
مەسعوود پزشکیان سەرۆک کۆماری قاڵبووی ناو وەلایەت، دوای وتەکانی ئەم دواییەی خامنەیی سەبارەت بە گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا، هەڵوێستی لەمبارەوە بەجۆرێک لێکرد کە لەگەڵ هەڵوێستی “ڕێبەرە مەزنەکەی” یەکبگرێتەوە. پزشکیان ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی ڕێبەندان لە بووشێهر لە کۆبوونەوەی بەناو نوخبەکانی ئەم پارێزگایە سەبارەت بە گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا بە زمانێکی عامیانە وتی: “دنیا چیی بەسەر هاتووە، کەسێک بە ئێمە دەڵێ تیرۆریست و لە مافی مرۆڤ بەرگری دەکات کە خۆی تیرۆر دەکات. لە ئیسرائیل پشتیوانی دەکات و دەڵێ بەدوای ئاسایش و ئەمنیەتی ناوچەکەوەیە. هەموو ڕێگاکان دەبەستێ و دەڵێ لەگەڵ ئێران موعامەلە مەکەن، دواتریش دەڵێ دەمهەوێ لەگەڵ ئێران گفتوگۆ بکەم. ئەگەر دەتهەوێ گفتوگۆ بکەی بۆچی نامەردی دەکەی؟ بۆچی لە دەستڕاگەیشتنی خەڵک بە ئاو و نان و دەرمان و خۆراک ڕێگری دەکەی؟”
عەلی خامنەیی کە پێشتر سەبارەت بە گفتۆگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا چرای سەوزی بە دەوڵەتی پزشکیان دابوو و لەماوەی دوو سێ مانگی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەمریکا چەندین دانیشتنی نهێنیی بووە، ڕۆژی هەینی ١٩ی مانگی ڕێبەندان لە کۆبوونەوە لەگەڵ ژمارەیەک لە فەرماندەکانی هێزی ئاسمانی و پەدافەندی ئەرتەش وتی: “گفتۆگۆ لەگەڵ ئەمریکا نە عاقڵانە، نە هوشیارانە و نە شەرافەتمەندایە”. ناوبراو کە بۆ یەکەم جار دانی بەوە دانا کە خەڵکی ئێران کێشە و گرفتی زۆریان لەبواری بژێودا هەیە، وتی: “هێندێک دەیانهەوێ بە ئێمەی قەبووڵ بکەن کە بە گفتوگۆ کردن هەموو کێشەکان چارەسەر دەبن، نەخێر گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ ئەمریکا هیچ کاریگەرییەکی نابێت لە چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانماندا”. هەروەها وتیشی: “ئەگەر هەڕەشەمان لێبکەن، هەڕەشەیان لێدەکەین. ئەگەر هەڕەشەکانیان بەکردەوە دەربێنن، ئێمەش هەڕەشەکانمان بەکردەوە دەردێنین”. ئەم هەڵیت و پڵیتانەی خامنەیی لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل لە مانگی خەزەڵوەری ڕابردوودا بەتەنیایی هێرشی کردە سەر پایەگا مووشەکییەکان، کارخانەکانی دروستکردنی مووشەک و درۆن و سیستمی بەرگریی ئاسمانیی کۆماری ئیسلامی و زەربەی قورسی لەم ناوەندانەی ڕژیم لە تاران دا. بەڵام کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا نەیتوانی “هەڕەشەکانی” بەکردەوە دەربێنێت.
بەڵام بەهای ئەم وتانەی خامنەیی و بەرپرسانی دیکەی حکوومەتی ئیسلامی سەبارەت بە ئەمریکا دەبێ جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگا لە بژێوی هەژارانەی خۆیان بیدەن. بۆ نموونە بەدوای وتەکانی ترامپ و خامنەیی بەهای دۆلاری ئەمریکا کە بنەمای دیاریکردنی نرخەکان لە ئێرانە گەیشتە سەرووی ٩٤ هەزار تمەن. ئەگەرچی بەدوای ڕەوانەکردنی هێندێک دۆلار بۆ ناو بازاڕ بەهاکەی کەمێک دابەزێ بەڵام ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی مانگی ڕێبەندان دووبارە ڕەوتی بەرزبوونەوەی دەستپێکردەوە. کارناسانی ئابووری پێشبینی دەکەن کە بەهای دۆلار هەتا ١٠٠ هەزار تمەنیش بەرز دەبێتەوە کە بە مانای گرانتر بوونی زیاتری پێداویستییەکانی ڕۆژانەی خەڵکە. چوونەسەری بەهای دۆلار ئەگەر لەسەر ژیانی خامنەیی، پزیشکیان و بەرپرسانی دیکەی حکوومەت کاریگەریی نییە، بەڵام لەسەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش بەتوندی کاریگەری دادەنێت. تا جێیەک کە لەئێستادا بەخاتری گرانی تەنانەت یاڕەڵماسی و هێلکەش خەریکە لەسەر سفرەی خەڵک نامێنێت.
