فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاپۆرتی سیاسیی پلێنۆمی سێهەمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران – بەشی سێهەم
چوارشەممە ۲۷-۰۱-۱۴۰۴   |  16-04-2025

سێهەمین کۆبوونەوەی بەرینی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٤ کە لە ناوەڕاستی مانگی خاکەلێوەی ١٤٠٤دا بەڕێوەچوو، لە درێژەی باسە سیاسییەکانیدا تیشکی خستە سەر بارودۆخی سیاسیی ئێران. کۆمەڵگای ئێران لە بەردەم ئاڵوگۆڕی چارەنووسسازدایە و چاوخشاندنێک بە ڕەوتی بابەتیی دۆخەکە دەریدەخات کە هەموو ئەو پێشمەرجە ئابووری و کۆمەڵایەتییانەی کە پێویستن بۆ قۆناغێکی شۆڕشگێڕانە نەک هەر بوونیان هەیە، بەڵکو چڕتر بوونەتەوە. قوڵبوونەوە و هەمەلایەنە بوونی قەیرانی ئابووری، بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و خزمەتگوزارییەکانی وەک بەرق و ئاو و بەنزین و ئەو کاڵایانەی کە ڕۆژانە لەلایەن کرێکاران و توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگاوە بەکاردەهێنرێن، پەرەسەندنی بێکاری و گیرۆدەبوون بە ماددەی هۆشبەر و ئازارە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە، قووڵبوونەوەی بۆشایی نێوان هەژاری و سەروەت و حەقدەستی سێ قات ژێر هێڵی هەژاری، کاریگەرییەکانی ئەم بارودۆخە لەسەر ژیان و گوەزرانی بنەماڵەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگا، لەناوچوونی ژێرخانە ئابوورییەکان و گەندەڵی و دزیی بەرینی کاربەدەستانی حکوومەت و هاتنەخواری بێوێنەی بەهای دراوی ناوخۆیی، ئابووریی ئێرانی گەیاندووەتە لێواری داڕمان. ڕژیم لەم هەلومەرجەدا نەک هەر ڕێگاچارەیەکی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانی هەمەلایەنەی ئابووری، کۆمەڵایەتی و ژینگەیی نییە، بەڵکوو خۆی هۆکاری پەرەسەندنی ئەم قەیرانانەیە و گەشەی ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاران و بزووتنەوەکانی ناڕەزایەتی و داخوازی، ڕژیمیان زیاتر لە هەموو کاتێک خستووەتە تەنگانەوە.

ئاستەنگ و فشارەکانی کۆماری ئیسلامی تەنیا بەهۆی قەیرانی ئابووری و بەهۆی هێرشی ئەو بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و پێشڕەوانەوە نییە کە هەتا ئێستا چەندین جار پایەکانی دەسەڵاتیان خستووەتە لەرزە. بەڵکوو فشاری دەرەکی، گەمارۆکان و کورت بوونەوەی دەستی ڕژیم لە “هیلالی شیعە” لە لۆبنان و سووریە، یەمەن و شوێنەکانی تریش بەم فشار و ئاستەنگییانەی کۆماری ئیسلامیی زیاد کردووە. کۆماری ئیسلامی لە هەموو ئەو هاوکێشانەی کە لەم ماوەیەدا لە ناوچەکەدا ڕوویانداوە، دۆڕاوی سەرەکی بووە. ڕژیم لە هاوکێشە نێونەتەوەییەکان جیا لە ئامرازی فشاری “میحوەری موقاومەت”، بە هەڕەشەی دەستڕاگەیشتن بە بۆمبی ئەتۆمیش پشت ئەستوور بووە. بەڵام لەم بوارەشدا لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانانییەوە یەکجار کەوتووەتە ژێر فشارەوە. پڕۆژەی “فشاری زۆرینە”ی ترامپ بەجۆرێک داڕێژراوە کە ئیمکانی دەستڕاگەیشتنی ڕژیم بە چەکی ئەتۆمی لەناوبەرێت. لەم ڕووەوە تەنیا چەکی ڕژیم بۆ ڕاگرتنی دەسەڵاتەکەی، تەفرەقە دروست کردن لە نێوان خەڵک بە بیانووی جیاوازیی نەتەوەیی و ئایینی و بەکارهێنانی زەرفییەتەکانی سەرکوتێتی. تا بتوانێ لەم ڕێگەوە هەم پاشەکشە بە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی کۆمەڵگا بکات و هەم پۆتانسیەلی دژەشۆڕش بوونی خۆی، کە خوازراوی دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکانە، بە ئەوان نیشان بدات. ئەم فاکتۆرانەی باسیان لێکرا، کۆماری ئیسلامییان خستووەتە سەر دوو ڕێگای تەسلیمبوون و سازان لەگەڵ ئەمریکا و ڕۆژاوا یان درێژەی ماجەراوجوییەکانی بە هیوای پشتوانی کردنی ڕووسیە و چین. کە پێدەچێت سەرەڕای ئیدیعا ناتەباکانی خامنەیی، بۆ ڕاگرتنی دەسەڵاتەکەی، لە کۆتاییدا بژاردەی “نەرمشی قارەمانانە” لە بەرامبەر ئەمریکادا بگرێتە بەر.

