فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان سەبارەت بە حوکمی جەنایەتکارانە دژبە پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی؛ ژنان و پیاوانی تێکۆشەری سنە ڕێگایان نیشاندا
یەکشەممە ۳۰-۱۰-۱۴۰۳   |  19-01-2025

ناڕەزایەتیی ڕۆژی ٢٦ی مانگی بەفرانباری ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی سنە لە بەرامبەر ئۆستانداریی ئەمشارە و چالاکیی بەرچاوی ناوەند و ڕێکخراوە ئینساندۆستەکان لە ناوەوە و دەرەوەی ئێران لەماوەی هەفتەی ڕابردوو بەدژی حوکمی قیزەونی ئێعدام بۆ پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی تەنیا ڕێگای ڕزگاکردنی ئەم ژنە تێکۆشەرانەیە لەژێر تیغی ڕژیمی تاوانکاری ئیسلامی.

کۆماری ئیسلامی وەک ماری بریندار بۆ خۆدەربازکردن لە قەیرانە هەمەلایەنەکانی و بۆ پاراستنی دەسەڵاتە تاوانکارەکەی دەست لە هیچ کردەوەیەکی دڕندانە و دژەئینسانی ناپارێزێت. بە درێژاییی تەمەنی  ئەم دەسەڵاتە نگریسە، لێدانی تۆمەتی بێبنەما و درۆینە و پەروەندەی ساختە و فشارهێنان بۆ ئیعترافی ئیجباری، سیاسەتی ڕووتینی ناوەندە ئەمنییەکانی ڕژیم بووە. بەڵام دەرکردنی ئەحکامی فەلەیی لەلایەن قازییە جەنایەتکارەکانی ڕژیم لەڕاستیدا بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ کۆمەڵگای بێزاڕ و ناڕازیی ئێرانە و بە ئامانجی دوورخستنەوەی مەترسیی ئاخێز و ڕاپەڕینی خەڵکە. کۆماری ئیسلامی کە زیاتر لە هەموو کاتێک لاواز و بێتوانایە، باش دەزانێت کە دوژمنی ڕاستەقینەی نەک ئەمریکا و ئیسرائیل بەڵکوو خەڵکی ناڕازی و وەگیانهاتوویە کە بەردەوام بەشێوەی جۆراوجۆر بۆ ڕووخاندنی هەوڵ دەدەن.

سەرکوتگەرانی ڕژیم بۆ شاردنەوەی ترس و خۆفی خۆیان لە ڕاپەڕینی جەماوەری ملیۆنی، پەنایان بۆ پەرەپێدانی کەشوهەوای ترس و وەحشەت و دەرکردنی ئەحکامی جەنایەتکارانە بردووە. وە بەخەیاڵی خۆیان بەم سیاسەتە دەتوانن کۆمەڵگای بێزار و وەگیانهاتوو لەم دەسەڵاتە دژەئینسانە، بێدەنگ بکەن. بەڵام بۆ کۆماری ئیسلامی ئیتر درەنگ بووە. لەئێستادا تەنانەت وەفادارترین مۆرەکانی ئەم ڕژیمە سەرکوتگەرە کۆتایی کۆماری ئیسلامی بە حەتمی دەزانن. شووشەی ئەم دەسەڵاتە خوێنڕێژە لە دەستی خەڵکی ناڕازی، کرێکاران، موعەلیمان، خانەنشینان و ژنانی ستەملێکراو و زۆرینەی کۆمەڵگادایە کە تەنیا بە لەگۆڕنانی دەتوانن بە ژیانێکی ئەمن و بەدوور لە هەڕەشە و هەژاری و بێڕێزی هیوادار بن.

ناڕەزایەتیی ڕۆژان و هەفتەکانی ڕابردوو لە کوردستان و کۆبوونەوەی شکۆمەندی خەڵک لە شاری سنە لەدژی هەڕەشەی ئێعدامی پەخشان عەزیزی و وریشەی مورادی لەلایەن چالاکانی کۆمەڵایەتی و مرۆڤدۆستی کۆمەڵگای کوردستان، دادخوازان و بنەماڵەی قوربانییانی تەوەحوشی ئیسلامی، ناوەند و ڕێکخراوە ئازادیخوازەکان، نیشانەی هوشیاری و هەستی بەرپرسایەتیی توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگای کوردستانە بەرامبەر بە شەپۆلی دەستگیری و سەرکوتی کۆماری ئیسلامی. ئەم ڕەوتە ئومێد بە هاتنە مەیدانی جەماوەری بەرینی کۆمەڵگای بۆ کورت کردنەوەی دەستی کۆماری ئیسلامی لە ئێعدام و کوشتاری ئازیزانمان زیندوو ڕاگرتووە.

خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!

کۆماری ئیسلامی دوای ٤٦ ساڵ ئێعدام و سەرکوت نەیتوانیوە کۆمەڵگای کوردستان تەسلیم بکات. بەپێچەوانەوە، چالاکیی ئێستای ئێوە بۆ دیفاع لە مافی ژیانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی بە هەمووانی نیشاندا کە خەڵکی تێکۆشەر لە کوردستان چالاکانەتر لە مەیدانی خەباتدا بەرەنگاری سەرکوتگەرییەکانی کۆماری ئیسلامی بوونەتەوە. تەنیا ئومێد بۆ نەجاتدانی گیانی بەندکراوانی مەحکووم بە ئێعدام، درێژە و پەرەپێدانی ئەم دەستپێشخەری و چالاکییانەیە کە لەم ڕۆژانەدا بەشێوازی جۆراوجۆر بەڕێوەتانبردووە. ناڕەزایەتیی ئاشکرا و بەکۆمەڵ دەبێ سنووری شاری سنە تێپەڕێنێ و بە پەرەپێدانی بەرەو شارەکانی دیکە، جگە لە فشارهێنانی زیاتر بۆ کۆماری ئیسلامی، دەستی سەرکوتی ڕژیم کورت بکەینەوە. هێستاش مەترسی و سێبەری شومی ئێعدام لەسەر سەری پەخشان و وریشە لانەچووە و بۆ بەسەرەنجام گەیاندنی پێویستە ناڕەزایەتیی بەرینتر و لێبڕاوانەتر لە هەموو شارەکانی کوردستان بەڕێوەبەرین.

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان دەستی هەموو ئەو ئینسانانەی لەم دواییەدا بە زەحمەتی شەو و ڕۆژی کەمپەینی ناڕەزایەتی دژبە حوکمی ئێعدامی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادییان جیهانی کردەوە، بە گەرمی دەگوشێت. شۆرا، هاوڕێ لەگەڵ هەموو ئەم تێکۆشەرانە بۆ بەرپاکردنی خۆپیشاندان و بۆ ڕاکێشانی سەرەنجی ناوەندە مرۆڤدۆست و ئازادیخوازەکان تێدەکۆشێت. داوا لە خەڵکی تێکۆشەر و ئازادیخواز دەکەین لەڕێگەی ناڕەزایەتی و کۆبوونەوەکانی خۆیان لە شارەکان هەتا هەڵوەشاندنەوەی ئەم حوکمە جەنایەتکارانەیە نەسرەون.

نا بۆ ئێعدام

مەرگ بۆ کۆماری ئیسلامی

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان

٢٦ی بەفرانباری ١٤٠٣ی هەتاوی

١٥ی ژانویەی ٢٠٢٥ی زایینی