
لەسەر بانگەوازی هێزە چەپ و کۆمونیستەکان لەوانە حزبی کۆمۆنیستی ئێران حەوزەی هامبورگ، شوڕای هەڵسووڕاوانی ئازادیخواز و سۆسیالیستی هامبورگ و هەڵسووڕاوانی سازمانی فەدائیانی ئەقەلییەت لە هامبورگ، ئاکسیۆنێکی ئێعتڕازی بۆ پشتیوانی لە بەندکراوانی مەحکووم بە ئێعدام و هەروەها کارزاری سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام، لە شاری هامبورگ بەڕێوەچوو.
لەم ئاکسیۆنەدا چەند کەس لە بەشداربووان بە زمانی ئاڵمانی و لە پێوەند لەگەڵ پێویستی خەبات بۆ بەرەنگاربوونەوەی حوکمی ئێعدامی “پەخشان عەزیزی، وریشە مۆرادی، مۆجاهێد کورکور، عەباس درێس، مێهدی حەسەنی، بێهرووز ئێحسانی، مەنووچێهر فەلاح” و هەروەها لەسەر پێویستی هاوپشتی جیهانی لەگەڵ خۆڕاگری بەندکراوان لە زیندانەکانی ڕژیم، جەختیان کردەوە. لە کۆتاییدا دوایین ڕاگەیاندنی کارزاری “سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام” بە ناوەڕۆکی “بێدەنگی لە بەرامبەر وەها جنایەتێک، هاوتەریبی لەگەڵ ئەوانە” بە زمانی ئاڵمانی خوێندرایەوە. جێگای ئاماژەیە، لەم ئاکسیۆنەدا چەندین کەس لە ئەندامانی پارتی مارکسیست لێنێنیستی ئاڵمان “MLPD”یش بەشداریان کردبوو کە لە سەر ڕۆڵی ئێمپێریالیزمی ئەمریکا و ئاڵمان لە پشتیوانی جنایاتی کۆماری ئیسلامی، وتارێکیان پێشکەش کرد.