بارودۆخی ئێستا و لاوازبوونی حکوومەت، هاوسەنگی هێزی لە نێوان خەڵک و حکوومەتدا گۆڕیوە و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی خستۆتە پێگەیەکی هێرشبەرانەتر و باشترەوە. ژنان بێباکانە حیجاب هێمای ئیدئۆلۆژی کۆماری ئیسلامی دەخەنە ژێر پێ. سیاسەتی فشار و هێرشی ڕێکخراوی ڕژیم بۆسەر ژنان لەگەڵ خەبات و خۆڕاگریی بەردەوام بەرەوڕووە. ڕژیم نەیوێرا گەڵاڵەی “حیجاب و عیفاف” کە هەموو قۆناغەکانی پەسەندکردن و جێبەجێ کردنی تەواو کردبوو  بەڕێوەی بەرێت. بەڵام تۆڵەی خۆی لەڕێگەی دەرکردنی حوکم بۆ چالاکانی مەدەنیی ژن و دەستگیری و بانگکردن و هەڕەشەکردن لە چالاکانی دیکەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، بەشێوەیەکی داماوانە بەرەوپێش بردووە کە هیچ کاریگەرییەکیان نەبووە. مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری بەشێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەندووە. زیندانەکانی ڕژیم نەتەنیا نەیانتوانیوە چالاکانی بەندکراو بێدەنگ بکەن بەڵکوو دەنگ و هاواری ئەوان هەموو ڕۆژێ دەبیسترێ. مانگرتنی بەندکراوان لە هەڵمەتی “سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام” کە لە مانگی بەفرانباری ١٤٠٢ەوە دەستی پێکرد بۆ زیاتر لە ٣٨ زیندانی ئێران پەرەی سەندووە. خانەنشینان، پەروەردەکاران، پەرستاران، خوێندکاران و نەوەی گەنج بە شێوەی جۆراوجۆر و بە داهێنانی نوێ ناڕەزایەتی و بێزاری خۆیان لە ڕژیم دەردەبڕن. ڕێوڕەسمە سیاسی – فەرهەنگیەکانی “نەورۆز” دەگۆڕێت بۆ کۆبوونەوەی ملیۆنان کەس لە کوردستان و شارەکانی دیکەی ئێران و هەموو ئەم ئاڵوگۆڕانە نیشانەی درێژەی قۆناغێکی شۆڕشگێڕانەیە کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی تۆقاندووە.

بەڵام ڕوونە کە قۆناغی شۆڕشگێڕانە و بە سەرکەوتن گەیاندنی، لە گرەوی بەشداریی هوشیارانە و ڕێکخستنی چینی کرێکاری ئێران و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندایە. چینی کرێکار تەنیا کاتێک دەتوانێ ئەرکی شۆڕشگێڕانەی خۆی لەم قۆناغەدا بەجێ بێنێ کە ڕێگای چوونەدەر لەم بارودۆخە فەلاکەتبارەی کۆمەڵگا، نەک لە پاراستنی موناسباتی سیاسی و چینایەتیی خۆی، بەڵکوو لە ڕاپەڕینێکی شۆڕشگێڕانە بەدژی نەزمی ئێستادا ببینێت. ئەم ئاڵوگۆڕە لە هوشیاری و زەینییەتی چینی کرێکار و لە ڕێکخستنی ئەم چینەدا دەبێ خۆی نیشان بدات. بەڵام لەم بوارەدا چینی کرێکاری ئێران لەگەڵ بەربەستی گەورە بەرەوڕووە. سەرکوتی بەرین، هەژاریی پێکهاتەیی کە تێچووی سەرکوتی بۆ چینی کرێکار یەکجار بردووەتە سەرێ و پەرەسەندنی شیرکەتە پەیمانکارییەکان و گرێبەستی کاتی و سپی ئیمزا و نائەمنیی پیشە، لە گەورەترین بەربەستەکانی سەر ڕێگای ڕێکخستنی چینی کرێکارن. هەروەها توێژە مامناوەندەکانی کۆمەڵگا لە ئاستێکی جەماوەریدا لە مەیداندا نین. نیگەرانی لە دووپات بوونەوەی ئەزموونی شکستی شۆڕشی ٥٧ی هەتاوی، نیگەرانی لە دووپات بوونەوەی ئاخێزە جەماوەرییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نیگەرانی لە مەترسیی شەڕی ناوخۆیی و سووریەیی بوونی ئێران کە ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی و بەشێک لە هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی بورژوازی پەرەیان پێدەدا، و هەروەها نەبوونی ئاڵتێرناتیڤێکی ڕزگاریبەخشی بەهێز لە گۆڕەپانی سیاسیی کۆمەڵگا کە جەماوەری خەڵک بتوانی پێی هیوادار بێ، لە بەربەستە زەینییەکانی دیکەی هاتنە مەیدانی ئەم توێژەیە لەئاستی جەماوەریدا.

