
ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی ڕشەممە، “ڕەحمان ئەحمەدی” تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵكی گوندی “سیوچ”ی سەر بە شاری بانە، دوای بانگكرانی بۆ دادگا بە بیانووی بارمتە دەستبەسەر و بە مەبەستی جێبەجێكرانی حوکمی ٣ ساڵ بەندكرانەكەی بۆ زیندانی ناوەندیی ئەمشارە گواسترایەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، لە دادگا بە ڕەحمان ئەحمەدی ڕاگەیێندراوە كە لە لایەن دادگای شۆڕشی بانە بە تۆمەتی “هاوكاری لەگەڵ حیزبێکی کوردستانی” حوکمی ٣ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە. جێگای ئاماژەیە، ڕەحمان ئەحمەدی و عادڵ ئەحمەدی، ئامۆزا و دانیشتووی گوندی سێویچ، ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی خەرمانانی پارەکە، لە ئەنجامی هێرشی هێزە حكوومەتییەكان دەستبەسەر و دوای مانگێک بە دانانی بارمتە لە زیندان ئازاد كران. هاوكات لەگەڵ دەستبەسەركرانی ئەم دوو هاووڵاتییە، هاووڵاتییەكی دیكە بە ناوی بێهزاد عوبەیدی دەستبەسەر كرابوو کە دوای ٢٤ كاتژمێر لە زیندان ئازاد كرا.