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، مەرجەکانی دەوڵەتی ترامپ بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی هێندە قورس و زەلیلکەرە کە خامنەیی مەجبوور کردووە ئەم جەلەسە نمایشییە لەگەڵ ژمارەیەک لە فەرماندەکانی هێزی ئاسمانی و پەدافەندیی ئەرتەش بەڕێوەبەرێت. بۆ نموونە میحوەرەکانی گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی ئیسلامی نەتەنیا مەسەلەی ئەتۆمی بەڵکوو مووشەک و درۆن، دەخاڵەت نەکردن لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە، پشتیوانی نەکردنی دارایی و نیزامی لە گرووپە تیرۆریستە ئیسلامییەکان و هیتر لەخۆدەگرێت. هەڵوێستی ڕاشکاوانە و قۆلدۆرانەی ترامپ ڕوو بە کۆماری ئیسلامی و بەدیلەکانی بەردەم ڕژیم، واتە “چوونە پای مێزی گفتوگۆ و قەبووڵکردنی هەموو مەرجەکان یان ئیجازەدان بە ئیسرائیل بۆ بۆمباران کردنی دامەزراوە مووشەکی و نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی و داسەپاندنی زۆرترین سزای ئابووری”، هەر ئەوەمان پێ نیشان دەدات.
بەڵام سەرەڕای ئەوەش زۆرێک لەسەر ئەو باوەڕەن کە وتەکانی خامنەیی نەک بە مانای خۆبواردنی ڕژیمی ئیسلامی لە ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا، بەڵکوو بە مانای ئەوەیە کە خامنەیی نایهەوێ بەرپرسایەتیی ئاکامەکانی وەها گفتوگۆیەکی سەرشۆڕانە وەئەستۆی خۆی بگرێت. ناوبراو پێشتریش بە نیشانەی ڕەزامەندی سەبارەت بە گفتوگۆ و دانوستان بە بەپرسانی بەیوەندیداری وتبوو: “ئاگادار بن کە لەگەڵ کێ موعامەلە دەکەن”. خامنەیی بۆ قەرەبووکردنەنەی ئەو شکستانەی تووشی بووە چاوی هیوای لە هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان و دەستڕاگەیشتنی بە پارە بڕیوە و لەم بارودۆخەشدا بێجگەلە ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا و قەبووڵ کردنی هەموو جۆرە سەرشۆڕییەک، ڕێگایەکی تری لەپێش نییە. بەڵام ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو نیشانی داوە کە هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆ و سزا ئابوورییەکان ئەگەرچی بۆ کۆماری ئیسلامی لەپێناوی دەستڕاگەیشتنی بە پارە و درێژەدانی سیاسەتەکانی بابەتێکی حەیاتی و گرینگە، بەڵام لە چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی ژیانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشدا کاریگەرییەکی ئەوتۆی نابێت. لە سەردەمێکدا کە هیچ سزایەکی ئابووریش لەکاردا نەبوو، تەنانەت بەرلە هاتنە سەر کاری ترامپیش کە دەوڵەتی بایدن چاوی لە فرۆشتنی نەوتی کۆماری ئیسلامی بڕیبوو، بارودۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵک هەروا سەخت و دژوار بوو.
ئەگەرچی پزشکیان دەڵێ کە ئەمریکا ڕێگای ئاو و نان و دەرمان و خۆراکی لە خەڵکی ئێران گرتووە، بەڵام خۆشی باش دەزانێ کە کێشە و گرفت و قەیرانەکان بە لابردنی سزا ئابوورییەکان چارەسەر نابن. چونکە ئەم بارودۆخە فەلاکەتبارە بەرهەمی توندبوونەوەی قەیرانی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و بنبەستەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییە کە ژیانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی نوقمی هەژاری و نەبوونی کردووە. ئەم قەیرانانە ئەگەر بەشێکی بەرهەمی پێکهاتەی سیستەمی سەرمایەدارییە، بەشێکی تری ئاکامی بەڕێوەبردنی سیاسەتی ئەمنیەتی لە ناوەوەی ئێران، ئاکامی بەڕێوەبردنی سیاسەتی دەستتێوەردانی ناوچەیی و ئاکامی دزی و گەندەڵیی بەرینی ناو حکوومەتی ئیسلامی و ڕانتخۆریی باندە مافیاکانی دەزگای ڕووحانییەت و ڕێبەریی سپای پاسدارانە کە بە هیچ شێوەیەک چارەسەر ناکرێت.
لەئێستادا ئەگەر پارەیەکیش هەبێت کۆماری ئیسلامی دەیکاتە خەرجی مانەوەی خۆی لەڕێگەی بەهێزکردنی دەزگائ ئەمنیەتی و نیزامی، لەڕێگەی بردنەسەری کرێی هێزە سەرکوتگەرەکانی لە ناوەوە و ساغکردنەوەی هێزە لێکبڵاوبووەکانی میحوەری موقاومەت لە لۆبنان و سووریە و شوێنەکانی دیکە. دابینکردنی نان و ئاو و خۆراک و دەرمان بۆ خەڵک و چارەسەرکردنی قەیرانی سووتەمەنی، ئاو، ژینگە و خۆشبژێویی کۆمەڵایەتی و سڵامەت و تەندروستیی خەڵک هیچ پێگەیەکی لە دەستووری کاری سەرانی ڕژیمدا نییە. دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی کە زیاتر لە ڕابردوو خۆی لەگەڵ ڕەوتی ڕوو لە گەشەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و بزووتنەوەی کرێکاری بەرەوڕوو دەبینێت، زیاتر لە هەموو کاتێک پەرەپێدانی ستراتێژی سەرکوتی گرتووەتەبەر. بەڵام ستراتێژی سەرکوتەکەشی کاریگەریی ڕابردووی خۆی لەدەستداوە و لەئێستادا تەنانەت زیندان و ئەشکەنجەخانەکانی کۆماری ئیسلامیش بوونەتە سەنگەری خەبات لەدژی سزای ئێعدام و بەرگری لە ئازادیی بەندکراوانی سیاسی.