لەم ڕووەوە ئەرکی بەرەی چەپی کۆمەڵگا و سۆسیالیستەکان لە بەرامبەر موناسباتی سەرمایەداری و حکوومەتی سەرمایەی ئیسلامی و پووچەڵکردنەوەی هەوڵی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاست بۆ ئەڵتەرناتیڤ سازی لە سەرەوەی خەڵک، خەبات بۆ ڕێگاچار و بەدیلی کرێکاری و سۆسیالیستییە کە دەبێ بەردەوام تەبلیغی بۆ بکەین و بیکەینە گوتارێکی بەهێز لە ناو کۆمەڵگادا. پێویستە بە نیشاندانی بێتوانایی چارەسەرە لیبڕاڵ و ڕیفۆرمخوازەکان، نیشان بدرێت کە ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی لەسەر بنەمای بابەتی و پراکتیکی واقیعی دامەزراوە. پێویستە نیشان بدرێت کە هێزی کۆمەڵایەتیی وەدیهێنەری سۆسیالیسم، واتە چینی کرێکار کە بە مانگرتن و ناڕەزایەتیی خۆی لە گۆڕەپانی کۆمەڵگادایە، لە ڕەوتی پێگەیشتنی خەبات و ڕێکخستنی ڕێزەکانی خۆیدا زۆرینەی بێبەشان و ستەملێکراوان و ئازادیخوازانی کۆمەڵگا و بزووتنەوە پێشڕوە کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵ خۆی هاوڕێ دەکات، لە حیزب و ڕێکخراوە سیاسی و کۆمۆنیستییەکانی خۆیدا موتەشەکل دەبێت و ئامادەیی ئەنجامدانی ئەم ئەرکە مێژووییە بەدەست دێنێت.

هێزی کۆمەڵایەتی ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی بە شێوەی ناڕەزایەتی و مانگرتنی شکۆمەندانەی کرێکاران، خانەنشینان، مامۆستایان، خوێندکاران، پەرستاران و هەژارانی شارەکان لە مەیداندایە. بەڵام بۆ بەهێزکردنی ڕێکخستنی ئەم هێزە کۆمەڵایەتییە، بۆ بەهێزکردن و یەکڕیزکردنی ئاراستەی سۆسیالیستی لەناو چینی کرێکار، بۆ دامەزراندنی بزووتنەوەیەکی شۆرایی و بۆ دامەزراندنی سۆسیالیزم، پێویستە قۆڵ هەڵماڵین. نابێ ئەوە لەبیر بکەین کە ڕەقیبی سەرەکیی بزووتنەوەی کرێکاری و سۆسیالیستی لە خەبات بۆ پێکهێنانی ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی لە خەبات بۆ شکڵدان بە ئەڵتەرناتیڤی حکوومەتی، ڕەوتەکانی ئۆپۆزیسیۆنی نیولیبرالی بورژوایی و کۆماریخوازانن و حیزبە ناسیۆنالیستەکان لە کوردستان پایەی نفووزی ئەم بەشە لە ئۆپۆزیسیۆن لە کوردستانن.

