
بەپێی ڕاپۆرتەکان، مەترسیی جێبەجێکردنی حوکمی ئێعدامی “حەمید حسێن نژاد حەیدەرانلوو”، بەندکراوی سیاسی تەمەن ۴۰ ساڵ و خەڵکی گوندی “سەگریک”ی سەر بە شاری چالدێران لە ئارادایە. ناوبراو لەڕۆژی سێشەممە ۲۷ی خاکەلێوەوە بۆ ژووری تاکەکەسی زیندانی ناوەندیی ورمێ گواستراوەتەوە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی حەیدەرانلوو، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە پارێزەری ئەو بەندکراوە سیاسییەیان ڕاگەیاندووە کە حوکمی ئێعدامی ناوبراو، بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینی ۲۹ی خاکەلێوە جێبەجێ دەکرێت. جێگای ئاماژەیە، ناوەڕاستی مانگی پووشپەڕی ساڵی ١٤٠٣، حەمید حسێن نژاد حەیدەرانلوو لە لایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی ورمێ بە تۆمەتی “بەغی” لە ڕێگای ئەندامێتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان بەبێ نیشاندانی بەڵگەی پێویست و تەنیا بە “زانستی دادوەر” لە دادگایەکی چەند خولەکیدا، حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپێندرابوو. ئەو حوکمە لەئاکامدا لە لایەن لقی ۹ی دیوانی باڵای ڕژیمەوە پشتڕاست کرایەوە و ڕۆژی چوارشەممە ۶ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، بەشێوەی فەرمی لە زیندانی ناوەندیی ورێ بە ناوبراو ڕاگەیێندرا.