
ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی بەفرانبار، ئیدریس حاجی ڕەسووڵپوور، خەڵکی گوندی “ئاڵیکەند”ی سەر بە شاری بۆکان و برای محەممد حاجی ڕەسووڵپوور، بە مەبستی تێپەڕاندنی حوکمی ٣ مانگ بەندکرانەکەی، دەستبەسەر و بۆ زیندانی ناوەندیی بۆکان گواسترایەوە.
ئیدریس حاجی ڕەسووڵپوور پێشتر لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی دووی بۆکان، بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی” حوکمی سێ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو. ئەم ئەندامەی بنەماڵە دادخوازەکان لە ڕێکەوتی ٢٠ی گوڵانی ئەمساڵ، لە ڕەوتی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵی بنەماڵەییەکەی، بە هۆی بەشداری لە ڕێوڕەسمی تایبەتی نەورۆز، دەستبەسەر و دوای ماوەیەک، لە کۆتاییدا بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتیی تا کاتی بەڕێوەچوونی دادگاییەکەی ئازاد کرابوو. جێگای ئاماژەیە، محەممەد حاجی ڕەسووڵپوور، تەمەن ٥٧ ساڵ و بەندکراوی سیاسیی پێشووەی خەڵکی بۆکان، ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی سەرماوەزی ١٤٠١، دوای پێنج ڕۆژ لە کۆما بە هۆی ئەشکەنجە لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکان لە نۆخۆشخانەی “قولی پوور”ی بۆکان گیانی لەدەست دا.