ئاڵقەی سەرەکی لە پێشخستنی ستراتیژی سۆسیالیستیدا، ڕێکخستنی چینی کرێکار و یەکگرتوویی ئاراستەی سۆسیالیستییە لەناو ئەم چینەدا. بزووتنەوی کرێکاریی ئێران یەکێک لە چالاکترین بزووتنەوە کرێکارییەکانی جیهانە. بێگومان مانگرتنە کرێکارییەکان لە کارخانە و ناوەندە گەورەکان بە بێ دەورونەخشی کۆمیتەکانی مانگرتن و یان بە بێ پشت بەستنی چالاکان و پێشڕەوانی کرێکاری بە کۆبوونەوەی گشتیی کرێکاری و دەخاڵەتدانی جەماوەری کرێکار لە چارەنووسی ئەم ناڕەزایەتییانە، مومکین نییە. ئەم کۆمیتانەی کارخانە و کۆمیتەکانی مانگرتن و کۆبوونەوە گشتییەکان دەتوانن ببنە چرۆی شۆرا کرێکارییەکان لە داهاتوودا. سیاسەتی سەرەکیی حیزب دەبێ بەهێزکردنی ئەم پڕۆسەیە و یارمەتیدانی بزووتنەوەی کرێکاری بە ڕوانگەیەکی شۆراییەوە بێت. لەپێناو پێشخستنی ستراتێژی سۆسیالیستی و بەسەرەنجدان بە پێگەیەک کە ژنان لە ئاڵوگۆڕە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا هەیانە بزووتنەوەی ڕزگاریی ژن پێویستە پێگەی کۆمەڵایەتیی خۆی لەناو جەماوەری ملیۆنیی ژنانی کرێکار و زەحمەتکێشدا بەهێزتر بکات و ڕێکخراوتر بێتە مەیدانی نەبەردەوە. بزووتنەوەی خوێندکاری تواناییەکی بەرچاوی لە بواری ڕێکخستن و هاوپشتی لەگەڵ باقیی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان لە خۆی نیشان داوە و ئەم ڕەوتە دەبێ بەهێز بکرێت. بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان بە بەشداریی بەرچاوی خۆی لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سەرتاسەریی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی و بە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوە شکۆدارەکانی نەورۆزی ئەمساڵ بۆ جارێکی تر نیشانی دا کە پایەکی سەرەکی هەر ئاڵوگۆڕێکی سیاسی و شۆڕشگێڕانە لە ئێرانە. گەشەپێدان و بەهێزکردنی پەیوەندیی ئەم بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییانە دەتوانێ بەستێنەکانی مانگرتنە سیاسییە جەماوەرییەکان لە سەرتاسەری ئێران ئامادە بکات. ئەو مانگرتنانەی کە ئاوێتەی ڕێپێوانی سەر شەقام و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتین دەتوانن دەزگای سیاسی، ئیداری و ئابووریی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئیفلیج و زەمینگیر بکەن. مانگرتنی سیاسیی جەماوەری کە مانگرتنی کرێکاری بڕبڕەی پشتیەتی، دەتوانێ ڕیزی هێزە چەکدارەکان و سپای پاسداران بشێوێنێ. ناکۆکیی ناو ئەم هێزانە قووڵتر بکاتەوە و هێزی سەرکوتیان زەمینگیر بکات و بەستێنەکانی ڕێکخستنی ڕاپەڕین و ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئامادە بکات. بۆ پێشڕەویی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا و لەپێناو هەوڵ بۆ پێکهێنانی بەدیلی سۆسیالیستی، بابەتی ڕێبەریی سیاسیی سەرتاسەری یەکجار گرینگ بووەتەوە.

لە هەمان کاتدا بزووتنەوەی کۆمۆنیستیی موتەحەزب و ڕێکخراو و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، لە ڕێگەی وڵامدانەوە بە پێویستیی ئەم بزووتنەوە واقعییانەی ناو کۆمەڵگا دەتوانن لەگەڵ بزووتنەوەی چەپی کۆمەڵایەتی بە یەک بگەن. مێکانیسمی قایمتر کردنی پەیوەندی هێزە موتەحەزبەکانی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی لەگەڵ ئەم چەپە کۆمەڵایەتییە، وڵامدانەوەی هاوبەش بە کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەم بزووتنەوە ڕاستەقینەکانی ناو کۆمەڵگایە. پێویستە لەم ڕێگەوە هەوڵ بدرێت کە پەیوەندییە سیاسی و مەعنەوییەکانی ئێستا بکرێنە پەیوەندییەکی زیندوو و ئۆرگانیک.