فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

دەستبەسەر کرانی هاووڵاتییەک لە سەلاس باوەجانی بەهۆی بڵاوکردنەوەی ستۆرییەک لە کوژرانی دوو دادوەری ڕژیم
یەکشەممە ۳۰-۱۰-۱۴۰۳   |  19-01-2025

بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی شەممە ٢٩ی بەفرانبار، هاووڵاتییەک بە ناوی “حامد ڕەزایی” تەمەن ٣٣ ساڵ و خەڵکی ئاوایی “بانی ساکان”ی سەر بە ناوچەی سەلاس باوەجانی، بە هۆی بڵاوکردنەوەی ستۆرییەک سەبارەت بە کوژرانی دوو دادوەری دادگای باڵای وڵات لە لاپەڕەی ئینستاگرامی ئاواییەکەی کە هەر خۆشی ئەدمینی بووە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە بەکارهێنانی توندووتیژی دەستبەسەر کراوە.
بە گوێرەی زانیارییەکان، ناوبراو لەگەڵ بنەماڵەکەی لە ڕێگای سەلاس باوەجانی بۆ جوانڕۆ بوون کە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە پێش چاوی دایک و خوشکیەوە بە لێدان دەستبەسەر کراوە و بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا ڕاگوێزراوە و دووبارە بە توندی ئازار و ئەشکەنجە دراوە و بەم هۆیەوە توانای قسە کردنی نەماوە. شایانی باسە، دوای ئەوەی کە حامد رەزایی هۆشیاری و توانای قسە کردنی لە دەستداوە هێزە ئەمنییەکان ڕەوانەی نەخۆشخانەی سەلاس باوەجانیان کردووە و لە ڕێگەی پەیوەندیەکی تەلەفۆنیەوە بنەماڵەکەیان ئاگادار کردووەتەوە کە کوڕەکەیان لە نەخۆشخانە خەوێندراوە. بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە کاتێک چوونەتە نەخۆشخانەی سەلاس باوەجانی، کوڕەکەیان لەدۆخێکی ناجێگیری تەندرووستی دا بووە و دوای ڕۆژێک ئەویان بردووەتەوە بۆ ماڵێ و لە ئێستادا دۆخی تەندروستی هەروا ناجێگیرە.