
سەرەڕای تێپەڕبوونی ۲۵ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکرانی ئەمجەد گەریاخیز، چالاکی کرێکاری و تەمەن ۴۲ ساڵ، بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە بەمەبەستی ئاگاداربوونەوە لە بارودۆخی ناوبراو بێئاکام ماوەتەوە و هاوژینەکەی لە لایەن ئیتلاعاتی سنەوە هەڕەشەی دەستبەسەرکرانی لێکراوە.
شایانی باسە، ئەو چالاکە کرێکارییە تا ئێستا لە مافی پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستڕاگەیشتن بە دەرمانانەکانی کە پێویستی پییان هەیە بێبەش کراوە. ئەمجەد گەریاخیز ڕۆژی سێشەممە ۳ی ڕێبەندان، لە پەیوەندی لەگەڵ مانگرتنەکانی ڕۆژی سێی ڕێبەندان کە بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە سەپاندنی حوکمی ئێعدام بەسەر پەخشان عەزیزی و وریشە مورادیدا بەڕێوە چوو، لە لایەن هێزە ئەمنییەکان و بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنە گواسترابۆوە.