فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاپۆرتی سیاسیی پلێنۆمی سێهەمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران – بەشی یەکەم
سێشەممە ۲۶-۰۱-۱۴۰۴   |  15-04-2025

پلێنۆمی سێهەمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٤ کە لە ڕۆژی شەممە ١٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ بەرابەر لەگەڵ ٥ی مانگی ئاپریلی ٢٠٢٥دا بەڕێوەچوو، لە بەشێک لە باسە سیاسییەکانیدا بارودۆخی جیهانی سەرمایەداری و مەترسی و دەرفەتەکانی دایە بەر باس و لێکۆڵینەوە. پلێنۆم تەئکیدی کرد ئێمە لە بارودۆخێکداین کە کێبرکێی زلهێزەکانی سەرمایەداری لەپێناوی سەقامگیرکردنی پێگەی خۆیان لە جیهان، قەیرانی ژئوپۆلیتیک، شەڕ و جینۆساید، نائەمنی و ئاوارەیی بەرینی بەسەر مرۆڤایەتیدا سەپاندووە. ئەگەر ٣٥ ساڵ لەمەوبەر، کۆتایی شەڕی سارد و دەستپێکی لێکهەڵوەشانی بلۆکی ڕۆژهەڵات، جیهانی دوو جەمسەریی تێکدا و بە گشتی جیهانی بردە قۆناغێکی نوێ لە ژیانی سیاسی، ئەمنیەتی، ئابووری، ڕقابەت و جەمسەربەندی نوێ، بەڵام لەئێستادا ئەم جەمسەربەندییانەش خەریکن دەگۆڕێن و بەهای ئەم “دابەشکارییە تازەیە ” و بەهای بەربەریەتی سەمایە هەروەک هەموو قەیران و شەڕەکانی مێژووی سەرمایەداری، ئەم جارەش بەسەر خەڵکی بێبەشکراو و هەژاری جیهاندا دەسەپێت.

ئەگەر لە قۆناغێکدا ئەمریکا هەوڵی دا لاوازبوون و دامرکانی دەسەڵاتە ئابوورییەکەی لە بەرامبەر ڕەقیبە تازەکانیدا بە هێزی نیزامی و بە پەرەپێدانی میلیتاریزم بەسەر جیهانی دوای شەڕی سارددا قەرەبوو بکاتەوە، بەڵام ئەم ڕێگایەش، سەرەڕای بەهای ماددی و گیانیی یەکجار زۆر نەیتوانی ئامانجەکەی وەدی بێنێت و لەئێستادا زیاتر لە هەموو کاتێک مەترسیی زاڵبوونی ئابووریی چین لە بەرامبەر خۆیدا دەبینێت. بەڵام ئێستا لە قامەتی سەرهەڵدانی دیاردەیەک بەناوی “ترامپیسم”دا شایەدی گۆڕانکارییەکی بەرچاوین لە سیاسەتەکانی ئەمریکادا بۆ پاراستنی هەژمۆنیی خۆی لە بواری ئابووری و سیاسەتی جیهانیدا. ئەم گۆڕانکارییە کە لە ماوەیەکی زۆردا ڕوویداوە، لە ناتەباییە سروشتییەکانی سەرمایەداری و لە قەیرانە بەربڵاوەکانییەوە سەرچاوە دەگرێت. وە لە ڕاستیدا بەرهەمی پرۆسەی شکستی سیاسەتە نیولیبراڵییەکان لە جیهان، سەرهەڵدانی بزووتنەوە نیوفاشیستەکان و ڕێکخستنەوەی هێزە ئیمپریالیستەکان بۆ بەدەستهێنانی پشکی زیاتر و پاراستنی دەسەڵاتیانە. ئەگەر سەردەمانێک نیولیبرالیزم لەڕێگەی بەتایبەتی کردن، سەپاندنی ڕیازەتی ئابووری بەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵک، بڕینی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، پێکهێنانی سنوور بۆ حکوومەتەکان و هیتر، “ڕێگاچارەیەک” بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ قەیرانە بنەڕەتییەکانی سەرمایەداری بوو، بەڵام لەئێستادا هەم وەک مۆدێلێک بۆ گەشەکردنی سەرمایەداری لە بواری ناوخۆیی و هەم وەک مۆدێلێک بۆ بەجیهانی کردن، گەیشتووەتە بنبەست. ئەو بێسەرەوبەرەییەی ئەمڕۆ لە بەرامبەر ئیدیعای “نەزمی نوێدا” جیهانی داگرتووە و گەشەی ڕاستی توندئاژۆ و نیوفاسیشت بۆ نموونە سەرهەڵدانی ترامپی لێکەوتووەتەوە، بەرهەمی ئەم ڕەوتەیە.

