بەدوای وتەکانی خامنەیی لە ڕۆژی چوارشەممە ٣ی مانگی ڕێبەندان، بەهای دۆلاری ئەمریکا کۆتایی ڕۆژی هەینی ٥ی ڕێبەندان لە درێژەی ڕەوتی دابەزینی بەردەوامی بەهای تمەندا، سنووری ٨٤ هەزار تمەنی تێپەڕاند. ئەوەش لە کاتێکدا بوو کە دوو ڕۆژ پێشتری لە دەوروبەری ٨٣ هەزار تمەندا موعامەلە دەکرا. بەهۆکاری ئەوەیکە بارودۆخی ئابووریی کۆماری ئیسلامی جگە لە قەیرانی درێژماوەی پێکهاتەیی، زۆر فاکتۆری دیکە لەوانە سیاسەتی ناوخۆیی، ناوچەیی و نێونەتەوەیی کاریگەریی لەسەر دادەنێت، یەکجار ناسەقامگیرە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خراپتر دەبێت. هەر هەڵوێستێکی خامنەیی، ترامپ، نەتانیاهۆ یان هەر کاربەدەستێکی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە سیاسەتی ڕژیم، بەهای تمەن لە بەرامبەر دۆلاردا دەستبەجێ دێنێتە خوارێ. هەر بۆیە لەماوەی هەفتەی ڕابردوودا دوای گەڕانەوەی ترامپ بۆ کۆشکی سپی و وتەکانی خامنەیی، بازاڕی ئێران بەرەوڕووی ناسەقامگیری زیاتر بووەتەوە. ئابووریی ئیفلاسهێناوی کۆماری ئیسلامی نەتەنیا لەژێر کاریگەریی مێکانیزمەکانی ئابووریی سەرمایەداری، بەڵکوو لەگەڵ هەر ئاڵوگۆڕێکی سیاسی لە ناوەوە و دەرەوەی ئێران زیاتر دەشێوێت.
عەلی خامنەیی ڕۆژی چوارشەممە ٣ی مانگی ڕێبەندان، نیگەران لە هەوڵەکانی ترامپ بۆ داسەپاندنی “زۆرترین سزای ئابووری” و نیگەران لە هەڕەشەی دەوڵەتانی ئورووپایی بۆ بەکارهێنانی مێکانیزمی ماشە، ئەمجارە لە پێگەی کارناسی ئابووریدا دەرکەوت و بۆ نەجاتدانی ئابووریی داڕماوی کۆماری ئیسلامی نوسخەی پێچا. ئەو لە دیدار لەگەڵ ژمارەیەک بەرهەمهێنەر و چالاکی بواری ئابووری بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ سیاسەتی “زۆرترین سزای ئابووری”، لەسەر لابردنی دۆلار لە موعاملاتی تجاری لە ئێران تەئکیدی کرد و وتی: “سەرۆک کۆماری بەڕێزیش وتوویەتی کە بەشوێن ئەو کارەوەن. ئەم ڕووداوە گەورە و گرینگە لە هەڵمەتی ئابووریدا، حەرەکەتێکی زۆر گرینگ و چارەنووسساز دەبێت. بانکی مەرکەزیش دەبێ مەیدان بە دراوەکانی دیکە بدات”. خامنەیی ئەم قسە بێبنەمایانەی دوای تێپەڕینی دوو ڕۆژ لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی ترامپ کرد.
بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەیکە دۆلار لە ئابووریی جیهاندا بەتایبەت بۆ وڵاتانی هەناردەکاری نەوت و گاز، هەم ڕۆڵی ژمێریاریی هەیە و هەم ڕۆڵێکی بەرچاوی لە موعاملاتدا هەیە، وە (پێترۆ دۆلار) بووەتە دراوی سەرەکی لە موعاملەکانی جیهاندا، لابردنی دۆلار ئەویش بۆ وڵاتێکی تاکە بەرهەمی وەک ئێران زۆر مەحاڵە. لەم بوارەدا تەنانەت چین دووهەمین ئابووریی گەورەی جیهان و ڕووسیە کە سێ ساڵە بە شەڕی ئۆکراین لە بەرامبەر ناتۆدا ڕاوەستاوە، نەیانتوانیوە بەتەواوی ئەم پڕۆژەیە جێبەجێ بکەن. بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەیکە زۆربەی موعاملاتی بازرگانیی جیهان بە دۆلار ئەنجام دەدرێت، پێگەی ئەم دراوە لە ئابووریی سەرمایەداریدا، سەرەڕای لاوازبوونی هەژمۆنیی سیاسیی ئەمریکا لەسەر ئاستی جیهان، تەنیا تایبەت بە بواری نەوت و گاز نییە. دراوە موعتەبەرەکانی دەوڵەتانی سەرمایەداری بەیەکەوە پەیوەندییان هەیە و هەرجۆرە گۆڕانکاری لە بەهای دراوێک لەسەر دراوەکانی تر کاریگەریی دادەنێت. لەم ڕووەوە کێشە و گرفتی ئابووریی داڕماوی کۆماری ئیسلامی تەنیا دۆلار نییە و ڕژیم لەگەڵ باقیی دراوەکانی تریش بەرەوڕووی کێشە و بەربەست دەبێتەوە. بۆ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە ئەساسەن هاوردەکارە نەک هەناردەکار، هێنانی هەرجۆرە کاڵایەک لە دەرەوەی ئێران بە هەر دراوێکەوە بێت بۆ بەکارهێنەر گران تەواو دەبێت. چونکە ئەوە ڕیاڵە کە بەردەوام بەهای خۆی لەدەست دەدات.
