووریە، دوای شکستی حەماس و جەهادی ئیسلامی، دوای هێرشە بەردەوامەکانی ئەمریکا، ئینگلیس و ئیسرائیل بۆسەر دەسەڵاتی حوسییەکان لە یەمەن، ئێستا دەوڵەتی عێراقیش لەژێرناوی “چەک تەنیا دەبێ لەدەستی دەوڵەتدا بێ” هۆشداری داوە کە گرووپەکانی حەشدی شەعبی دەبێ چەک بکرێن. کەوابوو هەموو ئەو گرووپ و ڕێکخراوە تیرۆریستە ئیسلامییانەی کە کۆماری ئیسلامی بۆ مانەوەی خۆی پێکیهابوون و یان بە کۆمەکی بێدەریغی ماڵیی ڕژیم چالاکییان دەکرد، لەناوچوون و یان خەریکە لەناو دەچن. خامنەیی و سەرانی دیکەی ڕژیمی ئیسلامی باش دەزانن کە هیوایەک بۆ زیندووکردنەوە و ساغ کردنەوەی دووبارەی ئەوەیکە پێی دەڵێن “میحوەری موقاومەت” بوونی نییە. لەڕاستیدا ئەم تەبلیغاتە هەر هەمووی فریوکارییە و تەنیا بۆ ڕێگری کردن لە هەڵچوونی تووڕەیی و بێزاریی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش لە ناوەوەی ئێرانە.
کۆماری ئیسلامی جگە لە سەدان ملیارد دۆلار لە سەروەت و سامانی کۆمەڵگا و بەرهەمی ڕەنج و کاری خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش کە لەم ڕێگایەدا بەفیڕۆی داوە. جگە لە دەیان هەزار کەس لە هێز و بەکرێگیراوانی پاسدار، بەسیج، زەینەبیوون، فاتمیوون، حیزبوڵڵا و حەشدی شەعبی کە بە کوشتی داون. سەدان هەزار کەس لە خەڵکی سووریە، لۆبنان، فەلەستین و شوێنەکانی تری کردووەتە قۆربانی. ژیان و گوزەرانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی ئێرانی تەباه کردووە. بەو قەیرانانەی کە بەهۆی گرتنەبەری سیاسەتی فراوانخوازی و باجگیریی ناوچەیی و جیهانی پێکیهێناوە، زۆربەی کۆمەڵگای گرفتاری هەژاری و برسیەتی کردووە. کۆمەڵگایەکی بە سەرچاوەی دەوڵەمەندی سرووشتییەوە لەگەڵ کەسری بوودجەی تریلیۆن تمەنی و کێشەی نەبوونی ئاو، بەرق، سووتەمەنی، گرانی و نەبوونی خزمەتگوزاری بەرەوڕوو کردووەتەوە. بەهۆی گەندەڵیی سیستماتیک، دزی، ئیختلاس، ڕانتخۆریی سەدان هەزار ملیارد تمەنی، پارەیەک بۆ دابین کردنی هەزینەی ژیان و حەقدەستی کرێکاران، خانەنشینان و موعەلیمان و پەرستاران و توێژەکانی تر نەماوەتەوە.
بەڵام کرێکاران و توێژە بەشمەینەتەکانی دیکەی کۆمەڵگا بە درێژەدانی مانگرتن و ناڕەزایەتیی خۆیان نیشانیان داوە کە لێدوانی خامنەیی و سەران و فەرماندەکانی سپا بەلایانەوە هیچ بایەخێکی نییە. جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش کە شکستی ستراتێژی ناوچەیی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دەبینن و دەزانن کە هاوسەنگیی هێز چە لەئاستی ناوچەیی و چ لە ناوەوەی ئێران بە زیانی ڕژیمی ئیسلامی گۆڕاوە، خەباتیان بەهێزتر درێژە دەدەن. ئەم قۆناغە، قۆناغی ڕێکخستن، پێکهێنانی ڕێبەریی سەرتاسەری، پێکهێنانی شۆرا و ناوەندەکانی دەسەڵاتی کرێکاری و جەماوەری و قۆناغی ئامادەبوون بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامییە.