فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەیاننامەی پلێنۆمی ٨ی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە سەبارەت بە بارودۆخی سیاسیی ئێران و ئەرکی هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە لە کوردستان (بەشی یەکەم)
دوشەممە ۲۲-۱۱-۱۴۰۳   |  10-02-2025

بارودۆخی سیاسی ئێران بە خێرایی لە گۆڕاندایە. پایەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لەبەرچاوی خەڵک یەک لە دوای یەک دەڕووخێن. دوای ئەوەیکە حیزبوڵڵا لە لۆبنان زیانی قورسی بەرکەوت و تووشی شکست بوو، سیستمی بەرگریی مووشەکیی سپای پاسداران لە بەرامبەر هێرشی ئەرتەشی ئیسرائیلدا هیچی پێنەکرا، ڕووخانی ڕژیمی دیکتاتۆری بەشار ئەسەد دوایین بزماری لە تابووتی ستراتێژی “شەڕی پێشگرانە” و هێزەکانی “میحوەری موقاومەت” دا. پاش ئەم شکستانە هێزەکانی حەشدی شەعبی و تاقمە ئیسلامییەکانی دیکەی سەربە ڕژیمی ئیسلامی لە عێراقیش زەمینگیر بوون و حوسییەکانی یەمەنیش کەوتوونەتە دۆخێکەوە کە ناچارن پێداچوونەوە بەسەر ستراتێژی مانەوەیاندا بکەن. بەم ڕووداوانە، یەکێک لە پایەکانی ستراتێژی مانەوەی کۆماری ئیسلامی تێکشکا. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە ستراتێژی شەڕی پێشگرانە و لەڕێگەی هێزەکانی “میحوەری موقاومەت”ەوە دەیهەویست ببێتە هێزێکی باڵادەستی ناوچەیی و لەم ڕێگەوە سەرەنجی دەسەڵاتەکانی ناوچەکە و جیهان بەرەو گرینگیی وەبەرهێنان لە ئێران ڕاکێشێ و بەستێنی گەشەی ئابووریی سەرمایەداریی ئێران فەراهەم بکات.  سەرانی ڕژیم و فەرماندەکانی سپای پاسداران گەلێک جار وتبوویان کە بۆ ئەوەی ئەمنیەت لە خۆڕەمشار و تاران دابین بکەین دەبێ لە لۆبنان و سووریە بەشەڕ بێین. بەڵام ئێستا داڕێژەرانی ئەم سیاسەتە هەم لە لۆبنان و هەم لە سووریە شکستیان خواردووە و شەڕ گەیشتووەتە سەنگەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوەوەی ئێران.

قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری و ئاکامی گەمارۆکان، ئابووریی ئێرانی بردووەتە سەر لێواری داڕمان. لەئێستادا بەرینایی ئەم قەیرانە و پرتووکاوی و وێرانیی ژێرخانە ئابوورییەکان، لە قەیرانی سووتەمەنی و کەمبوونی بەرق، لە هاتنەخواری زیاتری بەهای ڕیاڵ، لە تەوەرۆم و گرانیی بێسنوور، لە داماویی ڕژیم لە دابین کردنی نان و ئاو، بەرق و هەوای سالم بۆ هەناکێشان، خۆی نیشان داوە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بەهۆی چاوپۆشیی ئەمریکا توانیبووی بە بردنەسەری ڕێژەی بەرهەمهێنان و هەرزان فرۆش کردنی نەوت و بە سات و سەودای پشتی پەردە لەگەڵ دەوڵەتانی ڕۆژئاوا بۆ گواستنەوەی دۆلاری نەوت و بە تاڵانکردنی سندووقی خانەنشینان، دەوڵەت لە وەرشکستەیی ماڵی نەجات بدات، لەئێستادا لەگەڵ هاتنە سەر کاری ترامپ لە ئەمریکا و ئاسۆی توندبوونەوەی سزا ئابوورییەکان، بەرەوڕووی کێشە و گرفتی زیاتر بووەتەوە.

