دەوڵەت، سازمانی تەئمینی ئیجتماعی و ناوەندەکانی خانەنشینان وەک باسکی پشیتیوانی دەوڵەت، دەمێکە خانەنشینانی زەحمەتکێشیان بە یاریی هەمسانسازییەوە مەشغووڵ کردووە و بە وادە و بەڵێنی پووچ و بێبنەما کە هیچ دەردێک لە دەردەکانی خانەنشینان دەوا ناکات، هەوڵ دەدەن وای نیشان بدەن کە یاسای هەمسانسازی ئەگەر دروست و بە وردی بەڕێوەبچێت ئاڵوگۆڕ لە ژیانی خانەنشیناندا پێکدێت.
ئەگەر ماددەکانی ٩٦ و ١١١ی یاسای تەئمینی ئیجتماعی بخوێننەوە دەبینن کە ئەم ماددانە هیچ کێشە و گرفتێکی خانەنشینان چارەسەر ناکەن و لە باشترین حاڵەتدا لەسەر بردنەسەری حقووق و مووچە تەئکید دەکەن کە لە بارودۆخی گرانیی ئێستا و تەوەرۆمی سەرووی ٥٠ لەسەددا، تەنانەت بەشی خەرجی ژیانی هەفتەیەکی بنەماڵەیەکی ئاساییش ناکات. ئەوەیکە واقعییە و ئێمە هەموو ڕۆژێ لە ژیانی خۆماندا تەجروبەی دەکەین ئەوەیە کە حقووقی خانەنشینان مانگانە ٤٠ هەتا ٥٠ ملیۆن تمەنیش بێت، بە سەختی دەتوانێ خەرجی ژیانی بنەماڵەیەکی چوار کەسی دابین بکات. ئەوەیکە دەڵێن جێبەجێ کردنی دروستی هەمسانسازی دەتوانێ ژیانی خانەنشینان لەم فەلاکەتە نەجات بدات، درۆیەکی گەورەیە و هیچی تر.
با بڕێک قووڵتر بیر بکەینەوە. واقعبینانە سەیری ژیان و بژێوی خۆمان بکەین و سەیری فیشی حقووقەکانمان بکەین. بەپێی ئامار زۆرینەی خانەنشینان کەمترین ئاستی حقووقیان پێدەدرێ. (نزیک بە ٧٨%ی خانەنشینانی دەوڵەتی حقووقێک لە نێوان ٩ تا ١١ ملیۆن تمەن وەردەگرن). کەمتر لە ٥%ی خانەنشینانی دەوڵەتی کە ژمارەیان دەگاتە ٧٩ هەزار کەس حقووقێکی کەمتر لە حەوت ملیۆن و ٧٠٠ هەزار تمەن وەردەگرن. ڕێژەیەکی کەمیش لە خانەنشینان کە لەڕووی ئامارەوە ناگاتە ٥.١% حقووقەکانیان زیاتر لە ٢٠ ملیۆن تمەنە.
ئێمە لێرەدا بەئانقەست ئاماری حقووقیی خانەنشینانی کشوەریمان بەیان کرد کە مامناوەندی حقووقیان زیاتر لە حقووقی کرێکارانی خانەنشینی تەئمینی ئیجتماعییە. ئێستا بەپێی ئەو ئامارانەی کە لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە وەرگیراون، ئەگەر باڵاترین بڕی هەمسانسازی کە لە دوو ملیۆن تمەن زیاتر نییە (واتە یەک ملیۆن و ٧٠٠ هەزار تمەنە) بە ١١ ملیۆن تمەن زیاد بکرێت، زۆرینەی ٧٨%یی خانەنشینان بڕی ١٣ ملیۆن تمەن لە مانگدا وەردەگرن! ئایا بەڕاستی ١٣ ملیۆن تمەن دەتوانێ ژیان و گوزەرانی یەک مانگی بنەماڵەیەک دابین بکات؟ بێگومان وڵامی ئەم پرسیارە نەخێرە. مانگانە ١٣ ملیۆن تمەن دەتوانێ خەرجیی یەک هەفتە تا دە ڕۆژی بنەماڵەیەک ئەویش لەژێر هێڵی هەژاریدا دابین بکات.
هەڵبەت هاوڕێیانی خانەنیشن و کرێکاران ئاگادارن کە ڕێکخراوە سەربەخۆ کرێکارییەکان و خانەنشینان لە مانگی ڕەشەممەی ١٤٠٢دا، بەر لەوەیکە بەناو شارەزایانی ئابووریی حکوومەت و پەیڕەوانیان لە ڕێکخراوە سیاسییەکاندا بە چورتکەکانیان دەست بکەن بە جیرەبەندی بۆ بژێوی کرێکاران، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک سەبارەت بە لانیکەمی حەقدەست، بەدروستی باسی تەوەروم و گرانی و هێرش بۆسەر بژێوی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشیان دایە بەر باس و لێکۆڵینەوە و ڕایانگەیاند کە مامناوەندی خەرجی ژیانی بنەماڵەیەکی چوار کەسی لە ساڵی ١٤٠٣دا مانگانە لە ٤٥ ملیۆن تمەن کەمتر نابێت. بێگومان پەرەسەندنی بەردەوامی هەژاری لە کۆمەڵگا و هاتنەخواری توانای کڕینی جەماوەر و ژیانی دژوار و تاقەت پڕووکێنی کرێکاران و خانەنیشنان، بە بێ هیچ لێکدانەوە و شیکارییەک خۆی چەوسێنەربوونی نیزامی کۆماری ئیسلامی دەسەلمێنێ.
