چەککردنی حەشدی شەعبی لە عێراق دوایین زەربە و شکستێکی گەورەی دیکە بۆ کۆماری ئیسلامی بوو. ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی مانگی بەفرانبار وەزیری ناوخۆی عێراق “عەبدولئەمیر شەمری” لە وتووێژێکدا لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی ئەلحەدەس بۆ جارێکی دیکە هەڵوێستی توند و جیددیی حکوومەتی عێراقی لە پەیوەند لەگەڵ کۆکردنەوەی چەک لە وڵاتدا ڕاگەیاند. ناوبراو وتی: “کۆدەنگییەک هەیە لە نێوان حکوومەت و پارتە سیاسییەکان و هاووڵاتییان لەسەر ئەوەیکە دەبێت چەک لە لایەن دەوڵەتەوە قۆرخ بکرێت و بڕیاردان لەسەر چوونە ناو شەڕ یان ئاشتی لە دەستی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان (محەمەد شیاع سودانی) دایە.” هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە وەزارەتی ناوخۆ لیژنەیەکی باڵای پێکهێناوە و قۆناغ و کاتی کۆکردنەوەی چەکی دیاری کردووە. ئەم کارەمان دەستپێکردووە و لەلایەن جەماوەری خەڵکی عێراقەوە پێشوازی لێکراوە. مەبەستی “شەمری” لە کۆکردنەوەی چەک لە عێراق بەشێوەی دیاریکراو چەککردنی گرووپەکانی حەشدی شەعبیی سەربە کۆماری ئیسلامییە. لە کاتی دەستپێکی شەڕ و جینۆسایدی دەوڵەتی ئیسرائیل لە غەززە ئەو بەشە لە لایەنەکانی حەشدی شەعبی کە فەرمانیان لە کۆماری ئیسلامی وەردەگرت، دەیانهەویست وەک بەشێک لە هێزەکانی بەناو “میحوەری موقاومەت”، عێراقیش بکێشنە ناو ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیەوە.
لەم پەیوەندییەدا شیاع سوودانیش وتی کە ڕێگە بە کەس نادەین عێراق بەرەو شەڕ بەرێت. تەنیا کەسێک دەتوانێ لە عێراق لەسەر شەڕ یان ئاشتی بڕیار بدات کە دەستوور و یاسای بنەڕەتی ئیزنی ئەوەی پێدابێ. هەروەها وتیشی کە ئێمە هەرجۆرە هەڕشەیەک لەمبارەوە ڕەت دەکەینەوە. سوودانی دوای دیدارەکەی لەگەڵ عەلی خامنەیی لە ڕێکەوتی ١٩ی بەفرانباردا، ئەم قسانەی کرد. لەم دیدارەدا خامنەیی بەئامانجی هەڕەشەی ڕووخاندنی حکوومەتەکەی ناوبراو وتی: “ڕووخانی بەشار ئەسەد پیلانی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل و وڵاتێکی دراوسێ بوو. حەشدی شەعبی یەکێک لە پایە گرینگەکانی دەسەڵاتی عێراقە و دەبێ بۆ پاراستن و بەهێزکردنی زیاتر لە ڕابردوو هەوڵ بدرێت”. ئەوەش لە کاتێکدایە کە لە سەروبەندی سەفەرەکەی سوودانی بۆ تاران، ترامپ لەڕاستای سیاسەتی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە پەیوەند لەگەڵ چەک کردن و تەنانەت هەڵوەشاندنەوەی گرووپەکانی حەشدی شەعبی هۆشداری بە دەوڵەتی عێراق دابوو. هەڵبەت سوودانی ٢٦ی دێسامبریش وتبووی کە: ” قۆرخ کردنی چەک لە دەستی دەوڵەت لەڕێگەی گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی ناوخۆی عێراق، بەشێک لە بەرنامەی حکوومەتی عێراقە. بەم کارە هەم ئێمە لە فشارەکانی کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا نەجاتمان دەبێت و نەم کەسانی تریش لە فۆبیای تاران و واشینگتۆن”.
چەککردن و تەنانەت هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی لەلایەن زۆرێک لە کەسایەتی و ناوەندەکانی حکوومەتی عێراق تەنانەت حیزبە شیعەکانی ناو “چوارچێوەی هاوئاهەنگی”ش کە لە دەسەڵاتدا بەشدارن قەبووڵ کراوە. لەم پەیوەندییەدا ئایەتوڵڵا سیستانی مەرجەعی تەقلیدی شیعەکان کە لە سەردەمی هێرشی داعش بۆسەر عێراق لە ساڵی ٢٠١٤دا فتوای دامەزراندنی حەشدی شەعبیی دابوو، ماوەیەک لەمەوبەر پشتیوانیی خۆی بۆ چەککردنی حەشدی شەعبی ڕاگەیاند. “موقتەدا سەدر”یش کە دەمێکە لە بەرامبەر حەشدی شەعبیدا ناچار بووە بێدەنگی بگرێتە بەر، ڕۆژی دووشەممە ١٧ی مانگی بەفرانبار خوازیاری ئەوە بوو کە چەک تەنیا لەدەستی ئەرتەشدا بێت و لە پەیوەند لەگەڵ سووریە وتی: “ئێمە هەروا بەردەوام لەسەر دەخاڵەت نەکردن لە کاروباری سووریەدا تەئکید دەکەین. لە بەرامبەر بڕیاری خەڵکی سووریەدا نابێ ڕاوەستین. ئەوان بۆخۆیان دەتوانن چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن”.
