
بەگوێرەی هەواڵەکان، ڕۆژی شەممە ٢٩ی بەفرانبار، ئەسعەد غەفووری لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕژیم لە سنە دەستبەسەر کراوە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەسعەد غەفووری ئەندامی لیژنەی زانستی گرووپی ئەندازیاری مێکانیکی زانکۆی ئازادی ئیسلامی سنەیە و هاوکات لەگەڵ ئەدمینەکانی دیکەی کەمپینی ڕزگاری گیانی پەخشان عەزیزی توانیویانە، زیاتر لە پێنج هەزار واژۆ کۆ بکەنەوە. شایانی باسە، ئیدارەی ئیتلاعات لە دوای دەستبەسەرکردنی ئەسعەد غەفووری گرووپی تێلێگرامی کۆکردنەوەی واژۆی کەمپینەکەی لە دەستی ئەدمینەکانی دەرهێناوە و گرووپەی داخستووە. جێگای ئاماژەیە، ماوەیەک لەمەوبەر، حوکمی ئێعدامی “پەخشان عەزیزی” بەندکراوی سیاسی لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی پشتڕاست کرایەوە. ئەمە لە حاڵێکدا بووە کە پارێزەرەکانی پەخشان عەزیزی، پێشتر هۆشدارییان دابوو کە ناوەندە ئەمنییەکان دەستێوەردان لە پەروەندەکەی پەخشان دەکەن.