ئێمە بە هەر ڕێژەیەکیشەوە بێت هەرگیز دژی بردنەسەری حقووق و مووچەی خانەنشینان نین. بێگومان ١٣ ملیۆن تمەن لە ١٠ ملیۆن تمەن باشترە. بەڵام ئایا دەتوانین مەسڵەحەت فیدای واقعییەت بکەین و بەهۆکاری ئەوەیکە کۆماری ئیسلامی نابیستێت و بایەخ بە مەرگ و ژیانی کرێکاران و زەحمەتکێشان نادات، ڕاستییەکان نەڵێین؟ هێندێک کەس دەڵێن “بۆچی دەبێ داوای حقووقێک بکەین کە دەوڵەت و خاوەنکاران نایدەن”. ئایا دەبێ قسەی ئەم کەسانە بکەینە سەرمەشقی خۆمان و مافی ڕەوای کرێکاران (لەوانە کرێکارانی شاغڵ، خانەنشین و بێکار) بەیان نەکەین؟ یان بەم دەلیلە نادروستانە ئێمەش دەبێ لەئاست وەزعییەتی خۆمان و باقی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگا و لەئاست بارودۆخی تاقەت پڕووکێنی ئابووری و فەرهەنگیی کۆمەڵگا کەمتەرخەم بین؟ ئایا دروستە خۆمان لە دەربڕینی خواستەکانمان بەدوور بگرین یان بە نیوەچڵی بیانڵێین، چونکە وڵات بە دیکتاتۆرییەت و چەوسانەوە بەڕێوەدەبرێت و یاسا نامانپارێزێت؟
وتنی خواستەکانمان بە مانای دەربڕینی حەقە. ئەوە ماف و حەقە کە خانەنشینان دێنێتە سەر شەقام و هاوار دەکەن: “هەتا بە مافمان نەگەین بۆ ساتێک پشوو نادەین”. بە واتایەکی تر ئاگاداربوون لە ماف و بەیانکردنیەتی کە ناڕەزایەتی و ئیعتڕاز پێکدەهێنێت و خەبات ڕێکدەخات. ناڕەزایەتیی ئێمە ڕیشەی لە حەقیقەتی ژیانماندایە. کەواتە ژیان لە ئاستی مامناوەندی کۆمەڵگادا کەمترین مافە کە کرێکاران و زەحمەتکێشان دەبێت هەیانبێت.
دەبێت بە دەوڵەت و وەزیر و پارێزەر و گشت حکوومەت بڵێین یاسایەک قبوڵ ناکەین کە هیچ گۆڕانکارییەکی پۆزەتیڤ لە ژیانماندا نەهێنێتە ئاراوە و بە پێچەوانەوە ڕێگریمان لێبکات لە بەدەستهێنانی ژیانێکی باشتر. لەم ڕووەوە یاسای واقیعی ژیانمان دەکەینە بنەمای حەرەکەت و کردارمان. خانەنیشنان و کرێکاران بە دەنگی بەرز دەڵێن: لەوە زیاتر درۆمان لەگەڵ مەکەن و بە ئاماری ساختە و هەڵە جەماوەری زەحمەتکێش بێزار مەکەن. لە ڕوانگەی خانەنشینان، کرێکاران، پەرستاران، مامۆستایان و هەموو ئەوانەی لەم کۆمەڵگایەدا دەژین و بە زەحمەتی خۆیان بژێوی ژیانیان دابین دەکەن، هەمسانسازی یانی بەهرەمەندبوونی یەکسان لە نیعمەتەکانی ژیان لە ئاستی مامناوەندی کۆمەڵگادا، بەبێ خەمی نان، خواردن، جلوبەرگ، تەندروستی و دەرمان، پەروەردە، نیشتەجێبوون، سەیران و کات بەسەر بردن.
هەموو خانەنشنانی کشوەری، لەشکری، تەئمینی ئیجتماعی، فوولاد، نەوت، شارەدارییەکان، ڕێگەی ئاسن و هیتر بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هەژاری گشتی و بردنەسەری ئاستی ژیانی خۆیان خەباتێکی یەکگرتووانە ڕێکدەخەن. کرێکاران لە هەموو بەش و ناوەندەکانی بەرهەمهێنان، خزمەتگوزاری، کەشاوەرزی و فکری، لەم خەباتەدا یەکگرتوو و هاوپەیمانی خانەنیشنانن. تاکە ڕێگا بۆ زاڵبوون بەسەر هەژاری و نەهامەتی و چێژوەرگرتن لە ژیانێکی بێخەم، خەبات بۆ گۆڕینی چارەنووسی کرێکاران و زەحمەتکێشانە.
سەندیکای کرێکارانی نەیشەکەری حەوت تەپە
گرووپی یەکیەتیی خانەنشینەکان
کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ یارمەتیدان بە پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان
کرێکارانی خانەنشینی خووزستان
١٧ی بەفرانباری ١٤٠٣ی هەتاوی