بەدوای دەرکردنی حوکمی ئێعدام بۆ پەخشان عەزیزی بە تۆمەتی “بەغی” و ئەندامیەتی لە یەکێک لە گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکان لەلایەن دادگای دژەئینقلابی ئیسلامیی تاران لە مانگی گەلاوێژی ١٤٠٣ی هەتاوی و پەسندکرانی لەلایەن دیوانی باڵاوە، شەپۆلێک لە ناڕەزایەتی لەدژی ئەم حوکمە نامرۆڤانەیە و حوکمەکانی دیکەی ئێعدام کەوتە ڕێ. پەسندکرانی حوکمی ئێعدامی پەخشان عەزیزی لەلایەن کۆماری ئیسلامی بەئامانجی پێکهێنانی کەشوهەوای ترس و وەحشەت و بۆ ڕێگری لە ناڕەزایەتیی گشتی دژبە ڕژیم دەرکراوە. بەڵام بەلەبەرچاوگرتنی پێگەی ناوخۆیی و ناوچەیی یەکجار لاوازی کۆماری ئیسلامی و شکست و تێکشکانی هێزەکانی بەناو “میحوەری موقاومەت”ەکەی، هاوسەنگیی هێز لە ناوەوە بە قازانجی خەباتی سەرتاسەریی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش گۆڕاوە و خەڵک بە شێوازێکی تەعەڕوزیتر دژبە جەنایاتی حکوومەتی ئیسلامی ئیعتڕاز دەکەن. لەم بارودۆخێکدا کۆماری ئیسلامی نەتەنیا نەیتوانیوە بە گرتنەبەری تاکتیکی ئێعدام، وەها کەشوهەوایەک پێکبێنێ، بەڵکوو دەرکردنی ئەحکامی جەنایەتکارانە بەشێوەی گشتی و لەدژی پەخشان عەزیزی بەتایبەتی، لەگەڵ شەپۆلی بێوێنەی ناڕەزایەتیی ڕێکخراوەکانی کرێکاران، موعەلیمان، خانەنشینان و ناوەندە کۆمەڵایەتییەکان بەرەوڕوو بووەتەوە.
بۆ نموونە سەندیکای کرێکارانی شیرکەتی واحیدی ئۆتۆبووسڕانیی تاران و دەورووبەر لەڕێگەی بەیاننامەیەکەوە لێبڕاوانە و بوێرانە دەرکردنی حوکمی ئێعدامی بۆ چالاکانی مەدەنی، کۆمەڵایەتی و سیاسیی بە نیشانەی درێژەی سەرکوتی سیستماتیکی حکوومەتی ئیسلامی زانی و مەحکوومی کرد و خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی حوکمی ئێعدامی زاڵمانەی پەخشان عەزیزی و ئازادیی بێ شەرت و مەرج و هەڵوەشاندنەوەی باقیی حوکمەکانی ئێعدام بوو. ئەم سەندیکا کرێکارییە لە بەشێک لە بەیاننامەکەیدا دەنووسێت: “بزووتنەوەی کرێکاری لە ئێران لێبڕاوانە دژی سزای ئێعدامە بە هەر شکڵ و بیانوویەکەوە. بە پێشێلکردنی مافی ئینسان پێناسەی دەکات و لە هەموو کرێکاران و ڕێکخراوە کرێکارییەکان، لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و لە کۆمەڵگەی مەدەنی داوا دەکات کە لە بەرامبەر ئەم حوکمە نادادپەروەرانەیە و لە بەرامبەر سەرکوتی سیستماتیکی ڕژیمدا هەڵوێستی جیددی و کاریگەر بگرن”.