کۆماری ئیسلامی بەهۆی بەرینایی ئەم قەیرانە ئابوورییە و بەهۆی سرووشتی چینایەتیی سیاسەت و ئەولەوییەتەکانی، ناتوانێ وڵامی داخوازیی بەپەلەی چینی کرێکار، خانەنشینان و پەرستاران و خەڵکی زەحمەتکێشی کۆمەڵگا بداتەوە. ئەم واقعییەتە و گۆڕانی هاوسەنگیی هێز بەزیانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، بووەتە هۆی بەهێزتربوونی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی دیکەی کۆمەڵگا و پەرەسەندنی ئیعتڕازاتی کرێکاری و جەماوەریی خستووەتە ئاسۆوە.

ژنانی ئازادیخوازی ئێران لە درێژەی پێشەنگایەتی و دەورونەخشیان لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی کە ئیدئۆلۆژیی ئیسلامی واتە پایەیەکی ڕژیمی دیکتاتۆریی سەرمایەیان تێکشکاند، لەئێستادا هاوکات بە بەشدارییان لە خەباتی خانەنشینان، پەرستاران و زیندانییانی سیاسی بێباکانە هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتییان کردووەتە گۆڕەپانی خەبات بەرامبەر بە یاسا دژەژنەکانی کۆماری ئیسلامی. ژنان وەک یەکێک لە ستوونە سەرەکییەکانی بزووتنەوەی خوێندکاری، زانکۆشیان کردووەتە ناوەندی خەبات لەدژی نیزامی ئاپارتایدی ڕەگەزی. لە ترسی تووڕەیی و ناڕەزایەتیی ژنانی ئازادیخواز و یەکسانیخواز، یاسای کۆنەپەرستانەی حیجاب و عیفاف کە لە حەوت خانی کۆماری ئیسلامی تێپەڕیبوو، خرایە لاوە و نەیانوێرا بەڕێوەی بەرن. لە ئاکامی خەباتی بوێرانەی ژناندا دیواری جیجابی ئیجباری تێکڕووخاوە. ژنانی ئازادیخوازی ئێران لە خەباتێکی سەنگەر بە سەنگەردا سەرکەتنێکی مێژووییان تۆمار کردووە.

دەزگای ئیدئۆلۆژیک و ڕووحانییەتی کۆماری ئیسلامی لە خامنەییەوە بگرە هەتا حەوزەی عیلمییە  و قافڵەی ئیمامانی جومعە، ناتوانن مەشرووعییەت بدەن بەو هەمووە شکست و زەلیلییەی کە بەسەر کۆماری ئسیلامیدا هاتووە. ناتوانن مەشرووعییەت بدەن بەو هەمووە هەژاری و فەلاکەتە ئابوورییە، بەو هەمووە بێ مافییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەی کە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و زۆرینەی خەڵکی ئێران گرفتاری بووە. تاکتیکی پەرەپێدانی سەرکوت کارایی ڕابردووی خۆی لەدەست داوە و ناتوانێ کۆمەڵگا چاوترسێن بکات. زیندان و ئەشکەنجەخانەکانی حکوومەتی ئیسلامی وەک یەکێک لە ئامرازەکانی سەرکوت، لەئێستادا بوونەتە قەڵای ئازادیخوازیی تێکۆشەران. کەمپەینی سێشەممەکانی “نا بۆ ئێعدام” کە بە داهێنانی بەندکراوانی سیاسی کەوتە ڕێ و زیاتر لە یەک ساڵە درێژەی هەیە و دەیان زیندان لە سەرتاسەری ئێران لەخۆدەگرێت، دەورونەخشێکی گرینگ و بەرچاوی لە کۆمەڵایەتی کردنەوەی بزووتنەوەی دژی ئێعدامدا بینیوە.

هەرچی بنبەستەکان، شکست و ناکامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران ئاشکراتر دەبێت، کابووسی شۆڕش و هەڵچوونی تۆڕەیی و ناڕەزایەتیی جەماوەری، سەرانی ڕژیم زیاتر تووشی ترس و خۆف دەکات و کێشمەکێش و ناکۆکی و قەیرانی ناو باندەکانی حکوومەت پەرەدەستێێت. ئەم کێشمەکێش و ناکۆکییانە خۆیان بوونەتە جۆرێک لە قەیران و میدیاکانی حکوومەت و کۆبوونەوەی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیش بوونەتە شوێنی نمایشی ئەم قەیرانە.