کوژرانی زیاتر لە ١٠٠ کەس لە شاری ئۆم درمان لە سوودان
چوارشەممە ۲۶-۱۰-۱۴۰۳   |  15-01-2025

ژووری فریاکەوتنی ‘ئەمبادا’ کە بەشێکە لە تۆڕی خۆبەخشانی فریاگوزاریی سوودان، بڵاوی کردەوە، ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی بەفرانبار، لە ناوچەی دارولسەلام لە شاری ئوم درمان، لە ئەنجامی بۆمبارانێکی هەڕەمەکیدا، ١٢٠ کەسی مەدەنی کوژران. ئەمەلە حاڵێکدایە تا ئێستا نازانرێت چ لایەنێک ئەو بۆمبارانەی کردووە.
لە ڕێکەوتی ٢٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٢، شەڕی ناوخۆ لە نێوان هێزەکانی پاڵپشتیی خێرا و سپای سووداندا سەری هەڵدا. بە گوێرەی ئامارەکان تاوەکوو مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، ٩ تا ١٠ هەزار کەس کوژراون. هەروەها ١٢ هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە ئاوارەبوونی ٥ ملوێن و ٦٠٠ هەزارکەس لەناو خۆی سوودان و یەک ملوێن و ٥٠٠ هەزار کەسیش ئاوارەی دەرەوەی وڵات بوون.