
خانەنشین کراوان، موعەلیمان، کرێکاران و باقی توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا، ڕۆژی ڕابردوو، بە مەبەستی گەیشتن بە خواستەکانیان، بە شێوەی جیاجیا، دەستیاندایە کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ڕۆژی دووشەممە ١ی ڕێبەندان، کۆمەڵێک لە خانەنشین کراوانی مۆخابەرات لە شارەکانی تەورێز، تاران، ئیسفەهان، ڕەشت، هەمەدان، بابۆل، ئەهواز، زەنجان، کرماشان، ئیلام و سنە، کۆمەڵێک لە موعەلیمانی خانەنشین کراوی ساڵی ١٤٠٢، ژمارەیەک لە نەخۆشانی SMA وێڕای بنەماڵەکانیان لە تاران و ژمارەیەک لە کرێکارانی کارخانەی ئێران چووکا لە ڕزوانشار، بە مەبەستی گەیشتن بە خواستەکانیان، لە شوێنی کارەکانیان و ناوەندەکانی دەوڵەتی، دەستیاندایە کۆبوونەوە. هەروەها کرێکارانی شیرکەتی مۆخابەراتی ئازەربایجانی شەرقی و موعەلیمانی خەرید خدمەتی ئاموزشی لە شارستانی ڕاسک، لە ناڕەزایەتیی بە وەڵامنەدانەوەی بەرپرسان بە خواستەکانیان، دەستیان لەکار کێشایەوە و لەچوونەوە سەر کارەکانیان خۆیان بواردووە.