فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاپۆرتێک لەسەر کوژرانی سێ ژن لە شارەکانی کوردستان
هەینی ۲۱-۱۰-۱۴۰۳   |  10-01-2025

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو سێ ژنی گەنجی خەڵکی شارەکانی سەقز، سنە و کرماشان بە ناوەکانی “کەوسەر دارابی” قوربانیی هاوسەرگیریی زۆرەملێ، “غەزاڵە حدوودی” قوربانیی منداڵ هاوسەری و “سارا کەرەمی” هەر یەک بە دەستی هاوژین، کەسێکی نەناسراو  و داواکارەکەی بە شێوەیەکی دڕندانە کوژراون.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی بەفرانبار، کەوسەر دارابی  تەمەن ١٨ ساڵ و خەڵکی کرماشان، بە تەقەی ڕاستەوخۆ لە لایەن هاوژینەکەیەوە لە دەوروبەری ئەم شارە کوژرا. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کەوسەر دارابی دوو مانگ پێش ناچار بووە لەگەڵ ئەم کەسە هاوسەرگیری بکات و پێش ئەوەی بکوژرێت لە لایەن هاوژینەکەیەوە بە سەختی لێی دراوە. هەروەها، لە ڕۆژانی ڕابردوودا ژنێک بە ناوی سارا کەرەمی خەڵکی سەقز و دایکی کوڕێکی ٦ ساڵان، لە لایەن کەسانی نەناسراو لە ماڵی بنەماڵەییەکەی خۆی لە گەڕەکی بەهارستانی سەروو  لە شاری سەقز کوژراوە. بە گوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان، قوربانییەکە کە لە پرۆسەی جیابوونەوەدا بووە، کاتێک لە ماڵی بنەماڵەیی خۆی تەنیا بووە، کوژراوە و لە کاتی دۆزینەوەی تەرمەکەی کەوەبوونەوەی مل و ڕژانی خوێن لە گوێچکەی ناوبراو بینراوە. لە لایەکی دیکەوە، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٥ی بەفرانبار، غەزاڵە حدوودی تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی سنە و هەروەها لە قوربانیانی منداڵ هاوسەری لە لایەن داواکارەکەیەوە لە دووکانی بەرگدوورییەکەی کە لە گەڕەکی نایسەری ئەم شارەیە سووتێندرا. ئەو ژنە نزیکەی ١٠ ڕۆژ دوای ئەو ڕووداوە لە ڕێکەوتی ١٤ی بەفرانبار، بە هۆی بەرزبوونی ڕێژەی سوتانەکەی گیانی لە دەستدا.