لەم ڕاستایەدا، ئەمریکا وەک گەورەترین هێزی ئابووری بۆ پشتیوانیکردنی پیشەسازیی ناوخۆیی ڕووی کردووەتە شەڕی تەعرەفەکان لە دژی ڕکابەرە جیهانییەکانی. کێبڕکێی نێوان زلهێزە جیهانییەکانی وەک ئەمریکا، یەکێتیی ئەورووپا، چین، ڕووسیا و وڵاتانی دیکەی “بریکس” لە بواری ئابووری، تەکنەلۆژی و سەربازیدا، نیشانەی چڕبوونەوەی کێبڕکێیە لەسەر کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی وزە، تەکنەلۆژیای نوێ لەوانە ژیریی دەستکرد و هیتر. پەرەپێدانی نفوزی سیاسی و ئابووری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەکێکە لە مەیدانەکانی ئەم کێبڕکێیە کە ئەم ناوچەیەی کردووە جەهەنەم بۆ دانیشتووانی. چین بە پڕۆژەکانی وەک “پشتێن و ڕێگا” لە حاڵی پەرەپێدانی نفووزی ئابووری خۆی لە ئەفریقا، ئاسیا، ئەمریکای لاتین و سەرانسەری جیهانە. وە لەم نێوەندەدا، ترامپ بۆ ئەوەی بتوانێت هەژموونی خۆی بپارێزێت، فشاری خستووەتە سەر یەکێتی ئەوروپا بۆ کەمکردنەوەی تێچووی دارایی خۆی، لەوانە تێچووی بەرینی ناتۆ و زیاتر لە ٧٠٠ بنکەی سەربازی لە ئەوروپا و لە سەرانسەری جیهان. وە هەوڵدەدات بە دانوستان لەگەڵ پوتین هەزینەی یەکجار زۆری یارمەتییەکان بۆ ئۆکراین کەم بکاتەوە. بەڵام ئەگەر ئەم قەیرانانە و ئەم بارودۆخە شڵەژاوەی جیهانی سەرمایە بووەتە هۆی پەرەسەندنی ڕەوتە ڕاستە توندڕەوەکان و داسەپانی زیاتری بەربەرییەتی سەرمایە بەسەر مرۆڤایەتیدا، هاوکات هێزە چەپ و ڕادیکاڵەکان، خەباتی کرێکاری و ڕزگاری بەخشیش گەشەی کردووە و بزووتنەوە بەرینەکانی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاران لەدژی سیاسەتی دژەکرێکاریی دەوڵەتەکان و خاوەنانی سەرمایە و پیشەسازی و کۆمپانیا فرەنەتەوەییەکان لە سەرتاسەری جیهان تا دێت زیاتر پەرە دەستێنێت.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانە سیاسییەکاندا باس لە بارودۆخی گرینگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەت ناوەندە سەرەکییەکانی ئەم قەیرانە فەلەستین، تورکیە و سووریە کرا.

فەلەستین: دوو ساڵ جینۆساید و تاوانی شەڕ لەلایەن حکوومەتی داگیرکەری ئیسرائیل بەهاوکاری ئەمریکا دژبە خەڵکی فەلەستین لە کەرتی غەززە و کۆمەڵکوژی زیاتر لە پەنجا هەزار کەس لەم کەرتەدا و وێرانکردنی زۆربەی ژێرخانەکان و ماڵەکانی خەڵک، ئاوارەکردنی ملیۆنان کەس، دواجاریش “ئاگربەستی ناجێگیر” بەو مانایەی کە کوشتاری خەڵک لە دوای ئەویش درێژەی بووە، هەتا ئێستا نەیانتوانیوە قەیرانەکانی ئەم ناوچەیە چارەسەر بکەن. لەئێستادا خەڵکی فەلەستین لەگەڵ پیلانی کۆچ پێکردنی زۆرەملی دانیشتووانی کەرتی غەززە بۆ میسر و ئۆردۆن بەرەوڕوون، کە لە ڕاستیدا درێژەپێدەری هەمان سیاسەتی جینۆسایدە لەم ناوچەیەدا. بەڵام لە کاتێکدا کە حکوومەتەکانی ئەمریکا، ئاڵمان، بریتانیا و هتد بەردەوامن لە بەرگریکردن لە سیاسەتی ڕەگەزپەرستانە و فراوانخوازییەکانی نەتانیاهۆ، بزووتنەوەیەکی جەماوەری بۆ هاوپشتی و بەرگریکردن لە ماف و ئازادیی فەلەستین هەمیشە لە مەیداندا بووە. ئەم بزووتنەوەیە، هاوپشتیی جیهانی بە قازانجی خەباتی مافخوازانە و ئازادیبەخشی کرێکاران و نەتەوەی سەملێکراوی فەلەستین و مەحکووم کردنی سیاسەتی ڕەگەزپەرستانەی دەوڵەتی ئیسرائیلی لێکەوتووەتەوە. لەم پەیوەندییەدا پلێنۆم لەسەر گرینگیی بەهێزکردنی بزووتنەوەی هاوپشتیی جیهانی لەگەڵ نەتەوەی فەلەستین و پەیوەست بوونی کرێکاران و خەڵکی تێکۆشەر بەم بزووتنەوە جیهانی و ئازادیخوازانەیە تەئکیدی کرد.