لە کردەوەیەکی کەم وێنەی دیکەدا زیاتر لە چوار هەزار کەس لە هونەرمەندان، نووسەران، شاعیران، ڕۆژنامەوانان، چالاکانی سیاسی و مەدەنی، بە واژۆکردنی بەیاننامەیەک لەئاست دەرکردنی حوکمی ئێعدام بۆ پەخشان عەزیزی ناڕەزایەتییان دەربڕی. لە بەشێک لەم بەیاننامەیەدا هاتووە: “هیچ کۆمەڵگایەک بە ڕشتنی خوێنی ئینسانەکان عادڵانەتر نابێت و لە مەسیری عەداڵەتدا ئێعدام هیچ جێیەکی نییە. ئێعدامی پەخشان عەزیزی، دەبێتە زامێک لەسەر ویژدانی ئێمە کە هەرگیر ساڕێژ نابێتەوە”. زیاتر لە دە ڕێکخراوی موعەلیمان وێڕای ئاماژە بە حوکمی ئێعدامی موجاهد کورکور، پەخشان عەزیزی، مێهدی حەسەنی و بێهرووز ئێحسانی خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی هەموو حوکمەکانی ئێعدام و هەوڵدان بۆ نەمانی یەکجاریی سزای ئێعدام لە ئێران بوون. لە کردەوەیەکی دیکەدا، ٦٨ بەندکراوی سیاسی لە زیندانی ئێڤین، فزڵحەساری کەرەج، لاکانی ڕەشت و تاران لە نامەیەکی هاوبەشدا لە ئیعتڕاز بە تەئیدی حوکمی ئێعدامی پەخشان عەزیزی، بێهرووز ئێحسانی و مێهدی حەسەنی لەلایەن دیوانی باڵا، ئەم حوکمانەیان “نامرۆڤانە” وەسف کرد. دایکان و بنەماڵەی دادخوازی ژمارەیەک لە گیانبەختکردووانی خۆپیشاندانە دژەحکوومەتییەکان، لەدژی حوکمی ئێعدامی پەخشان عەزیزی ناڕەزایەتییان دەربڕی. هەروەها ٧٠ ڕێکخراوی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ و ژنان لە دەرەوەش بە دەرکردنی بەیاننامە داوایان لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کرد کە حکوومەتی ئێران بۆ هەڵوەشاندنەوەی حوکمی ئێعدامی پەخشان عەزیزی بخەنە ژێر گوشارەوە. “مای ساتۆ”، ڕاپۆرتدەری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافی مرۆڤ لە ئێران و کارناسانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەئاست دەرکرانی حوکمی ئێعدام بۆ پەخشان عەزیزی نیگەرانییان دەربڕی. جێگری سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئاشکرای کرد کە لە ساڵی ٢٠٢٤دا لانیکەم ٩٠١ کەس لە ئێران ئێعدام کراون کە لانیکەم لە پێنج حاڵەتدا قوربانییان منداڵ و تەمەنیان کەمتر لە ١٨ ساڵ بووە و ئەمەش باڵاترین ڕێژەی ئێعدامە لەئاستی جیهاندا.
بەڵام بەرینایی بێوینەی مەحکووم کردنی حوکمی ئێعدامی پەخشان عەزیزی لەلایەن دەیان ڕێکخراوی کرێکاری و ناوەندە کۆمەڵایەتییەکان لە ناوەوە و دەرەوە و هەزاران کەسی دیکە لە توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگا کە هەروا درێژەی هەیە نیشانەی گۆڕانی هاوسەنگیی هێزی کۆمەڵایەتی بە قازانجی خەباتی جەماوەری و کاریگەر نەبوونی تاکتیکی ئێعدامی کۆماری ئیسلامی بە ئامانجی پێکهێنانی کەشوهەوای ترس و تۆقاندن لە کۆمەڵگادایە. هەروەها نیشانەی ئاڵوگۆڕێکی کۆمەڵایەتی و بارودۆخی شۆڕشگێڕانە لەئاستی کۆمەڵگادایە. کرێکاران و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا نەتەنیا بە کردەوەی جەنایەتکارانەی ڕژیم چاوترسێن نەبوون بەڵکوو لە بەرامبەریشیدا ڕادەوەستن و بەرەنگاری دەبنەوە. ئەم هەوڵ و چالاکییانە بە کەمپەینی “سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام” کە بە هیمەت و داهێنانی بەندکراوانی سیاسی زیاتر لە یەک ساڵە لەئارادایە، هێز و توانایەکی تازەی بەخشیوە.
لە درێژەی ئەم “هەڵمەتە مەزنەی نا بۆ ئێعدام”دا، مانگرتنی گشتی و یەکپارچەی خەڵکی تێکۆشەری کوردستان لە ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندان لەدژی حوکمی ئێعدامی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی و چالاکانی کۆمەڵایەتیی دیکە دەتوانێ بزووتنەوەی نا بۆ ئێعدام لە سەرتاسەری ئێران چەند هەنگاو بەرەوپێش بەرێت. مانگرتنی سەرکەوتووانەی ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندان، وەک خاڵێکی وەرچەرخان لە هەڵمەتی دژی ئێعدام، دەتوانێ خەبات لەدژی سزای ئێعدام لە سەرتاسەری ئێران بباتە قۆناغێکی نوێوە. پێویستە بەم مانگرتنە و بە درێژەی کەمپەینی دژی ئێعدام بەشێوازی جۆراوجۆر، بە ڕژیمی ئیسلامی نیشان بدەین کە بە پەرەپێدانی سەرکوت و کوشتاری بەندکراوان ناتوانێ شکستەکانی خۆی لە بواری نێونەتەوەیی، ناوچەیی و ناوخۆییدا قەرەبوو بکاتەوە.
هەر لەم ڕاستایەدا پێویستە چالاکانی سۆسیالیست و چەپ و ڕادیکاڵ و ژنان و پیاوانی ئازادیخواز لە کوردستان بە پشت بەستن بە ئەزموونە بەنرخەکانیان لە بواری ڕێکخستنی مانگرتنی گشتی لە کوردستان، دەست بخەنە ناو دەستی یەک و بۆ بەڕێوەبردنی هەرچی شکۆدارتری ئەم مانگرتنە گشتییە لە هیچ هەوڵ و تێکۆشانێک دەریغ نەکەن.