دەستبەسەر کرانی هاووڵاتییەک لە شاری مەریوان
سێشەممە ۰۲-۱۱-۱۴۰۳   |  21-01-2025

بە پێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی دووشەممە ١ی ڕێبەندان، ڕامیار کاوە تەمەن ٢١ ساڵ و خەڵکی گوندی “نێ”ی سەر بە شاری مەریوان، دوای بانگکرانی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەمشارە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەکان ئەم هاووڵاتییەیان بە بێ ناردنی بەرگەی دادوەری دەستبەسەر کردووە و لە پەیوەندییەکی کورتی تەلەفۆنی بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە کە جارێ لەوێ دەبێت. تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران، تۆمەتە سەپێندراوەکان و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.