خامنەیی بارودۆخی ئابووریی وەرشکستەی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئابووریی وڵاتانی سەرەکیی “بریکس” لەوانە بڕێزیل، ڕووسیە، هێند، چین، ئەفریقای باشوور بەراورد دەکات، کە ٣٥%ی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی جیهانیان بەخۆیان تەرخان کردووە و گەمارۆ و سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا کاریگەریی ئیفلیجکەر لەسەر ئابووریی ئەوان دانانێت. پێدەچێت خامنەیی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی قووڵی ئابووریی ڕژیمەکەی، چاوی هیوای لە بریکس بڕیبێ. ئەو لە درێژەدا وتی: “سیستەمی دارایی بریکس و موعاملات بە دراوی وڵاتانی ئەندام کە قەرارە بەڕێوەبچێت، بۆ ئێمە لە چارەسەرکردنی کێشەی دۆلاردا یارمەتییەکی گەورە دەبێت”. هەڵبەت ئەگەر لە داهاتوودا وەها سیستمێکیش ڕێکبخرێت شتێکی هاوشێوەی یۆرۆ لە ئورووپا دەبێت کە لە پەیوەندییەکی نزیک لەگەڵ دۆلاردایە و هیچ کۆمەکێک بە خامنەیی و دەسەڵاتە گەندەڵەکەی ناکات.
هەڵبەت خامنەیی باش دەزانێت کە دراوی جێگرەوەی دۆلار ناتوانێ لە بەرینایی قەیرانی دارایی کۆماری ئیسلامی کەم بکاتەوە. هەر بەم هۆکارە لەماوەی مانگەکانی ڕابردوودا بەدوای شکستی سەرشۆڕانەی “ستراتێژی شەڕی پێشگیرانە” و لێکبڵاوبوونی هێزەکانی “میحوەری موقاومەت”، لە هەوڵی ئەوەدا بووە لەگەڵ ئەمریکا ڕاستەوخۆ گفتوگۆ بکات. لەمبارەوە ماڵپەڕی هەواڵنێریی “ئاکسیوس” ڕۆژی پێنجشەممە چواری مانگی ڕێبەندان ئاشکرای کرد کە نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی لە دیدار لەگەڵ نوێنەرانی دەوڵەتانی ئورووپایی، ئامادەیی ڕژیمیان بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا و گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ڕاگەیاندووە و پێداگرییان کردووە کە ئەمریکا لەم پێشنیارەی کۆماری ئیسلامی دەبێ ئاگادار بکرێتەوە. بەپێی ئەم هەواڵەی ئاکسیوس، وڵامی ئورووپا ئەوە بووە: “کۆماری ئیسلامی دەبێ پێشنیارێک بێنێتە سەر مێز کە ئیمتیازی زیاتری لە هەموو بوارەکاندا تێدا بێت”. ئەوەش لە کاتێکدایە کە خامنەیی لە تەبلیغاتی بێشەرمانەیدا باس لە شکست نەخواردن و بەهێز بوون و گفتوگۆ نەکردن لەگەڵ ئەمریکا دەکات.
بێگومان بەرزتر بوونەوەی بەهای دۆلار لە ئێران لەسەر نرخی هەموو کاڵا پێویستەکانی ڕۆژانەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش کاریگەریی ڕاستەوخۆ دادەنێت و ژیان و گوزەرانیان دژوارتر دەکات. سەران و ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەکەونە ژێر فشاری مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاران و توێژە بەشمەینەتەکانی دیکەی کۆمەڵگا، لەئێستادا لەئاست مانەوەی دەسەڵاتەکەیان زۆر زیاتر هەست بە مەترسی دەکەن. مەکارمی شیرازی لە مەراجعی تەقلید و ئاخوندی کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامی لە یادداشتێکدا وێڕای ئاماژە بە بنەماکانی حوکمڕانیی ئیسلامی هۆشداری دا کە “ئەگەر ناڕەزایەتییەکان درێژەیان بێت، ڕاپەڕین و شۆڕش دژبە حکوومەتی ئیسلامی سەرهەڵدەدات”. مەولەوی عەبدولحەمیدیش لە خوتبەکانی نوێژی جومعەدا بۆ نەجاتدانی ڕژیم، پێشنیار بە حکوومەت دەکات کە لەگەڵ ئەمریکا گفتوگۆ بکات.
ئەم نیگەرانی و پێشنیارانە بۆ کۆماری ئیسلامی دەوای دوای مەرگی سۆهرابە. ئەم ڕژیمە گەندەڵە کە ناتوانێ هیچ کام لە خواست و داخوازییەکانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش وڵام بداتەوە و تەنیا بە زەبری کوشتار و توندوتیژی خۆی ڕاگرتووە، دەبێ بەدەستی ئەوان و لەڕێگەی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتییەوە بڕووخێت.