فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە سەبارەت بە دەرکردنی دووبارەی حوکمی ئێعدام بۆ شەریفە محەممەدی
هەینی ۲۶-۱۱-۱۴۰۳   |  14-02-2025

بەگوێرەی ڕاگەیاندنی کەمپەینی دیفاع لە شەریفە محەممەدی لە ٢٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ و ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکانی دیکە و بەوتەی پارێزەرانی ئەم چالاکە کرێکارییە، لقی دووهەمی “دادگای ئینقلابی ئیسلامی” لە ڕەشت دووبارە حوکمی ئێعدامی بۆ ناوبراو دەرکردووەتەوە. شەریفە محەممەدی یەکەم جار لە ڕێکەوتی ١٨ی پووشپەڕی ئەمساڵدا بەتۆمەتی بەشداری کردن لە ڕاپەڕینی چەکدارانە لەدژی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی لەلایەن لقی یەکی “دادگای ئینقلابی ئیسلامی”ی ڕەشت بە ئێعدام مەحکووم کرا. ئەم حوکمە لە ڕێکەوتی ٢١ی مانگی ڕەزبەردا لەلایەن دیوانی باڵای ڕژیمەوە هەڵوەشایەوە و بۆ لێکۆڵینەوەی دووبارە ڕەوانەی لقی دووهەمی ئەم دادگایە لە ڕەشت کرا. ئەم بێدادگایەی ڕژیم بۆ جاری دووهەم شەریفە محەممەدی چالاکی کرێکاریی بە ئەندامیەتی لە “کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان” و ئەندامیەتی لە کۆمەڵە، کە لە یاسای کۆنەپەرستانەی فێقهیدا پێی دەوترێ “بەغی”، تۆمەتبار کردووە و حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپاندووە. شەریفە محەممەدی لە کاتی موحاکمەدا ئەمجاریش ئیجازەی حزوور لە دادگای پێنەدرا و تەنیا لەڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفڕانسەوە لە ناوەوەی زیندانەوە توانیی وڵامی پرسیارەکانی قازی بداتەوە و کاتێکی کەمیش بە پارێزەکانی درا کە دیفاعی لێ بکەن. بەپێی ڕاپۆرتەکان “محەممەد عەلی دەرویش گۆفتار”، قازیی لقی دووی “دادگای ئینقلاب”ی ڕەشت کە ئەم حوکمەی پەسند کردووە، کوڕی قازیی لقی یەک “ئەحمەد دەرویش گۆفتار”ە کە حوکمەکەی پێشتر ئەو بۆی دەرکردبوو. شەریفە محەممەدی کە لە ڕێکەوتی ١٤ی سەرماوەزی ١٤٠٢دا بە تۆمەتی چالاکیی تەبلیغی لەدژی نیزامی ئیسلامی دەستگیر کرابوو ئێستا ١٤ مانگە لە زیندانی کۆماری ئیسلامیدا بەسەر دەبات و لەم ماوەیەدا زۆر جار لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی دراوە.

ئەم حوکمە جەنایەتکارانەیە لە کاتکێدا دووبارە بۆ ئەم چالاکە کرێکارییە دەرکراوە کە بەپێی ڕاگەیاندنی ڕەسمیی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە کە لە ڕێکەوتی ١٤ی مانگی پووشپەڕی ١٤٠٣دا بڵاوکراوەتەوە، شەریفە محەممەدی لە هیچ قۆناغێک لە ژیان و کار و چالاکیی خۆیدا هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ تەشکیلاتی کۆمەڵەدا نەبووە. هێزە ئەمنیەتییەکانی سپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕژیمی ئیسلامی لە دۆسیەسازییەکی ئەمنیەتیدا شەریفە محەممەدییان بە ئەندامیەتی لە ” کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان” تۆمەتبار کردووە و ئەم ڕێکخراوە عەلەنی و سەربەخۆ کرێکارییەیان سەربە کۆمەڵە ڕاگەیاندووە. ئەوەش لە کاتێکدایە کە “کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان” بەردەوام ڕێکخراوەیەکی سەربەخۆی کرێکاری بووە و هیچ پەیوەندییەکی تەشکیلاتیی لەگەڵ کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران نەبووە و نییەتی.

