فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەیاننامەی ڕێکخراوە سەربەخۆکان بۆ مەحکووم کردنی حوکمی ئێعدامی پەخشان عەزیزی
دوشەممە ۲۴-۱۰-۱۴۰۳   |  13-01-2025

پێویستە ڕەساتر لە ڕابردوو لەدژی سزای کۆنەپەرستانە و دژەئینسانیی ئێعدام دەنگ هەڵبڕین و لێبڕاوانە لەو ئینسانە بێتاوانانەی ئەم حوکمەیان بەسەردا سەپاوە دیفاع بکەین.

دیوانی باڵا داوای پێداچوونەوەکەی پەخشان عەزیزی ڕەتکردەوە و سزای لەسێدارەدانی پەسەند کرد. ئەم هەواڵە دڵتەزێنە لەلایەن ئەمیڕی ڕەئیسییان پارێزەری پەخشان عەزیزییەوە بڵاوکرایەوە. ناوبراو دەڵێت: ” هیچ کام لەو ناڕەزایەتییانەی کە سەبارەت بە پەروەندەی پەخشان عەزیزی بەیان کرابوو، لەلایەن دیوانی باڵاوە وڵامی پێنەدراوەتەوە و بایەخ بە ئیراداتی ئەم پەروەندەیە لەوانە ئیراداتی شێواز و ناوەرۆک نەدراوە. هەروەها هیچ سەرەنج و بایەخێک نەدراوە بەو بەڵگانەی کە نیشانی دەدەن پەروەندەی پەخشانی عەزیزی بۆ حوکمی ئێعدام نابێ و چالاکیی ناوبراو لە باکووری سووریە لە کەمپی ئاوارەکانی شەنگال و باقیی کەمپەکانی شەڕی داعش، ئاشتیخوازانە بووە و ئەساسەن سیاسی نەبووە و بە مەبەستی فریاگوزاری ئەنجام دراوە”. ئەوەیکە قازییەکانی ئەم پەروەندەیە لە لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تاران و لقی ٣٩ی دیوانی باڵا چاوییان بەسەر ڕاستییەکاندا بەستووە، نیشانەی عەزم و ئیرادەی ئەو بێدادگایەیە کە حوکمی زەوتکردنی مافی ژیانی لە پەخشان عەزیزی دەرکردووە.

پەخشانی عەزیزی بەهای بەڵێنداربوون بە مافی ئینسانیی ئەو خەڵکە ستەمدیدەیە دەدات کە لە هەموو لایەکەوە کەوتبوونە بەر هێرشی گرووپە کۆنەپەرستەکانی داعش، ئەرتەشی تورکیە، ناتۆ، دەسەڵاتی سووریە و ڕووسیە و سپای قۆدس. پەخشانی عەزیزی بە حزووری خۆی لە باکووری سووریە لە کەمپی شەنگال و کەمپەکانی دیکە پەرستار و فریاگوزاری ئاوارەکان بوو بۆ ئەوەی لە دەرد  و ژانی جەستەیی و دەروونیی ژنان، منداڵان و خەڵکی ستەملێکراو کەم بکاتەوە. ئەو نەک بە چەکی مەرگبار بەڵکوو بەدەستی بەتوانا و بە دڵێکی پڕ لە خۆشەویستی و بەزەیی و ئینساندۆستییەوە، یارمەتیی زیانلێکەوتووانی شەڕی دەدا. لە بێزاربوون لە شەڕ و خوێنڕشتن و داگیرکاری، لە ئارامی و ئاسوودەیی بۆ خەڵک دەدوا. دادگاکانی کۆماری ئیسلامی و قازییە میرغەزەبەکان لەبەر ئەوە ئەم حوکمەیان بۆ دەرکردووە بۆ ئەوەی دڵە گەورەکەی کە بۆ جەماوەری زەحمەتکێشی کورد لێدەدات بەتاوانی یارمەتیدانی خەڵک و لە بەرەی خەڵکدا مانەوە، لە لێدان بخەن.  

دەرکردنی وەها ئەحکامێکی زاڵمانە لەدوای ئاخێزی گەورەی ١٤٠١ و ژن، ژیان، ئازادییەوە پەرەیسەندووە. بەتایبەت ژنانی چالاکی زەحمەتکێش کراونەتە ئامانجی زۆرترین سەرکوتی وەحشیانە و توندوتیژی تا بە پەروەندەسازیی بێبنەما و سێناریۆی درۆینەی ئەمنیەتی، لە ناڕەزایەتی و ئاخێزەکانی شەقام و لە ڕێکخستنی جەماوەری وەگیانهاتوو ڕێگری بکەن. سەرکوتگەرانی دەسەڵاتدار لە بەرەنگاربوونەوەی ڕاستەوخۆدا، لەگەڵ هێزی لێبڕاو و چالاک و ڕاپەڕیوی ژنان و کچانی لاو کە دژی ستەم، هەڵاواردن و چەوسانەوەن ڕووبەڕوو بوونەوە. ئەوان سەرەڕای کوشتاری خوێناوی، ساچمەباران کردنی جەستە و چاوی ڕۆڵە ئازاکانی خەڵک، سەرەڕای دەستبەسەرکردنی بەرین و حوکمی زیندانی درێژماوە و ئێعدام، پاشەکشەیان نەکرد و هێستاش بەردەوام لە هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا چالاکانە بەشدارن.

لەم ڕووەوە دەسەڵاتداران بەخەیاڵی خۆیان و بەپێی مەنتقی سەرکوتگەرانەیان، دەبێ ڕیشە و پۆتانسیەلی بەهێزی ژنانی خەباتکار و زیندانیانی سیاسی وشک بکەن و ترس و خۆف و زەبروزەنگ هەموو کۆمەڵگا دابگرێت. پەرەپێدانی ئێعدامەکان، بەتایبەت ئێعدامی ژنانی تێکۆشەر لە وەها بەستێنێکدا قابیلی دەرکە.

ڕێکخراوە سەربەخۆکانی واژۆکاری ئەم بەیاننامەیە حوکمی ئێعدامی پەخشان عەزیزی، مێهدی حسێنی، بێهرووز ئێحسانی و هەموو ئەو زیندانیانەی حوکمی زاڵمانەی ئێعدامیان بەسەردا سەپاوە مەحکووم دەکات و داوا لە هەموو ڕێکخراوەکان، چالاکان و خەڵکی زەحمەتکێش دەکات لێبڕاوانە دیفاعیان لێبکەن.

٢٢ی بەفرانباری ١٤٠٣ی هەتاوی

سەندیکای کرێکارانی نەیشەکەری حەوت تەپە

گرووپی یەکیەتیی خانەنشینەکان

کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ یارمەتیدان بە پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان

کرێکارانی خانەنشینی خووزستان