
وڵاتی ئاڵمان لە ماوەی چەند حەفتەی ڕابردوودا، بەردەوام شایەتی خۆپیشاندانی بەربڵاوی هاووڵاتییان لەدژی “ڕاستە توندڕۆکان”بووە و ڕۆژی شەممە ٤ی ڕەشەممەش، لە شارەکانی، هامبوورگ، فرایبۆرگ و کیل، لەدژی سەرهەڵدانی فاشیسم، هەڵاواردن و ڕاستی توندڕۆ، بە دەیان هەزار کەس هاتنە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندانیان کرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوی پۆلیس، زیاتر لە ٤٠ هەزار کەس لە شاری هامبۆرگ لەم خۆپیشاندانە بەشداریان کردبوو. ئەم خۆپیشاندانە کە لە شەقامەکانی ناوەندی هامبۆرگ بەڕێوەچووە لەسەر بانگەوازی ناوەند و کەمپینەکانی “ئێمە ڕێگە بە جیایی خستن نادەین، هامبۆرگ بە یەکگرتوویی دەنگ دەدات”، ئەنجام دراوە. شایانی باسە، خۆپیشاندەران لە ڕێگەی بەدەستەوە گرتنی چەندین پلاکارد کە ڕوو لە پارتی AFD نووسرابوو، جەختیان کردەوە کە “ڕقیان لە ئاڵتێرناتیڤ نییە و بە ناڕەوابوون نابێ، ڕەوابوونی خۆیان نیشان بدەن”. لە لایەکی دیکەوە، شاری فرایبۆرگ کە شارێکی خوێندکاریی، شایەتی خۆپیشاندانی ٢٠ هەزار کەسی لەدژی ڕاستە توندڕۆکان بوو. هەروەها شارەکانی کیل، ئێشتووتگارت و کاڕڵسرۆهە، شایەتی خۆپیشاندانی جەماوەری خەڵک بوون.