دەرکردنی دووبارەی حوکمی جەنایەتکارانەی ئێعدام بۆ شەریفە محەممەدی هەروەک حوکمەکانی دیکە کە بۆ چالاکانی کۆمەڵایەتی دەردەکرێ، بەر لەوەیکە ئەحکامێکی یاسایی دژبەم چالاکە کۆمەڵایەتییانە بن، ئەحکامێکی سیاسین و هەموو چالاکانی بزووتنەوەی کرێکاری و چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە و گشت کۆمەڵگایان کردووەتە ئامانج. لەڕاستیدا ڕژیمی تاوانکاری کۆماری ئیسلامی بە دەرکردنی یەک لە دوای یەکی حوکمەکانی ئێعدام دەیهەوێ کۆمەڵگا چاوترسێن بکات. لەکاتێکدا کە پایەکانی دەسەڵاتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە بەرچاوی خەڵک یەک لە دوای یەک دەڕووخێن، هەموو باندەکانی حکوومەت ڕەمزی مانەوەی نیزامی ئیسلامییەکەیان لە پشت بەستن بە ستراتێژی سەرکوتدا دەبینن. بردنەسەری بوودجەی هێزە ئەمنیەتییەکان و ئۆرگانەکانی سەرکوت، تەرخانکردنی سەدان ملیارد تمەن بە گەڵاڵەی دژەژنی کلینیکەکانی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ بەدحیجابی، پەرەپێدانی شەپۆلی ئێعدامەکان بەتایبەت ئێعدامی زیندانییانی سیاسی و درێژەی ڕەشبگیریی چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان نیشانەی ئەوەیە کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە سێبەری خۆشی دەترسێ. بێگومان دەرکردنی دووبارەی حوکمی ئێعدام بۆ شەریفە محەممەدی و باقیی چالاکانی کۆمەڵایەتی ناتوانێ مانەوەی ئەم دەسەڵاتە تاوانکارە مسۆگەر بکات و ناتوانێ سەرانی ڕژیم لە مۆتەکەی هەڵچوونی تۆڕەیی و ناڕەزایەتیی جەماوەری دەرباز بکات.

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە بارودۆخێکدا دووبارە حوکمی ئێعدامی بۆ شەریفە محەممەدی دەرکردووە کە زیاتر لە یەک ساڵە هەڵمەتی سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام بەردەوامە. ئەو هەڵمەتەی کە بە داهێنانی بەندکراوانی سیاسی کەوتووەتە ڕێ و لە ناوەوەی ئەشکەنجەخانەکانی کۆماری ئیسلامیدا بەڕێوەدەچێت. سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام نیشانەی ئەوەیە کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە قەتڵە حکوومەتییەکان نەتەنیا نەیتوانیوە کۆمەڵگا چاوترسێن بکات، بەڵکوو لە ناوەوەی زیندانەکان ئاڵای خەبات لەدژی ئێعدام بەرز کراوەتەوە. لەئێستادا بزووتنەوەی نا بۆ ئێعدام بووەتە یەکێک لە بزووتنەوە موعتەبەرە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران و لەئاستی جیهاندا دەنگی داوەتەوە.  بێگومان ئەمجارە دروشمی سزای ئێعدام دەبێ هەڵوەشێتەوە، کرێکاری زیندانی، زیندانیی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێ بەهێزتر لە ڕابردوو لە ناوەوە و دەرەوەی زیندان و ئەشکەنجەخانەکانی ڕژیم هاوار دەکرێت. کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بۆ جارێکی دیکە داوا لە هەموو ئینسانێکی ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەب دەکات کە ناوەوە و دەرەوەی ئێران بە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ئیعتڕازی و بە وتنەوەی دروشمی سزای ئێعدام دەبێ هەڵوەشێتەوە، کرێکاری زیندانی دەبێ ئازاد بکرێ، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ ئازاد کردنی شەریفە محەممەدی و سەرجەم زیندانییانی سیاسی و کرێکاران و موعەلیمانی بەندکراو، بخەنە ژێر فشارەوە.

سزای ئێعدام دەبێ هەڵوەشێتەوە

بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی

بژی ئازادی، بەرابەری، حکوومەتی کرێکاری

کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

٢٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ی هەتاوی

١٣ی فێوریەی ٢٠٢٥ی زایینی