بەیاننامەی پلێنۆمی ٨ی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە سەبارەت بە بارودۆخی سیاسیی ئێران و ئەرکی هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە لە کوردستان (بەشی سێهەم)
چوارشەممە ۲۴-۱۱-۱۴۰۳   |  12-02-2025

لەم قۆناغەدا، بارودۆخی سیاسیی ئێران و پێگەی حکوومەتی ئیسلامی، لە هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە لە کوردستان وەک بەشێک لە هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی لە سەرتاسەری ئێران ئەرک و ئامادەیی تایبەت دەخوازێت.
- هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە بە بەرینایی شار و گوندەکانی کوردستان لە تۆڕێکی بەریندا پێگەوە پەیوەندییان هەیە. ئەم توێژە لە هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە لە جەرگەی چالاکیی سیاسی و کۆمەڵایەتی، لە جەرگەی ڕێکخستنی مانگرتنە گشتییەکان لە کوردستان، لە جەریانی ڕێکخستنی یارمەتی بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزە و لافاو و هیتر، ڕێکخستنی ئاکسیۆن و گوڵگەشتەکان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی ژن و ڕۆژی جیهانیی کرێکار، لە جەریانی ئاخێزە جەماوەرییەکان و هیتر، یەکتریان ناسیوە و پێکەوە پەیوەند دراون. لە جەریانی ئەم چالاکییانەدا متمانەیان بە یەکتر پەیدا کردووە. لە بارودۆخی ئێستادا چالاک کردنی ئەم پەیوەندییانە، قایمکردن و پەرەپێدانیان بەرەو چالاکان و کەسایەتییە خۆشناوەکانی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی و کۆمەڵایەتی و باقیی تێکۆشەرانی چەپ و سۆسیالیست لە کوردستان، یەکێک لە ئەولەوییەتەکانی هەڵسووڕاوانی کۆمەڵەیە.
- لەم قۆناغەدا پێویستە هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە زیاتر لە هەموو کاتێک لە پێگەی ڕێکخەر و ڕێبەری بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکانی کۆمەڵگادا دەرکەون. هەوڵ بۆ وەڕێخستنی بزووتنەوەی دژی بێکاری، وەڕێخستنی ناڕەزایەتیی جەماوەری دژبە گرانی و نەبوونی خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی لە شارەکان و یارمەتیدان بۆ ڕێکخستنی ئەم بزووتنەوانە پێویستە ببێتە ئەولەوییەتی چالاکییەکان. ئەو ئاژیتاتۆر و موبەلیغانەی کە لە جەرگەی چالاکییەکانی ئێستادا پەروەردە بوون، دەتوانن ڕۆڵێکی بەرچاویان لە هێنانە مەیدانی جەماوەری ناڕازیدا هەبێت.
- یارمەتیدانی ڕێکخستنی کرێکارانی بیناسازی و پڕۆژەیی و کرێکارانی شارۆچکە سەنعەتییەکان بابەتێکی گرینگە. پێویستە ڕێکخستنی کرێکارانی شارۆچکە سەنعەتییەکان کە لە هەموو شارەکانی کوردستاندا بوونیان هەیە بایەخێکی تایبەتی پێبدرێت. بۆ نموونە کار و چالاکی لە ناو کرێکارانی کارگەکانی بەرهەمهێنان، مێکانیکی، سافکاری، نەقاشی، توودووزی، دینام ساز و باتری ساز و هیتر، بۆ کۆمەڵە لە کوردستان ئەولەوییەتی هەیە. پێویستە ڕێکخراوە کرێکارییەکانی ئێستا بەهێز بکرێن و یارمەتی بدرێت بۆ پێکهێنانی باقیی ڕێکخراوە چینایەتییەکانی ئەم بەشە لە کرێکاران بۆ ئەوەی لەگەڵ باشتربوونی هاوسەنگیی هێز بەخێرایی جەماوەری ببنەوە.
- بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەیکە ژمارەیەکی زۆر لە کرێکارانی کوردستان لە ناوچە سنوورییەکان ڕوویان کردووەتە کۆڵبەری، پێویستە سەبارەت بە بارودۆخی ژیان و کاری کرێکارانی کۆڵبەر و ئەو مەترسییانەی هەڕەشە لە ژیانیان دەکات لەلایەن هەڵسووڕاوانی کۆمەڵەوە بەردەوام کاری هۆشیاریدەرانە بکرێت و بە پەرەپێدانی تۆڕەکانی پەیوەندی لەناو ئەم بەشە لە کرێکاران و زەحمەتکێشان، کۆمەک بە سازماندانیان بکرێت.
- بنەماڵەی بەندکراوانی سیاسی پێویستییان بە یارمەتی و هاوکارییە. یەکێک لە ئەولەوییەتەکانی چالاکیی ئێمە لە کوردستان دەبێ بەرقەرارکردنی پەیوەندی نزیک لەگەڵ ئەم بنەماڵانە و یارمەتیدانیان بێت، بەتایبەت لە بواری پێکهێنانی کۆمیتەکانی دیفاع لە بەندکراوانی سیاسی.
- بنەماڵەی گیانبەختکردووان و دایکانی دادخواز بەسەرەنجدان بەو ژان و ئازارە قووڵانەی کە تەحەمولیان کردووە، بەسەرەنجدان بە دەورونەخشێکی کاریگەر کە دەتوانن لە ئاخێزە ناڕەزایەتی و جەماوەرییەکاندا بیانێت، شیاوی زۆرترین پشتیوانی و هاوکارین. کەوابوو پێویستە چالاکانی ئێمە بایەخێکی تایبەت بەم بوارە بدەن.
- موعەلمیانی تێکۆشەری کوردستان و خانەنیشنان بە پەیوەندییان لەگەڵ موعەلیمان و خانەنشینانی سەرتاسەری ئێران لە جەریانی مانگرتن و ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ساڵانی ڕابردوودا تا ئاستێک ڕیزەکانیان ڕێکخستووە. پێویستە ئەم هەوڵانە بەرز بنرخێنین. پێویستە یارمەتیدەر بین بۆ ئەوەی ئەم ڕێکخستە بەرەو هەموو خوێندنگا و شارەکانی کوردستان پەرەبستێنێت. پێویستە بە کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونی موعەلیمانی تێکۆشەر، لە پێکهێنانی ناوەندەکانی خوێندکاران لە مەدرەسەکاندا یارمەتیدەر بین.
- ڕێکخستنی ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش لە گەڕەکەکانی پەراوێزی شارەکان و دێهاتەکان لەناو شۆرا و ئەنجومەنەکان دەتوانێ لە هێنانە مەیدانی هێزی کۆمەڵایەتیی بزووتنەوەی ڕزگاریی ژندا ڕۆڵێکی چارەنووسسازی هەبێت. هێنانە مەیدانی ئەم هێزە مەزنە و کۆمەک بە ڕێکخستنی، یەکێک لەو بوارانەیە کە پێویستە سەرنجی بخرێتە سەر.
- لەگەڵ گەشەکردنی شۆڕش و لەگەڵ گۆڕانی زیاتری هاوسەنگیی هێز بە قازانجی ڕاپەڕینی شار و شۆڕش، پێویستە دەستبەجێ شۆراکان و باقیی ناوەندەکانی جەماوەری لە گەڕەکەکانی شارەکان، شاروچکە و گوندەکان دامەزرێن. دەبێ ئامادە بین کە لەگەڵ سست بوونەوەی پایەکانی دەسەڵاتی ڕژیم لە کوردستان و پاشەکشە کردنی، ژنان و پیاوانی ڕێکخراو لەناو شۆراکان و ناوەندەکانی دەسەڵاتی جەماوەری کۆنتڕۆڵ و ئیدارە و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا بەدەستەوە بگرن.
- هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە پێویستە لەگەڵ دەرکەوتنی نیشانەکانی دەستپێکی لێکهەڵوەشانی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم لە کوردستان، گرتنەوە و چەککردنی پایەگا نیزامییەکانی دوژمن بخەنە دەستووری کارەوە. بەلەبەرچاوگرتنی بوونی سوننەتی خەباتی چەکداری لە کوردستان، وە بەهۆی وجوودی هەزاران کادری بەئەزموون کە خەباتی چەکدارییان تەجروبە کردووە، دەکرێ لەگەڵ لێکهەڵوەشان و هەرەسهێنانی هێزەکانی ڕژیم لە کوردستان دەست بە کاری هێنانە مەیدانی خەڵک بکرێت بۆ چەک کردنی پایەگا نیزامییەکان. پێویستە خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و ستەملێکراوی کوردستان لەئاستی جەماوەریدا چەکدار بکرێن و بە هێزی چەکداری خۆیان لە دەسەڵات و دەستکەوتەکانیان پارێزگاری بکەن.
- هەرچی لە سەردەمی ڕاپەڕینی سیاسی و شۆڕشگێڕانە نزیکتر دەبینەوە، هەوڵی ڕەوت و گرووپە کۆنەپەرستەکان بۆ پێکهێنانی تەفرەقەی نەتەوەیی و ئایینی زیاتر دەبێت. پێویستە بە هۆشیارییەوە ئەم تەفرەقەنانەوەیە پووچەڵ بکرێتەوە.
- لە بارودۆخێکدا کە ڕیزبەندیی هێزەکانی بەرەی چەپ و ڕاست لە کوردستان لەسەر بەستێنی ئاڵوگۆڕەکانی کۆمەڵگا ڕوونتر و شەفافتر دەبێتەوە، لە کاتکێدا کە بەشێک حیزب و هێزە ناسیۆنالیستەکان بۆ “ڕووخاندن”ی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی چاوی هیوایان لە فشاری زۆرینەی ترامپ بڕیوە، وە بۆ زەوتکردنی دەسەڵات لەسەر سەری خەڵکی کوردستانەوە پلان دادەڕێژن، هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە پێویستە خەڵکی کوردستان لەژێر نفووزی ئەم سیاسەتە کۆنەپەرستانەیە بێننە دەر. وە باوەڕ بە هێزی خۆیان و هێزی هاوپشتی لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە لە سەرتاسەری ئێران بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی حکوومەتی ئیسلامی هەرچی زیاتر بەهێز بکەن. نابێ ڕێگە بە حیزبە ناسیۆنالیستەکان بدرێت لەسەر سەری جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و ستەمدیدەی کوردستانەوە، دەسەڵات زەوت بکەن.
- هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە لە جەرگەی ئەم چالاکییانەدا پێویستە پایەی کۆمەڵایەتی و نفووزی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان پەرەپێبدەن و بە پەیوەندییان لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و باقی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان لە سەرتاسەری ئێران دەورونەخشی خۆیان بۆ مسۆگەرکردنی پێشڕەویی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان هەتا هەڵکردنی ئاڵای سەرکەوتن و دەسەڵاتی شۆرایی خەڵک لە کوردستان، بەجێ بێنن.
- لەڕێگەی ئەم چالاکییە ئینقلابییانە و کاری نەخشەمەند و ڕێکخەرانە دەتوانین دەرفەتی تازە بۆ پێشڕەویی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان پێکبێنین. دەتوانین لەو دەرفەتانەی کە پێش دێت بەشێوەی گونجاو کەڵک وەرگرین و ئەو مەترسییانەش کە هەرەشە لە خەڵکی کوردستان دەکەن پووچەڵ بکەینەوە.
ڕێبەندانی ١٤٠٣ی هەتاوی
فێوریەی ٢٠٢٥ی زایینی