لەلایەکی دیکەوە مەحموود مەشهەدانی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش ڕۆژی ٣٠ی دێسامبر لە وتووێژێکدا لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی ئەلعەرەبیە وتی: “دوای ئاڵوگۆڕەکانی سووریە، قەوسی هیلالی شیعەی دەستسازی کۆماری ئیسلامی ژێرەوژوور بووەوە و شکڵی گۆڕاوە”. ناوبراو لە پەیوەند لەگەڵ پێکهێنانی حکوومەت لە سووریە بەسەرەنجدان بە ئەزموونی عێراق، هۆشداری بە ئەحمەد شەرع دا کە لە پێکهێنانی حکوومەت بەشێوەی دابەشکردنی دەسەڵات لە نێوان حیزبەکان یان (مُحاصَصَه)، واتە ئەو شێوازە لە حکوومەت کە هەتا ئێستا لە عێراق و لۆبنان بەڕێوەچووە، خۆبەدوور بگرێت و ڕێز لە مافی کەمینەکان بگرێت. هەروەها بەشێوەی ناڕاستەوخۆ ئاماژەی بە کۆماری ئیسلامی کرد و وتی: “هەرج و مەرج بێجگەلە یەک دوو وڵات بە قازانجی هیچ کەس نییە”. هۆشداری بە دەوڵەتانی عەرەبیش دا کە سووریەش وەک عێراق ڕەها نەکەن و نابێ لە سووریە، دەوڵەتی تورکیە جێگرەوەی کۆماری ئیسلامی بێت.
بێگومان چەککردنی گرووپەکانی حەشدی شەعبی شکستێکی قورسی دیکەیە بۆ “ستراتێژی شەڕی پێشگرانە”ی کۆماری ئیسلامی. حەشدی شەعبی لە عێراق هاوشێوەی سپای پاسداران چالاکی دەکات. کۆماری ئیسلامی ئەم ڕێکخراوە پان و بەرینەی بە کەڵک وەرگرتن لە نفووزێک کە لە هەموو ئۆرگانەکانی حکوومەتی عێراقدا بووی، بە پاساوی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ داعش پێکهێنا و ڕەسمی بوونەکەشی لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسند کرد. لەو ماوەیەدا کۆماری ئیسلامی و زیاتر لە ٤٠ گرووپی سەربە حەشدی شەعبی لە عێراق کە ژمارەیان زیاتر لە ١٧٠ هەزار کەسە، سەدان ملیارد دۆلار لە سەروەتی خەڵکی ستەمدیدەی عێراقیان تاڵان کردووە و ژیان و گوزەرانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی عێراقیان بەرەوڕووی هەژاری و نەهامەتی کردووە. هەر کام لە گرووپانە دەفتەر و قەرارگا و هەزاران بەکرێگیراوی چەکداریان هەیە. مووچە و شوێنی نیشتەجێ بوونیان بۆ هێزەکانیان و بۆ بنەماڵەی کوژراو و بریندارەکانیان تەرخان کردووە و خاوەنی کەرەستەی نیزامی و چەکی مۆدێرنن و مانگانە دەیان ملیۆن دۆلار لە بوودجەیان بۆ تەرخان دەکرێت. ئەندامێکی کۆمیسیۆنی ئەمنیەت و بەرگریی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد کە تەنیا بوودجەی ڕێکخستنی حەشدی شەعبی ٥٣٧ ملیارد دینار بووە.
ئەم گرووپە جەنایەتکار و دەستسازەی کۆماری ئیسلامی هەتا ئێستا بێجگەلە دابینکردنی مەسیری قاچاخی ماددەی هۆشبەر بۆ فەرماندەکانی خۆیان و سپای پاسداران و بێجگەلە کوشتن و تیرۆری ٦٠٠ کەس لە ڕێبەران و چالاکانی خۆپیشاندانەکانی ناسراو بە شۆڕشی ئۆکتۆبر لە ساڵی ٢٠١٩، یارمەتیدەر بوون لە ڕاگرتنی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و پێشخستنی سیاسەتەکانیدا. هەروەها کۆماری ئیسلامی لەڕێگەی نفووزی لە بانک و دامەزراوە داراییەکانی عێراق بە زەوتکردنی ملیاردها دۆلار، سزا ئابوورییەکانی دەور داوەتەوە و بوودجەی سیاسەتی فراوانخوازی و شەڕخوازیی خۆی پێ دابین کردووە. بە چەککردن و تێکەڵ کردنی بەشێک لە هێزەکانی حەشدی شەعبی لەگەڵ ئەرتەشی عێراق، کۆماری ئیسلامی گرووپێکی تیرۆریستی دیکەی “میحوەری موقاومەت” لەدەست دەدات و چەند هەنگاوی دیکە لە ڕووخان نزیکتر دەبێتەوە. بەڵام سەرەڕای لاوازبوونی بێوێنەی ئەم ڕژیمە تاوانکارە، پێویستە ڕووخاندنی لە مەسیری ئاخێزی جەماوەری و شۆڕشگێڕانە کە بڕبڕەی پشتی مانگرتنی کرێکاری لە ناوەندە سەرەکییە سەنعەتییەکانە، تێپەڕێت. بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی لەپێناوی دابینکردنی ئازادی، ڕەفاه، ئەمنیەت و بەرابەریی ئینسانەکان پێکبێت.